کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی کتوپڕی دیپڵۆماتەکانی ئورووپایی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران

21:04 - 1 رێبەندان 2718

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی "ڕۆیتێرز"، مێدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرایان کرد کە دیپڵۆماتەکانی ئورووپایی کە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیان کردووە، هەڵگری پەیامێک بوون بۆ سەپاندنی گەمارۆ تازەکانی ئورووپا دژی بەرنامەی مووشەکیی و هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران. ڕۆژنامەی " ئێران" لە ڕاپۆرتێکی تایبەت دا، لە ژێر سەردێڕی سەردانی لەناکاوی دیپڵۆماتەکانی ئورووپایی لە دەفتەری "عێراقچی" نووسی: ١٠ ڕۆژ پێش ئێستا یەکیەتی ئورووپا ڕایگەیاند کە بەشێک لە وەزارەتی ئیتلاعات و دوو کەس بە نێوەکانی " سەعید هاشمی موقەددەم و ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" کەوتنە لیستی تێرۆری یەکیەتی ئورووپاوە. ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا بوو کە سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە دانیشتنێکی دووقۆڵی نێوان ئورووپا و ئێران لە وەزارەت دەرەوەی ئێران کردبوو کە پێوەندی بە گەمارۆکانی ئوروپاوە هەبوو. ئێستا سەرچاوە دیپڵۆماسیەکانی ئورووپایی و ئێرانی باس لەو مسەلەیە دەکەن و ڕۆیتیرز لەو بارەوە وردتر باسی لەو بابەتە کردووە و ڕایگەیاند کە کێشە و ناکۆکی ئێران و ئورووپا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، لە سەر گەمارۆکانی ئەمریکا نەبووە وبەڵکوو ئەو ناکۆکییە پێوەندی بە چالاکیی مووشەکیی ئێرانەوە هەبووە.