کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری داهاتووی ئێران مردووە

00:00 - 2 رێبەندان 2718

ئێوارەی پێش ڕۆژی کریسمەس (ئەگەرچی لە ئێران گرینگ نییە)، ئایەتوڵڵا مەحمود شاهرودی، یەکێک لە دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکان کە کەمتر باسی لێوە کراوە، دوای ساڵێک بەربەرەکانیی سەخت لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە مرد. سەرەڕای نەناسیاویی لە دەرەوەی ئێران لە بەراورد لەگەڵ هاوکارە ئایینییە زۆرتر ڕووڕاست و جێی مشتومڕەکانی، شاهرودی لە خاوەن نفوزترینەکان بوو کە دەسەڵاتی بێسنووری بە سەر ترۆپکی دەسەڵاتەوە هەبوو و بە شێوەیەکی نائاسایی پەیوەندیی لەگەڵ گشت لایەنەکان هەبوو. لەوەش گرینگتر ئەو کەسێک بوو کە وەک جێگرەوەی ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا خامەنەیی باسی لێوە دەکرا. مردنی ناوبراو نەک هەر سیاسەتی دیاریکردنی جێنشین دەگۆڕێ بەڵکوو بە تەواوی جەمسەربەندیی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیرتربوونی ئێران. شاهروودی ساڵی ١٩٤٨ لە عێراق لە دایک و باوکێکی ئێرانی لە دایک بوو، گەڕاوەیەک (بە فارسی دەڵێن معاود) شتێکی نائاسایی لەنێو ئێلیتی سیاسیی ئێران نییە، لە ناسیاوترینیان برایانی لاریجانین، کە ئێستا سەرۆکایەتیی دەزگای یاسادانان و دەزگای دادوەریی ئێرانیان بەدەستەوە. ئەو لە مەکتەبی ناودارانی ئایینی لە شارەکەی نەجەف دەرسی خوێند، لە ناویاندا ڕێبەری ئایینیی حیزبی دەعوەی عێراق، ئایەتوڵڵا موحەممەد باقر ئەلسەدر، و بە ڕێژەیەکی کەمتر، ڕێبەری گەورەی داهاتووی ئێران ڕووحوڵڵا خومەینی. لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێژیمی بەعسی عێراق شاهرودی و هەندێک خەڵکی دیکەی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرین دژی مەلاکانی شیعە دەستبەسەر کرد و ئەشکەنجەی دا. دوای داگیرکردنی ئێران لەلایەن سەددام حوسێن، شاهرودی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراقی گرتە دەست، بەڵام کاتێک کە خامنەیی بوو بە ڕێبەری گەورە لە ١٩٨٩، بڕیاری دا کە دوای شانسی سیاسی لە ئێران بکەوێ و ئاسەوارە عێراقییەکانی بشارێتەوە. وەک کەسێکی پایەبەرز لە حەوزە زێڕینەکانی علمییەی قوم، شاهرودی خاوەنی بڕوانامەی ئایینیی بێوێنە بوو، کە هاتنی ناوبراوی بۆ نێو دامەزراوە سیاسییەکانی ئێرانی ئاسانتر کرد. جگە لە ساڵەکانی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٩ کە سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران بوو، شاهرودی لە ١٩٩٥ تا کاتی مردنی ئەندامی شورای نیگابان، ئەنجومەنی بەهێزی چاودێریی کە بەرپرسی دڵنیا بوون لە هاوئاهەنگبوونی یاساکانی پەسەند کراو لە مەجلیس و کاندیدەکانی هەڵبژێران وەک نوێنەری مەجلیس لەگەڵ ئیسلامە بوو. ئەو بەهەمان شێوە ئەندامی ئەنجومەنی خیبرەگانی ڕێبەری، ئەنجومەنێکی پێکهاتوو لە مەلایان کە جێگرەوەی ڕێبەریی گەورە دیاری دەکا، و ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیی نیزام، شوڕای نێوبژیوانیی و چارەسەریی ناکۆکیی لە نێوان هێزەکانی نیزام کە دوای شەڕی ئێران و عێراق دامەزرا، کە ئەرکی بڕیاردان لەکاتی ناکۆکی لە نێوان پارلمان و ئەنجومەنی چاودێریی لە ئەستۆیە بوو. دوای مردنی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە لە ٢٠١٧، سەرۆک کۆماری پێشوو کە زۆر خاوەن نفوز بوو، خامنەیی شاهرودیی وەک جێگرەوەی خۆی دیاری کردبوو. بۆیە شاهرودی بەڕاستی کەسێک بوو کە خامنەیی دەیتوانی متمانەی پێبکا، کەسێک کە ڕێبەریی گەورە بەو شێوەیە پێی هەڵداگوت «یەکێک لە کارگێڕە بەوەفاکان لە گرینگترین دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیدا.» زۆربەی ئێرانییەکان شاهرودییان وەک سەرۆکی بەدناوی دەزگای دادوەریی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٩ تا ٢٠٠٩ لەبیرە، سەردەمێک کە دەورەی موحەممەد خاتەمی و مەحموود ئەحمەنینژادی دەگرتە خۆ کە دوو دەوڵەتی بە تەواوی