کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەنجە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

23:49 - 1 رێبەندان 2718

بە پێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی هەڵاتن لە دەست ئەشکەنجە، لە دوای وڵاتی سریلانکا، زیاترین حاڵەتی ئەشکەنجە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  ئێران ڕوو دەدا. ماوەیەک لەمەوپێش سمایل بەخشی، یەکێک لە ڕێکخەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی کڕێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپەی پارێزگای خووزستان دەستبەسەر و خرایە زیندانەوە. ناوبراو پاش چوار هەفتە کە ئازاد کرا، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا باسی لە ئەشکەنجەکرانی خۆی کرد و تەنانەت بۆ سەلماندنی قسەکانی داوای لە مەحموود عەلەوی، وەزیر ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی کرد کە وڵامدەر بێت. شکایەت و سکاڵای ئەو کرێکارە بەندکراوە بووە هۆی ئەوەی کە باسی دیارەدی ئەشکەنجە لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستاندا ببێتە بابەتێکی ڕۆژەڤ و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتیش بۆ تاوتوێکردنی دیاردەی ئەشکەنجە بەتایبەتی لە بەندیخانەکانی کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ حوسێن ئەحمەدی نیاز، مافناس و پارێزەری زۆر زیندانیی سیاسی پێک هێنا. ئەو پارێزەرە کوردە کە تا ئێستا ئەرکی بەرگریکردن لە پەروەندەی بەشێکی زۆر لە بەندییە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردی لە ئەستۆ بووە، لە قسەکانیدا سەرەتا ئەشکەنجەی بە بێزراوترین و قیزەونترین ئامرازی حکوومەتە توتالیتەرەکان لە قەڵەم دا، کە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ و هەروەها سەرکوت و دەمکوت بەندییەکان بەکاری دەهێنن. ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا بە باسکردن لە سیستەمی قەزایی ئێران و شێوەی ڕەفتاری ناوەندە ئەمنیەتی و ئینتیزامییەکان لەو بارەوە گوتی: کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بۆ کپ و بێدەنگکردنی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک پەنای بۆ ئەشکەنجە بردووە کە بە پێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهاندا هەموو شێوەکانی مەحکووم و مەنع کراوە. ئەحمەدی نیاز باسی لەوە کرد کە ڕاستە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە ڕواڵەت هەرجۆرە  ئازار و ئەشکەنجەدانی بەندکراوان لە گرتنگە و بەندیخانەکان ڕێگریی لێکراوە، بەڵام دەزگای قەزایی ئێران و ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەبێ گوێدان بەردەوامن لە ئەشکەنجە و ئازاردانی بەندییە سیاسی و مەدەنییەکان. حوسێن ئەحمەدی نیاز بە ئاماژەدان بە نامەی بڵاوکراوەی سمایل بەخشی، هەڵوێستی ئەو  کرێکارە بەندکراوەی بۆ لە قاودانی وەحشیگەریی مەئمووران و سەرەرۆیی دەزگای قەزایی ئێران بەرز نرخاند و ڕایگەیاند؛ ڕاستە کەس، واتە ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران و تەنانەت نوێنەرانی مەجلیس دەرقەتی سیستەمی قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نایەن، بەڵام بە یەکڕیزی و پشتیوانیکردن لە کەسانی ئەشکەنجەدراو، دەتوانین ئەو بێدەنگییە بشکێنین و هەیمەنەی دەزگای قەزایی ئێران ببەینە ژێر پرسیارەوە. ئەحمەدی نیاز لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دۆخی گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان  بە نیسبەت شارەکانی دیکەی ئێران زۆر نالەبارتر و ناخهەژێنترە و، گوتی: زۆرجار هەر ئەشکەنجە لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات لە شەو و ڕۆژی یەکەمدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی بەندکراوان؛ بۆ نموونە کوشتنی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی،  خوێندکاری کورد لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ساڵی ٨٦ی هەتاوی و هەروەها سارۆ قارەمانی و کیانووش زەندی لە دوای خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا. ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەرەرۆیی دەزگای قەزایی ئێران لەوبارەوە گوتی؛ ئەشکەنجە لە گرتنگەکانی ئێران بەشێوەی سیستەماتیک و بە هاوکاریی دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەکرێ و مەبەستی سەرەکییەکەش شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ و بەندییەکانە. هەروەها مەبەستێکی دیکەی ئەشکەنجە بە جۆرێک دەمکوتکردنی خەڵکە. وە چۆنکی ئەشکەنجە لە ئاستی جیهاندا مەحکووم کراوە، کۆماری ئیسلامی بەردەوام حاشای لێدەکا، وەک چۆن لە پێوەندی لەگەڵ سمایل بەخشیدا کردی، بەڵام هاتنە  ئەمجار بە هۆی بەربڵاوی دنیای ڕاگەیاندن وسوسیال میدیاوە نەیتوانی سەرپۆشی لەسەر دابنێ و هێندێک لە بەرپرسان بۆ چەواشەکردنیش بووبێ لێی وەدەنگ هاتن. بۆیە ئەرکی سەرشانی پارێزەرانی کورد، ئەرکی نوێنەرانی مەجلیس، ئەرکی ڕۆژنامەنووس و سەرجەم چالاکان و لەهەمووی گرینگتر خۆدی بەندکراوانە کە بە نیسبەت ئەو دیاردە نامرۆییە واتە ئەشکەنجە لە بەندیخانەکاندا بێدەنگ نەبن. حوسێن ئەحمەدی نیاز پێ لەسەر ئەمە دادەگرێ کە زۆرجار بەهۆی نەبوونی بەڵگە،  لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە بەندکراوێک ناچار بە دانپێدانان دەکرێ و  جیا لە لێدانی تا گیانەڵڵا، دەیان شێوازی ئەشکەنجە لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێ. ئەو پارێزەرە کوردە لە بەشێكی دیکەی لە قسەکانیدا هەبوونی ئەشکەنجە لە سیستەمی قەزایی ئێرانی بۆ ئیدۆلۆژی و شێوە حکوومەتی مەزهەبی لە ئێران گەڕاندەوە کە پشتیوانی و سەمپاتی فیقهـی  هەیە. هەر بۆیە ئەشکەنجەگەران وەکوو ئەرکێکی مەزهەبی چاو لەو بابەتە دەکەن، بەتایبەتی لە کوردستان قووڵایی ئەو کارەساتە بە هۆی ڕوانگەی ئەمنیەتیی حکوومەتی ناوەندی زیاتر و خراپترە. ئاوایە کە ئازار و ئەشکەنجەدانی خەڵکی کورد (لە بەندیی سیاسی و مەدەنییەوە بگرە تا چین وتوێژەکانی دیکەش) بەشێک لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. حوسێن ئەحمەدی نیاز وێڕای وەدرۆ خستنەوەی ئیدیعای بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر نەبوونی ئەشکەنجە لە گرتووخانەکاندا گوتی: بە داخەوە دەزگای قەزایی تا ئێستا  ئیجازەی بەدواداچوونەوەی بۆ پرسی ئەشکەنجە لە بەندیخانە و گرتووخانەکانی ئێراندا نەداوە، بۆیە هەرچەشنە ئیدیعایەکی ڕێژیم لەو بارەوە چەواشەکارییە.