کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی 2ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

16:36 - 1 رێبەندان 2718

(کۆماری کوردستان، لاپەڕەیەک لە مێژوو و چرایەک بۆ داهاتوو) هاونیشتمانییان و خەڵکی خەباتکاری کوردستان! حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان و ئێران! لە ڕۆژی مێژوویی 2ی ڕێبەندان، ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان نیزیک دەبینەوە. کۆماری کوردستان وەک یەکەم کیانی سیاسیی کورد لە فۆڕمی کۆماریدا جێگەیەکی تایبەتیی لە مێژووی نەتەوەکەماندا هەیە، ڕووداوێک و مێژوویەک کە لە کاتی خۆیدا بووە ڕەمزی یەکیەتی و یەکبوونی نەتەوەی کورد و ئێستاش دوای 73 ساڵ تێپەڕینی کات، نەک نەبووەتە بیروەری؛ بگرە هەروا نوێنگەی یەکیەتیی نەتەوەکەمانە. ئەو بنچینە سەرەکییەی کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزرا، کوردستانیبوون و شوناسخوازیی کورد بە باوەڕهەبوونی بە دێموکراسی بوو، گوتارێکی پێشکەوتنخوازانە کە لەو سەردەمدا چەند قەڵەمبازێک لە پێشەوەی نیزامە سیاسییەکانی دەوروبەری خۆی بوو. بنچینە و باوەڕێک کە دوای حەوت دەیە ئێستاش هەم هەوێنی یەکبوونی کورد و هێزە سیاسییەکانی و، هەم ئەوەیکە ئازادی و دێموکراسی و دابینکردنی مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان وەک گوتاری کۆمار؛ داوای هاوبەشی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کۆماری کوردستان بزووتنەوەیەکی سەردەمیانە لە کاتی خۆیدا و دەسکەوتێکی نەتەوەییە بۆ ئێستا و، ئەزموونێکی بەنرخیشە بۆ پرسی خۆبەڕێوەبەریی کورد و؛ لە هەمانکاتدا میراتی مێژوویەکی هاوبەشە بۆ دەوڵەتداریی کوردی. تەمەنی کورتخایەنی کەمتر لە ساڵێک، بەڵام کار و کارنامەیەکی درەوشاوە لە خزمەتکردنی خەڵک و سیاسەت و ڕوانگەی کۆماری کوردستان بۆ دەسەڵات و داهاتووی وڵات هیندە پڕ و پڕبایەخە کە ئێستاش بە هیوای دووبارە بنیاتنانەوە و وەدیهێنانەوەی کیانێکی سیاسیی لەو چەشنە بین. ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی و ئیداری لەو کۆمارە ساوایەدا، بۆ هەر دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە سەردەمی ئێستاشدا، دەتوانێ جێگای لێ فێربوون بێ. ڕێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی، زمانی و ئایینی و پێکەوەژیانیان لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لە یەکتر، باوەڕ بە ئازادیی بیروڕادەربڕین، گرینگیدان بە بووژاندنەوەی کولتوور و هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەیی، خوێندنی بەخۆڕایی، هاندانی کچان بۆ خوێندن و بەڕەسمی ناسین و جیبەجێکردنی خوێندن بە زمانی دایک نەک هەر بۆ مندالانی کورد بەڵکوو بۆ کەمایەتییە زمانییەکانی دیکە، بڕەوپێدانی گیانی وێکهەڵکردن لە نێوان دانیشتوانی شار و گوند و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان و بە هێزکردنی کولتووری پاڵوێکدان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی، پێشوازی و باوەشکردنەوە بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەکانی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە و بوار ڕەخساندن بۆ خزمەتکردنیان بەو کۆمارە، گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی میللیی ئازەربایجان و ئازەرییەکان و پێشنیاری هاوکاری و هاوپەیمانەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمنی هاوبەش، لە ئەزموونە بە نرخەکانی ئەو دەسەڵاتە کوردییەن. ئەم کۆمارە بە هەڵکردن و ڕەسمیەتدان بە ئالای کوردستان و داهێنانی سروودی نەتەوەیی و چەمکی پێشمەرگە، کۆمەڵێک بۆشایی لە گیان و هزری نەتەوەیی و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا پڕ کردەوە. بەڵام ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان لە شوێنی دیکەش هەم جێی