کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی جەژنی ٢ی ڕێبەندان ٧٣هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی سوئێد

21:53 - 1 رێبەندان 2718

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی مانگی یەکی ٢٠١٩ی زایینی بەرامبەر بە ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کورستان لە وڵاتی سوید، بە هاوکاری یەکیەتی‌یەکانی ژنان و لاوان و ناوەندی سویدی- کوردی، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٣هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە برد. لەو ڕێورەسمە دا کە نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و سویدی و کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندام، دۆست و لایانگرانی حیزبمان و سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید تێیدا بەشدار بوون، بە وتەی بەخێرهێنانی میوانان لە لایەن هەردووک بەڕێوەبەری بەرنامەکە هاوڕێیان نەبەز عەلیدووست و خاتوو باوان کەریمی دەستی پێکرد. پاشان سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن کۆڕی هونەری یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا. پاشان ئامادە بووان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان و لە سەرووی هەموویانەوە سێ ڕێبەری شەهیدمان قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی ساتێک بە بیدەنگی راوەستان. پاشان بەڕێز دکتور ئاسۆ حەسەنزادە جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی بەنرخی پێشکەش کرد. بەڕیز د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له سه‌ره‌تای قسه‌کانیدا وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی گرینگیی دووی رێبه‌ندان وه‌ک گرینگترین رووداوی مێژووی نوێی بزوتنه‌وه‌ی کورد که له بیره‌وه‌ریی به‌کۆمه‌ڵی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد دا به‌رزترین و دره‌وشاوه‌ترین جێگای هه‌یه، باسی ئه‌وه‌ی کرد که کۆماری کوردستان له به‌شێكی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌سه‌ر ده‌ستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دامه‌زرا به‌ڵام به‌و ئیراده‌ سه‌روه‌ریخوازه‌ و به‌و دیده‌ فراوانه‌وه که هه‌یبوو، ده‌سکه‌وت و هێماکانی وه‌ک میراتێك بۆ هه‌موو نه‌ته‌و‌ه‌ی کورد به‌جێ ماون. دواتر ناوبراو له‌گه‌ڵ ئاماژه به ئامانج و خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌زموونی کۆماری کوردستان، به وردی باسی رۆڵی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی له داڕشتن و سه‌رخستنی ئه‌م ئه‌زموونه تاقانه‌یه‌ی سه‌روه‌ریی کورد کرد. ناوبراو هه‌روه‌ها ئیشاره‌ی به گرینگترین په‌یام و ئامۆژگارییه‌کانی پێشه‌وای نه‌مر کرد که بریتییه له‌وه که کورد وه‌ک میلله‌تێک باوه‌ڕی به خۆی هه‌بێ و سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌ستی به هه‌قی خۆی بزانێ. له باوه‌ڕی پێشه‌وادا کوردستان ماڵی هه‌موو کوردێک بووه، هه‌ربۆیه که‌لتووری هاوپێوه‌ندی و پشتیوانیی نێوان پارچه‌کانی کوردستان به‌بێ ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری یه‌کتر یه‌کێکی دیکه له ده‌رسه‌کانی کۆماری کوردستانه. جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان دواتر وێڕای رێزدانان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و کاروانه رزگاریخوازانه‌یه که له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له‌دوای رووخانی کۆماره‌وه درێژه‌ی هه‌بووه، ئه‌و هه‌قیقه‌ته تاڵه‌ی وه‌بیر هێنایه‌وه که گرینگترین وه‌سیه‌تی پێشه‌وا که بریتی بوو له یه‌كگرتنی نێو ماڵی کورد وه‌ک پێویسته جێبه‌جێ نه‌کراوه و هه‌تا ئه‌مڕۆ میلله‌ته‌که‌مان به هۆکاری جۆربه‌جۆر قوربانیی دابه‌شبوونی نێوخۆیی و ناته‌باییه. له کۆتایی قسه‌کانیدا جێگری سکرتێری گشتیی حیزب وێڕای ئاماژه به بارودۆخی زاڵ به‌سه‌ر هه‌ر کام له پارچه‌کانی کوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی میراتی کۆمار و به‌جێگه‌یاندنی ده‌رس و ئه‌زموونه‌کانی کۆماری کوردستانی کرده‌وه. بە دوای وتەکانی بەڕیز ئاسۆ حەسەنزادە دا وتاری یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو نێدا شابازی،یەوە خوێندرایەوە، ئینجا وتاری یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کاک هیوا عەبدووڵایی،یەوە پێشکەش کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێورەسمە دا پەیامی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید، پەیامی پارتی سوسیال دیموکراتی سوید و فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید لە لایەن نوێنەرانیانەوە خوێندرایەوە. هەروەها ڕیزی ناوی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە خوێندرانەوە کە بە ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی بەشداری ڕێورەسمی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوون لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا سروودی ئافەرین قازی محەممەد و چەند گەڕێکی هەڵپەڕکێی جوانی کوردی لەلایەن کۆڕی هونەری و هەڵپەڕکێی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کران، کە جوانییەکی تایبەتی دا بە ڕێوڕەسمی ئەمساڵمان. بەشی دووهەمی ڕێورەسمی ٢ی ڕێبەندان، ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزرانی حکومەتی کۆماری کوردستان تەرخان کرابوو بۆ گۆرانی و هەڵپەڕکێ. سەرەتای بەشی هونەری بە دەنگی خۆشی کێژووڵەی لاو و بەهرەمەندی دێموکرات خاتوو شنۆ ئەحمەدی بە هاوکاری تیپی هونەری گەردی میدیا، کە هەموویان لاوانی بنەماڵەی خۆڕاگری گەردی،ین دەستی پێکرد. خاتوو شنۆ بە دەنگە و خۆش و زوڵاڵەکەی چەندین گۆرانی ڕەسەنی کوردی بە گوێی ئامادە بووان چڕی کە چێژێکی تایبەتی بە میوانان بەخشی. بە دوای ئەو دا گۆرانیبێژی بە ناوبانگی شاری سلێمانی شیروان عەبدووڵا بە دەنگ و گۆرانییە خۆشەکانی خۆی گەڕی هەڵپەرکێی بەشدارانی ئەو ڕێورەسمەی گەرمتر کرد. بە دوای ئەو دا هونەرمەندی لاوی و دەنگخۆشی دیموکرات کاکە کاروان حەکیمزادە بە پێشکەشی کردنی چەندین مقام و گۆرانی تایبەت و پاشان جۆشدانی گۆرانی هەڵپەڕکێ، بزوات و جووڵەیەکی بێ هاوتای خستە جەستەی کیژ و کوڕ و ژن و پیاوانی ئەوینداری ئازادی و ڕێبوارانی ڕێگای پێشەوا و کۆمار. بڕگەی کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە بە چەندین گۆرانی خۆشی هونەرمەند شیروان عەبدووڵا کە بۆ جار دووهەم هاتەوە سەر شانۆ و بە هەڵپەڕکێی بەشداران تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.