کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتەیەک سەبارەت بە شێوازەکانی بینای سۆسیالیزم

23:58 - 1 رێبەندان 2718

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم

کورتەیەک سەبارەت بە شێوازەکانی بینای سۆسیالیزم

(8_2)

لە مێژووی بیر و هزری سۆسیالیستیدا، هەر لە سەدەی ١٩- وە هەتا ئێستا، بە گشتی سێ شێوازی جیاوازی سۆسیالیزم بینراوە.(1) یەکەم شێواز لەسەر بنەمای ئاریکاری، هاوبەشی و خاوەنکاربوونی زەحمەتکێشان لە گەلەکۆمەکان، مانەوەی بازار و ڕکەبەری و خۆبەرێوەبەرایەتییە. لەم حاڵەتەدا نرخەکان ئیتر نرخی بازاری سەرمایەداری نین و قازانجێک بۆ خاوەنکارەکان پێکناهێنن. ئەم شێوازە تا ڕادەیەکی زۆر هاوئاهەنگیی هەیە لەگەڵ تێورییەکانی پرۆدۆن، و سۆسیالیزمی خۆبەرێوەبەریەتیی یوگسڵاوی تا ڕادەیەک بەڵانیکەم لە ڕوانگەی تیورییەوە لەژێر کاریگەری ئەم بیرۆکەیەدایە. ڕەوتی بەرێوەبەریەتی لە یوگسڵاوی تا ڕووخانی دەستەڵات لەم وڵاتەدا چەند قۆناغێکی تێپەرکرد: «لە یەکەمین قۆناغی خۆبەرێوەبەریی سۆسیالیستی (١٩٦٥_١٩٥٠) لە یوگسڵاوی، بەرنامەڕێژی لە ڕیگای سنووقی کۆمەڵایەتی ‌و  لە ژێر کۆنترۆڵی حیزب_دەوڵەتدا بەرێوە دەچوو، لە حاڵێکدا بەرنامەکانی کورتخایەن و بەرێوەبردنی خۆجێێ کارخانەکان لە ڕێگەی خۆبەرێوبەریەتییەوە بوو. بەشی سەرەکی «زێدەبایی» ئەوان پاش پێدانی مووچەکان و خەرج‌ و مەخارجی بەرهەمهێنان دەدرا بە سندووقی کۆمەڵایەتی. لە قۆناغی دووهەم واتە ساڵانی ١٩٧١_١٩٦٥دا، دابەزینی بەرنامەدانان و زیادکردنی مافی ناکۆجێ (ناسەنترالیزە)ی بریاردان لە ئاستی کارخانەکاندا پەسەند کرا. هاوڕی لەگەڵ بازار و سیستمی بانکی بۆ هاوئاهەنگی و دیاریکردنی شێوەکانی تەرخانکردنی سەرمایە (سەرمایە‌دانان)، بانکەکانیش لە ڕێگەی هورمی بانکییەوە کە بە‌پێی پێوەرەکانی سوودهێنەری بازار بوو، پشتیوانییان لەم سەرمایەدانانە دەکرد. ئەم ڕەوتە بوو بە هۆی چوونەسەرێی کۆگاکراوی خۆیی، نابەرانبەری و بێکاری. لە کۆتایی دەیەی ١٩٦٠دا بەشێک لە مارکسیستەکانی یوگسڵاوی خۆبەرێوەبەریی لە ئاستی خۆجێیی و نیشتمانی، هەروەها نادروستبوونی زاڵبوونی هاوبەشیی بازار و دەوڵەتیان هێنا ئاراوە. بەڵام لە کۆنگرەی خۆبەرێوەبەرایەتیدا بەجێی لێکدانەوە و قسەکردن لەسەر ئەم پێشنیارە، دەستەڵاتدارنی یوگسڵاوی وێرای ڕەدکردنەوەی ڕەخنەکان و سەرکوتکردنی ڕەخنەگرەکان، دەستیان بە ڕیزێک چاکسازی لەسەرەوە کرد. سەرەرای ئەوەی کە یوگسڵاوی لە دەیەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ تووشی قەیران هات، بەڵام ئەوان بە رەدکردنەوەی سۆسیالیزمی دەوڵەتی و سوسیالیزمی بازار و پێداگری لەسەر ڕەوت و ئامرازی «کۆمەڵایەتیکردن» (لەژێر کۆنترۆڵی فرە‌لایەنەی کۆمەڵایەتی) بازار و دەوڵەت، شێوازێکی دێموکراتیکی خۆبەرێوەبەریان تاقی کردوە کە دەیتوانی وانەیەک بێت بۆ چەپەکان.»