تێڕامانن و هەم لێ فێربوون. هەوڵدان بۆ یەکبوون و تەبایی، ڕێزگرتن لە فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگە و دەستنانە نێو دەستی یەکتر بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نەتەوەیی وانەگەلێکن کە ئێستاش دەبێ ڕێنیشاندەر و لەبەرچاومان بن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە چاوی بایەخەوە لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان و ئەم واقعە گرینگە مێژووییە دەڕوانێ و پێی وایە کە پێویستە بێ لەبەرچاوگرتنی سنوورە فیکری و سیاسییەکان و بێ سەرنجدان بە جیاوازییە ئایینی، زاراوەیی و جۆغرافییەکان، لە دەوری فەلسەفەی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی کۆ ببینەوە. خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە کە لەسەر خاکی خۆیان مافی چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست. ڕوون و ئاشکراشە کە باوەڕ بەو مافە هەموو لایەکمان ئەرکدار دەکا گیانی یەکگرتوویی و هاوپێوەندی لە نێوخۆماندا چ وەک تاکەکانی کۆمەڵ و چ وەک هێز و لایەنە سیاسییەکان، هەر چی زیاتر بەهێزتر بکەین. کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوژمنی هاوبەش و دەسەڵاتی نگریسی زاڵ بەسەر ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ هەموو حاشاکردنێکی لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و، سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان و هەروەها زاڵکردنی کەشی سەرکوت و تۆقاندن؛ لەوەش خافڵ نەبووە هەتا بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و ناکۆکی پێش بە یەکڕیزی و یەکیەتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان بگرێ. وە لە ئێستاشدا کە ئەم ڕێژیمە چ لە ئاستی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان و، چ لە ئاستی نێوخۆییدا بەرەوڕووی تەنگژە و قەیرانی قووڵ بووەتەوە؛ هەنگاوەکان لە پێناو یەکڕیزی و یەکخستنی پۆتانسیەلی خەباتکاری و شۆڕشگێریمان دەبێ توندتر و خێراتر بن. لەمڕۆدا کە ناڕەزایەتییەکان لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و لە هەموو ڕەهەندەکاندا لە تەقینەوە و کڵپەسەندن دان، لە بارودۆخێکدا کە ئیدی هیچ کاربەدەستێکی ورد و درشتی ڕێژیمیش حاشا لەوە ناکەن هەموو زەرفییەتە نێوخۆییەکانی نیزامی سیاسی هەڵچۆڕاوە و نە ڕێفۆرمی حکومەتی و نە پێستفڕێدان ناتوانن چیدی دادی ئەم ڕێژیمە بدەن؛ لەوەها بارودۆخێکدا هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ بە گوتار و کردەوەی شوناسخوازی و یەکبوون گۆڕانکارییەکان و مافویستیی کۆمەڵانی کوردستان مودیرییەت بکەن. بزووتنەوەی کورد لە ئێران کە پاشخانێکی دەوڵەمەندی وەک کۆماری کوردستانی هەیە، بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازە و ڕچەشکێنی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە سەرەڕۆیە بووە و ڕۆڵی سەرەکیشی دەبێ لە داهاتووی گۆڕانکارییەکان لە کوردستان و ئێراندا. بۆیە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێی وایە بۆ سەرخستنی جووڵانەوەی مافخوازیمان و چێکردنی داهاتوویەکی گەش و پڕهیوا، دەبێ بۆ وانە پڕبایەخەکانی کۆماری کوردستان بگەڕێینەوە کە بریتین لە: پێویستیی یەکیەتی، یەکڕیزی و هاوهەڵویستیی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەهێزکردنی سەنگەری هاوبەشی خەبات لەنێوان حیزبەکان و کۆمەڵانی خەڵک. سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوا قازی محەممەد و دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان! سلاو لە ئامانجە بەرز و ئینسانییەکانی کۆماری کوردستان ! سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی ڕەوا و پڕ شانازیی گەلی کورد لە ئێران! ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران