کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«بەرەی یەکگرتووی کورد» بە بۆنەی ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامێکی ڕوو بە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە

21:06 - 1 رێبەندان 2718

"بەرەی یەکگرتووی کورد" بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان پەیامێکی لە ژێرناوی" کۆماری کوردستان؛ قۆناغێکی زێڕین لە وشیاری نەتەوایەتی" بڵاو کردەوە کە تێیدا "کۆماری کوردستان" وەکوو خاڵێکی زێڕین و گرینگ لە مێژوی خەباتی گەلی کورد ئاماژەی پێدراوە. دەقی پەیامی "بەرەی یەکگرتووی کورد" کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بڵاوبۆوەتەوە بەم شێوەیە؛ لە مێژووی ئێراندا ئەو ڕووداوانەی کە بوونەتە ھۆی گۆڕانکاری، وەرچەرخان و بەخشینی شوناس، ھێندەن کە دەکرێ وەک خاڵی بەرچاو لێییان بڕواندرێ. کۆماری کوردستان لەو دەرفەتانە بوو کە لە سەردەمێکی ھەستیاری مێژوویدا؛ ⁃ لە لایەکەوە بۆ پارێزگاری لە کیانی کورد لە ھەمبەر دەسەڵاتی پاشایەتی پەھلەوی دامەزرا، ئەو دەسەڵاتەی کە گوتاری سیاسی خۆی لە چوارچێوەی جۆرێک ناسیۆنالیسمی دەمارگرژانەی قەومیدا پێناسە دەکرد کە «دیگەری»ەکەی پێکھاتە جیاوازە نەتەوەییەکانی ئێران بوو، کوردیش یەک لەو پێکھاتانە بوو کە کەوتبووە بەر ھەڵمەتی سڕینەوەی ئەم جیاوازیە ئیتنیکی و نەتەوایەتیانە. ⁃ لە لایەکی دیکەشەوە حەولێک بوو، بۆ پاراستنی ئەم بەشەی وڵات لە کەم کردنەوەی خەسارەکانی داگیرکاری سۆڤیەت کە دوای ھەڵوەشانەوەی حکوومەتە بێ بنەماکەی پەھلەوی کەوتە بەر ھەڕەشەی زل ھێزەکانی ئەو سەردەم. جگە لە ئەمانە، کۆماری کوردستان لە یەکەمین دەنگەکانی کۆماری خوازی، پاش دووھەزار ساڵ دەسەڵاتی پاشایەتی بوو، بۆ سەقامگیری «دێمۆکراسی بۆ ئێران» و «خودموختاری بۆ کوردستان»، وەک دوو دروشم و بنەمای سەردەم و واقع بینانە لە پێناو چارەسەری پرسەکانی ئێران و لە سەروی ھەموان، پرسی پێکھاتە نەتەوەییەکان و دەسەڵاتدارێتی لەم وڵاتەدا. «بەرەی یەکگرتووی کورد»، «کۆماری کوردستان» وەک قۆناغێکی زێڕین لە وشیاری نەتەوایەتی گەلی کورد بۆ پارستن لە گەزەندی داگیرکەرانی بیانی و خەبات دژ بە رژیمی پاشایەتی و سەقامگیری یەکەم دەسەڵاتی کۆماری لە ئێراندا دەزانێ و پێی وایە دەسەڵاتی پاش ئەم رژیمە، واتە «کۆماری ئیسلامی» کە بەرھەمی شۆڕشێکی گەلی بوو، دەبوایە و پێویستە ڕێز بۆ ئەم دەسکەوتە مێژوویەی کوردستان وەک بەشێکی گرینگ لە خەبات دژی ئیستبداد دابنێ و وەک ھەموو بزووتنەوەکانی دژ بە پاشایەتی و دیکتاتۆری، بۆ وێنە «بزووتنەوەی جەنگەڵ»، کە لە کتێبەکانی قوتابخانەدا گونجاوەو و فیلمی دێکۆمێنتاری و سینەمایی لێ ساز دەکەن و بە شانازیەوە باسی دەکرێ، ڕێزی لێ بگیرێ و، وەک شانازییەکی مێژوویی و وانەیەکی پڕ سەروەری، بە نەوەکانی نوێ بکوترێتەوە. بەرەی یەکگرتووی کورد یەکەمی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی ھەتاوی