(2) شێوازی دووهەم، مودێلی بەرنامەدارشتنە کە نموونەکەی لە نووسراوەکانی سن‌سیموون و پاشان بیرمەندەکانی کۆمۆنیست وەکوو مارکس و ئێنگلسدا دەبینرێ. لەم حاڵەتەدا ئامرازی بەرهەمهێنەر لە ژێر خاوەنداریەتی کۆمەڵایەتی دایە و یەکەکانی بەرهەمهێنەر ئیتر سەودا و مامەڵەی بەرهەمەکانیان ناکەن لەم حاڵەتەدا بازارێک نامێنی و ڕێکخراوەیەکی ناوەندی لە چەشنی بەرێوبەریی ئیداری جێگیری بازار دەبێ. سیستمی سۆڤییەتی ڕەنگ ‌و ڕووی ڕاستیی بەم شێوازە بەخشی. لەبەشەکانی دیکەدا زۆرتر باسی ئەم شێوازە دەکەین. شێوازی سێهەم، سۆسیالیزمی دەوڵەتی لەگەڵ بازار بەپێی بیرۆکەکانی لویی بلانکییە. لێرەدا دامودەزگاکانی دەوڵەتی کەڵک لە ئامرازی بەرهەمهێنەر وەردەگرن، بەرهەم قازانجی هەیە و دابەشکردنیان بە چەشنێکی دیکەیە. بازار و ڕکەبەری بە چەشنێکی بەرچاو دەمێنێتەوە و دەوڵەت کەم و زۆر پێڕەوی بنەما لیبرالییەکانە. ئەم شێوازە تا ڕادەیەک بە پێکهێنانی بەشی گشتی، لە بەشێک لە وڵاتە ڕۆژائاواییەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە. بە گوێرەی باوەڕی زۆرینەی مارکسیستەکان تەنیا شێوازی دووهەم مارکسیستییە و ئەم شێوازە کۆمۆنیزم لە ڕێفۆرمیزم جیا دەکاتەوە. تۆنی ئاندرێ ئانی لە نامیلکەیەک بە ناوی «لە سۆسیالیزمەوە تا سۆسیالیزمێکی دیکە» باسی هەبوونی هەر سێ شیوازەکان لە نووسراوەکانی مارکس و ئێنگلس بۆ قۆناغە جۆراوجۆرەکانی بینای کۆمۆنیزم دەکا. بە باوەڕی ئەو، مارکس و ئێنگلس  بۆ دووهەمین دەورەی پاش بەدەسەڵات گەیشتنی پرۆڵتاریا (سەردەمی تێپەرین) سۆسیالیزمی بازاڕیان نزیک بە شێوازی سێهەم لێکداوەتەوە و تەنیا بۆ دەورەی دووهەم واتە سۆسیالیزم بە مانای تایبەتی ئەم وشەیە، تێپەرین بە شێوازی بەرنامەرێژی تەواویان پەسەند کردوە، واتە کاتێک بازار هەڵدەوشێتەوە. سۆسیالیزمی دەوڵەتی بازار لە پێوەندی لەگەڵ کاتێک لە دەورەی تێپەرینە، کە ئابووریی تێکەڵاو، واتە نیوە سۆسیالیستی_نیوە سەرمایەدارییە و پاش سەرکەوتنی دێموکراسی، جارێ خاوەنداریەتی بۆرژوایی لەنێو نەچووە و خاوەنداریەتیی دەوڵەتی سۆسیالیستی بەرەبەرە لەحاڵی جێگیربوون دایە. لەسەرەتادا دەوڵەتی سۆسیالیستی تەنیا هورمی بانکی، کە لە ژێر ئیرادەی بانکی میللی ‌دایە، دەخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە، ئەم بانکە تەنیا خاوەن بەهرەی ماف‌ و سەربەشی تەواوی ئامرازەکانی کرین ‌و فرۆشتن و بەشێک لە کارخانەکانە. بە پێی نامەیەکی ئێنگلس بۆ مارکس، تێپەرین لە سێ شکڵ دایە: دەوڵەتی پرۆڵتاریا خاوەنداریەتیی بەشێک لە بنکە سەرمایەدارییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و پێداگری لەسەر هەنگاوگەلێکی دیکە بۆ دابەزاندنی خاوەنداریەتیی سەرمایەداری بە تایبەت ماڵیاتی پلەبەپلەیی، ماڵیاتی میرات و لابردنی مافی میراتبردن لە نێوان خزم ‌و کەسەکاندا (برا، نەوە و کەسانی دیکە) دەکا. هەروەها بە پێی ئەو داهاتانە دەتوانێ بنکەگەلێک بکڕێ یان دروست بکا. بەم هەنگاوانە پەیتا پەیتا لە سۆسیالیزم نزیک دەبێتەوە. بەم پێیە دەکرێ سۆسیالیزمی بازار تەنیا وەکو تێپەڕینێک بۆ سۆسیالیزمی بەرنامەڕێژ واتە یەکەمین فاز یان فازی سەرەتایی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی‌ پێناسە بکرێ. لە درێژەدا سۆسیالیسمی بەرنامەڕێژ بازاڕ لەنێو دەبا و ڕێکخستنێکی وریایانە دەکاتە جێگری. بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستە کۆمەڵگە ببێتە خاوەنداری تەواوی ئامرازەکانی بەرهەمهێنەر و بەرهەم ڕاستەوخۆ کۆیی بکرێ. تۆنی ئاندرە ئانی لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم قۆناغەدا باسی چەند کێشەیەکی مەترسیدار وەکوو کێشەی سەربەخۆیی ڕێژەیی یەکەکانی بەهەمهێنەر و بەشداریی ڕاستەقینەی زەحمەتکێشان لە داڕشتنی بەرنامە و بەرێوەبەرایەتی یەکەکانی بەرهەمهێنان دەکا کە بەدوور لە چاوی مارکس و ئێنگلسیش نەبووە. مارکس و ئێنگلس بۆخۆشیان ئاگاداری ئەم کێشەیە بوون. ئێنگلس بەم بۆنەیەوە لە بنەماکانی کۆمۆنیسمدا دەبێژێ: "مەسەلەی هاوبەشیی بەرهەم ناتوانێ لەلایەن خەڵکەوە بەوجۆرەی کە ئەمڕۆ هەن، مسۆگەڕ بکرێ..." بەم پێیە، سۆسیالیزمی بەرنامەڕێژ (ئەو سۆسیالیزمەی کە باکۆنین وەکوو چەشنێک لە دەستەڵاتداریی زانایان و کارناسەکان پێناسەی دەکرد، مەترسییەکە بۆ حەواڵەکردنی بابەتەکە بۆ زەمەنێکی دووردەست، واتە کاتێکە کە دابەشکردنی کار بەیەکجاری لابرابێت. لە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا دەخوێنینەوە «ڕاهێنان ‌و پەروەردەکردن پێویستە بەخێرایی لاوەکان ئامادەی ڕاگوازتنەوە لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی سەنعەت بەپێی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و مەیلە تایبەتمەندییەکانیان بکا».(3) هەروەها مارکس و ئێنگلس لە «ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی›»شدا پاش باسکردن لە دابەشکردنی کار و بەسترانەوەی مرۆڤ بەکارەکەی و ئەوەی کە مرۆڤ ئەگەر نایەوێ داهاتەکەی لە دەست بدات دەبێ خەریکی هەر ئەوکارە بێ کە بژیوی پێ بەستراوەیە، دەنووسن «... لە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیدا کە هیچ کەس خاوەنی بوارێکی