کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی چالاکییەکان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە کرماشان

16:50 - 1 رێبەندان 2718

لە شاری کوردپەروەری کرماشان بۆ جارێکی دیکە، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان کە ڕێکەوتە لەگەڵ ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغی کرا. رۆژی ڕابردوو ٣٠ی بەفرانبار بەشێکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات لە گەورە شاری کرماشان بە بەڕێوەبردنی چالاکییەکی دیکە، پێشوازییان لە بۆنەی نەتەوەیی ٢ی ڕێبەندان کرد. لەو چالاکییە‌دا کە لە گەڕەک و شەقامەکانی کرماشان و بلووار تاقەوسان بەڕێوەچوو، بە شێوەی بەربڵاو تڕاکت و نووسراوەی پێوەندی‌دار بڵاوکرایەوە. تێکۆشەرانی کرماشانی سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو شارە، لە نووسراو و تڕاکتەکانی خۆیاندا وێڕای پیرۆزبایی کردنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، سڵاویان بۆ پێشەوا قازی محەممەد یەکەم ڕەئیس جمهووری کورد ناردوە. شیاوی باسە لە دەسپێکی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ئەمە سێیەمین جارە، کە دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شار و پارێزگای کرماشان چالاکیی تەبلیغی دەکەن. هەر بۆیە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بەچاوی ڕێزەوە سەیری تێکۆشانیان دەکات و سڵاوی شۆڕشگێڕانەیان بۆ دەنێرێ.