کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێکی دیی پێشمەرگە و شکانێکی دیی دوژمن

23:47 - 1 رێبەندان 2718

لە دەیەی ١٣٦٠ی هەتاوی و بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێڕاق، بەرگریی چەکدارانە یا بەردەوامیی تێکۆشانی چەکدارانە کە چەندین ساڵ بوو کۆماری ئیسلامی بەسەر گەلی کوردیدا سه‌پاندبوو، سەلماندی کە بەپێچەوانەی پروپاگەندەی دوژمنانی گەلی کورد، خەباتی نەتەوەکەمان عامیلێکی سەربەخۆیە و لە هەموو کات و قۆناغێکدا توانای بەربەرەکانی و بەردەوامبوون‌ و خەباتی لەگەڵ دوژمن هەیە. هەر بۆیەش دوژمن زۆری حەول دا کە دوای ئاگربەستی شەڕی ئێران و عێڕاق توانایی و جووڵەی پێشمەرگە ببڕێ، بەڵام پێشمەرگە زۆر لێبڕاوانە لە سەرانسەری کوردستان لە چالاکیی خۆی بەردەوام بوو. ساڵێک دواتر کۆماری ئیسلامی تاکتیکی دیکەی گرتە بەر، بەڵکوو بتوانێ لە ڕێگایەکی دیکەوە پێش بە جموجۆڵی پێشمەرگە و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بگرێ، ئەویش بەکوشتدانی کورد بەدەستی کورد بوو. سیاسەتێک کە لەساڵی ١٣٦٨دا زۆر بە بەربڵاوی خۆی دەرخست و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەلکی لێ وەرگرت. کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبه‌ری ئەو سیاسەتە لە سەرانسەری کوردستان دەستی کرد بە سازکردنی گرووپی بەناو زەربەت بە شێوە و ناوی جۆراوجۆری وەک سەرباز، «سەرباز موعەلیم»، جاش سەرباز، جاش و... بەڵکوو بتوانێ پێش بە جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە بگرێ. لەم ساڵەدا هێزەکانی حیزبی دێموکراتیش بە ئیمانێکی قایمتر لە ساڵانی پێشوو هەر کام بەرەو ناوچەی خۆیان و شیو و دۆڵەکانی کوردستان، هەوراز و نشیوەکانی بەرەو مەڵبەندی خۆیان دەبڕی. لە یەکەم ڕۆژەکانی ناوچە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لە سەرانسەری کوردستان لە نێو هێزە چەکدارەکان و بەتایبەت لە پایەگاکان و گروهه‌کانی زەربەتی ڕێژیم پێک هاتبوو. بۆ نموونە پایەگایەکی ١٥ کەسی ١٢ کەسی کوردیان لێ دادەنا و به‌بێ ئەملاوئەولا بێسیمچیی پایەگایان پاسدار یا بەسیجییەکی غەیری کورد دادەنا و هەموو هەوڵی ڕێژیم نانەوەی دووبەرەکی بوو لە نێو خەڵك و هێزی پێێشمەرگەدا.  لە درێژەی ئەم سیاسەتەشدا و لە هاوینی ١٣٦٨دا و بەتایبەتی دوای شەهیدبوونی ڕێبەری مەزنمان دوکتور قاسملوو لە سەرانسەری کوردستان هێرشی چەکدارانی ڕێژیم بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە داڵاهۆ و شاهۆ تا هێزی ئاگری بەچڕی دەستی پێکرد. گەيیی نوێی ئەم هێرشانە دوو ئامانجی لەپشت بوو. یەکەم دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو بەخەیاڵی خۆیان پێیان وابوو ورەی پێشمەرگە ڕووخاوە و دەتوانن ئاسان زەفەریان پێ ببەن، دووهەم هەرچی لەو شەڕ و لێکدانەشدا کوژرابا هەر لە گه‌لی کورد بوو. لە «هەگبەی شاخ شۆڕش»ی ئەمجارەدا گۆشەیەکی چووکە لە قاره‌مانیی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچەی سەقز لە هێزی دووی ڕێبەندان باس دەکەین. پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دووی کوردستان لەبەر ئەوەی ناوچە سنوورییەکان بە هێز و زۆری هەر دوو وڵات (ئێران‌ و عێڕاق) تەنرابوو، لە مانگی پووشپەڕدا