تایبەتی لە چالاکی نییە، دەتوانێ لەهەر ڕشتەیەکدا کە بیەوێ سەرکەوتوو بێ، کۆمەڵگە بەرهەمهێنانی گشتیی ڕیکوپێک دەکا و بەم چەشنە ئەو دەرفەتەم بۆ دەرەخسێنێ کە ئەمڕۆ کارێک و سبەینێ کارێکی دیکە بکەم، بەیانی خەریکی ڕاوکردن بم، پاشنیوەڕۆ خەریکی ماسیگرتن، ئێوارێش ئاژەڵداری بکەم، هەروەها لەبەر ئەوەی کە زەینیشم هەیە، دوای خواردنی نانی شەوێ خەریکی ڕەخنەنووسین بم، تەواوی ئەمانەش بێ ئەوەیە کە ببم بە ڕاوچی، ماسیگر یا ڕەخنەنووس.»(4) لێرەدایە ئەم بابەتە تا ڕادەیەکی زۆر خەیاڵی دێتە بەرچاو، چۆن ئەستەمە کرێکارێک لە وەزعییەتێکی چەند پیشەییدا بتوانێ بەپێی ویست و ئیرادەی خۆی کارەکەی بگۆڕێ بێ ئەوەی کە بەستراوە بەکارێکی تایبەتیش بێ، یان ئەم توانا‌یەی بێ کە هاوکات پسپۆڕی چەند بوار بێ، واتە ئەگەر ئەم کارانەی کە مارکس و ئێنگلس باسی دەکەن تەنانەت بۆ ئەوڕۆی لەبەرچاوبگرین بەبەراورد لەگەڵ کاتی نووسینی ئایدیۆلۆژیی ئەڵمانی گەلێک فەننیتر و پسپۆڕانەتر بووە و ئەستەمە کەسێک کە لە لایەن بنکەیەکی گەورەی ماسی ‌فرۆشتنەوە بۆ ماسیگرتن نێردراوە توانای کاری دیکەی لە درێژایی ڕۆژەکەدا بێ. بۆ ساتێک لەبەر چاوبگرین لە بارودۆخی ئێستا یا داهاتوودا کەسێک بەیانی کاری پزیشکی بکا، پاش نیوەرۆ خەریکی بەرێوبەرایەتیی بنکەیەکی پیشەیی بێ، ئێوارێ بیەوێ بێژەری تەلەویزیۆن ‌و شەوانەش خەریکی مێژوونووسین بێ؟ بێگوومان جیهانی ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی مارکس و ئێنگلس زۆر گۆڕدراوە و ئاڵوگۆڕە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان ئەرکی تازە و لێکدانەوەی تازە دەخاتە بەردەم چەپەکان. ئێنگلس لە «ئانتی‌دۆرینگ»دا بە درووستی ئاماژە بەم خاڵە دەکا کە «تا چ ڕادەیەک جیهانی ئەمڕۆ جارێ گەنجە و تا چ ڕادەیەک گاڵتەجارە کە ئێمە بایەخێکی ڕەها بە تێروانینی ئێستای خۆمان بدەین». بەم پێیە پێویستە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان بە پێی ڕاستییەکانی ژیانی ئەمڕۆیی پێداچوونەوەیەک بەسەر لێکدانەوەکانی پێشوو و ئەو کۆمەڵگەیەدا بکەن کە دەیانەوێ پێکی ‌بێنن و لە ڕەوتی تەواوکاریی بیری مارکسیستی بە شێوەیەکی ڕاستبینانە بە ئاکامێکی زانستی بگەن.   سەرچاوەکان: 1ــ از يک سوسياليسم تا سوسياليسم ديگر، تونی آندرە آنی، برگردان ب. کيوان، سايت نگرش 2ــ مسئله‌ی گذار از سرمایه‌داری / 5 / گفت‌وگوی سعيد رهنما با کاترين سامری، نقد اقتصاد سياسی 3ــ اصول کمونيسم. ف. انگلس، ترجمە هوشمند، ص ١٤، تهران ١٣٣١، چاپ چهارم، تکثير حجت برزگر سال ٢٠٠٠ 4ـ ايدولوژی آلمانی. ک. مارکس، ف. انگلس، ترجمە  زوبين قهرمان. ١٣٥٩ ص ٤٢، تايپ و ويرايش غلامرضا پرتوی