کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی 36 کۆڵبەر، گیرانی 80 کەس و خۆکوژیی 27 کەس لە مانگی بەفرانباردا

16:42 - 1 رێبەندان 2718

لە ماوەی مانگی بەفرانباری ئەمسا‌دا هەر نەبێ 240 حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون. به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا‌ لانیکەم 36 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی، یان بەهۆی سەرمابردوویی کوژراون و بریندار بوون. لەو 36 کەسە 27 کەسیان بریندار و 9 کۆڵبەریش گیانیان لە دەست داوە. بەمەش ژمارەی ئەم کۆڵبەر و کاسبکارانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و برینداربوون، گەیشتە 211 کەس. لە مانگی بەفرانباردا هەروەها زیندانییەک ئێعدام کراوە و کەسێکی خەڵکی جوانڕۆش سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە. لە ماوەی یەکەم مانگی زستانی ئەمساڵدا هەروەها 80 کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون. لەو مانگەدا 17 زیندانیی سیاسیی کورد دادگایی کراون و سەرجەم سزای 69 ساڵ و چوار مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون، گەیشتە 544 کەس. تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەم مانگەشدا قوربانیی لێکەوتەوە و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 6 کەس. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 58 کەس لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون. لەو مانگەدا هەروەها زیاتر لە 27 کەس هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 18 کەس لەوانی ئاشکرا کردووە. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بەهۆی خۆکوژی کۆتاییان بە ژیان هێناوە، گەیشتە 136 کەس. شایانی باسه‌ ئه‌و ئامارانه‌ ته‌نیا به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ ئاماده‌ کراوه‌ که‌ به‌ ده‌ستی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ گه‌یشتوون و ناو و نیشانیان به‌ روونی ئاشکرا کراون، ئه‌گینا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ قوربانیانی سیاسه‌تی توندو تیژی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان زۆر له‌وه‌ زیاترن که‌ لێره‌ دا ناویان هاتوه‌ و ئاماژه‌یان پێ کراوه‌.