بۆ ناوچەی خۆیان گەڕانەوە. سەردانی گوندەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵكی ئەو ناوچەیە و خۆپاراستن لە پیلانەکانی دوژمن بەرنامەی کاری شەو و ڕۆژیی ئەوان بوو. تا ئەوەی دواجار دوژمن بە شوێنەکەیانی زانی و لە ڕۆژەکانی ٩ و١٠ی گەلاوێژدا لە پشتی ئاواییەکانی مازوار، سرنجاخ و قشڵاق لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز هێرشی کردنە سەر. کاتێک هێزی پێشمەرگە هەستیان بە هێرشی دوژمن کرد، دەستوبرد و دەمودەست وەخۆ کەوتن و دەستیان بەسەر هەموو شوێنە ستراتیژیکەکانی زاڵ بەسەر مەیدانی شەڕگە ‌داگرت و وەک هەڵۆیەکی بەرزەفڕ جموجۆڵی دوژمنیان گرتە ژێر چاودێریی خۆیانەوە. لەگەڵ نیزیکبوونەوەی هێزی دوژمن لە هەموو لایەکەوە ئاورباران کران. شاڵاوی هێرشی دوژمن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ درێژەی هەبوو و هەموو جارێکیش هەر بەرەوڕووی شکان دەبۆوە. لەو شەڕەدا زیاتر لە ٥٠ کەس لە دوژمن کوژران و دەیان کەسیش بەدیل گیران، هەروەها دەیان قەبزە چەکی چۆراوجۆر وەک دەسکەوت بەنەسیبی هێزی پێشمەرگە بوون. شکستی زەبووبانەی دوژمن نرخەکەی گیانی دوو ڕۆڵەی بە جەرگی نیشتمان بە ناوەکانی تەورێز ڕەحمانی» ناوسراو بە چنوور و پێشمەرگەیەکی دی بەناوی «ماشه‌ڵڵا محەمەدی» بوو. بەڵام ئەمە کۆتایی داستان نەبوو. دوای شەڕی ئەو دوو ڕۆژە پێشمەرگەکان واتە ڕۆژی ١٣ی گه‌لاوێژ بۆ پشوودان ڕوو لە پشتی ئاوایی جەوشەن لەناوچەی سەرشیو دەکەن. لە لایەکی دیکەوه‌ هێزی ڕێژیم کە زەبری کاریگەری وێ کەوتبوو لە زۆر ناوچەی دیکە و بە چەندین گرووهی زەربەتەوە تەنیا دوو ڕۆژ دوای شەڕەکە شوێنی پێشمەرگەکانی لە پشتی ئاوایی جەوشەن دۆزییەوە و کاتژمێری ٥ی بەیانی بە پشتیوانیی تۆپخانەیەکی قورس پەلاماری دان. جیاوازیی ئەو ڕۆژە لەگەڵ دوو ڕۆژی پێشتر لەوەدا بوو کە قارەمانانی دێموکرات بە هۆی ماندوویی لە ڕادەبەدەر بە شێوەیەکی نهێنی لە ژێر پۆلەدارێک خۆیان حەشار دابوو بۆوەی دوژمن هەستیان پێ نەکا و بتوانن خۆیان لە شەڕ بپارێزن. لە کاتێکدا کە تەواوی بەرزاییەکانی ئەو دەڤەرە بە هێزی دوژمن تەنرابوو، تێکۆشەرانی دێموکراتیش کە لە کوورەی خەباتدا لە کڵ ‌دەرهاتبوون، دەست و تفەنگ چاوەڕوانی هەل و دەرفەتی گونجاو بوون. کاتژمێری١٠ی سەر لەبەیانی دوژمن لە پێی وابوو پێشمەرگە لە ناوچەدا نییە، هێزەکانی لە بەرزاییەکان بۆ خوارەوە داگێڕا و، هێشتا زۆریەک لە بەرزاییەکان چۆڵ نەکرابوون کە قارەمانەکانی دێموکرات بە یاد و تۆڵەی چنوور و ماشه‌ڵڵا لێیان وەدەست هاتن‌ و لە شەڕێکی ٥ سەعاتە‌دا ئەو ڕۆژەش دەیان کەسی دیکەیان لێ کوشتن و دەیانیش کەسیشیان لێ بەدیل گرتن. بەمجۆرە تاڵاوی شکستێکی لە بیرنەکراویان بە گه‌رووی دوژمندا کرد و لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەیان خستە سەر دەفتەری شانازییەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەوەی زۆر زیاتر ڕێژیمی تاساند و سەری لێ شێواندبوو ئەمە بوو، کە کوڕان و کچانی دێموکرات نەک یادی دوو هاوسەنگەرەکانیان زیندوو ڕاگرت بەڵکوو توانیان زەبرێکی گاریگەرتر لە چەند ڕۆژی ڕابردووش لە دوژمن بدەن و بە سروودی هێزی پێشمەرگە نابەزن بەسەر مەیدانی شەڕدا زاڵ بن ‌و چیرۆکێکی دیکە لە حەماسەت تۆمار بکەن.