لێکجیاواز بوون. لەو ماوەیەدا، شاهرودی سەرۆکایەتیی هەڵمەتی قەڵاچۆکردنی نوێنەرە رێفۆرمخوازەکانی پارلمان، ڕۆژنامەکان، خویندکار و ڕۆشنبیران، چالاکانی مافی مرۆڤی کرد و لە کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی، سەرکوتی جووڵانەوەی ڕێفۆرمخوازی سەوزی کرد کە دژی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنێکدا بوو کە ئەحمەدینژادی بۆ جاری دووهەم کردە سەرۆک کۆمار. شاهرودی لە ماوەی سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەریی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەرپەرشتیاری بەڕیوەبردنی ٢٠٠٠ حوکمی لە سێدارەدان بووە، لە ناویاندا کەسی ژێر ١٨ ساڵ. لە کاتی سەردانی شاهرودی بۆ هانۆڤەری ئاڵمان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی، لە ژانوییەی ٢٠١٨، خۆپیشاندان دەستیان پێکرد، و کاربەدەستانی ئاڵمانی بیریان لە دادگاییکردنی کردەوە بەڵام لە کۆتاییدا دەستیان لە بیرۆکەکە هەڵگرت. بەربژێری ناوبراو وەک دادئەستێنی گشتیی تاران، سەعید مورتەزەوی، لە لایەن زۆر کەسەوە وەک بەرپرسی لاقەکردن و کوشتنی فوتۆ_ڕۆژنامەنووسی ئێرانی_کانادایی زەهرا کازمی دەناسرێ. لە لایەکی دیکەوە شاهرودی شانازی جێبەجێکردنی هەندێک ڕێفۆرمیشی پێ بڕابوو، لە ناویاندا دووبارە چەسپاندنەوەی جیاکردنەوەی دادئەستێن و دادوەر کە سەرۆکی پێشوو موحەممەد یەزدی هەڵی وەشاندبوو، وەلانانی بەردباران وەک حوکمی ئیعدام و پێشکەش کردنی پێشنیاری یاسایەک بۆ پارێزگاریی یاسایی زۆرتر بۆ زیندانیانی ژێر ١٨ ساڵ. لە بەرەبەری مردنیدا ڕۆژنامەی ڕێفۆرمخوازی شەهروەند وەک «گەورە دادوەری ڕچەشکێن» (قاضی‌القضات سنت شکن)، و میدیای فەرمیی دەوڵەت لەناویاندا هەواڵنێریی کۆماری ئیسلامیی «ئێران» ئەوی بە «پێشکەوتووخواز» ناو برد. شاهرودی، وەک خومەینی و خامنەیی مەندیلی ڕەشی لەسەر بوو کە نیشان دەدا بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ محەممەدی پێغەمبەر، ئەو تەنیا خاوەنی بەڵگەنامەی ئایینی بۆ بوون بە ڕێبەری مەزن نەبوو، تایبەتمەندییەک کە پلەیەکی بەرزی لە کەشوهەوای سیاسی تاران و قوم پێدەبەخشی، ئەگەرچی لە نەجەف ئەوتۆ نەبوو. جگە لەوە، تایبەتمەندیی بێوێنەوی ئەو کە پۆتانسیەلی بوونە ڕێبەریی پێدەبەخشی چەقی سەرنجکێش بوون لەنێو گشت لایەنەکانی خاوەن پێگەی دەسەڵات لە ئێران بوو کە وەک نوێنگەی بەردەوامیی سەیر دەکرا، دوو تایبەتمەندیی گەلێک هەستیار بۆ سەقامگیریی سیاسی داهاتووی ئێران. بە پێچەوانەی خامنەیی و زۆر لە توندئاژۆکان، شاهرودی پەیوەندیی کەمتاکورتێک باشی لەگەڵ هەرچوار فراکسیۆن، کە هەنووکە لە ئێران بوونیان هەیە، هەبوو: کۆنەپارێزەکان، کۆنەپارێزەنوێیەکان، میانڕەوە کۆنەپارێزەکان و ڕێفۆرمخوازەکان. ئەوە لە ٢٠١١ کاتێک کە شاهرودی وەک سەرۆکی کۆڕی تازە دامەزراو بە ناوی سەیروسەمەرەی «کۆڕی باڵای چارەسەری ناکۆکی و ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان سێ هێز» لە ٢٠١١ دەردەکەوێ، کە جوابێک بوو بۆ ناکۆکی لە نێوان سەرۆککۆمار ئەحمەدینژاد و پارلمانێکی تووڕە. لە کاتێکدا کە کۆنەپارێزێکی تەواو بوو، لە لایەن ڕکەبەری کۆنەپارێزەکانیشەوە بە نابەدڵی ڕێزی لێ دەگیرا. بە هەمان شێوە، وەفاداریی ناوبراو بۆ خامنەیی و دەفتەری ڕێبەری گەورە، کە بە وەلی فەقێ ناسراوە، دەیتوانی بەردەوامیی دامودەزگاکە بەهۆی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵات، بە تایبەتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی مسۆگەر بکا. بە پێچەوانەی خامنەیی، ئەو پێویستی بەوە نەبوو کە بۆ بەهێزکردنی بناغەکانی دەسەڵاتی لە سوپای پاسداران بپاڕێتەوە. شاهرودی تەنیا مەلای شیعە لە تاقمی ئاماژەپێکراو بوو کە ئەگەری بوون بە جێگرەوەی هەبوو، تەنانەت بەگوێرەی هەندێک دەنگۆ ئەو بەتەمای بوون بە ڕێبەری شیعەکانی عێراق بوو. لە ٢٠١٢ دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە شاهرودی سەرقاڵی دروستکردنی ڕایەڵەیەکی داکۆکیکار لە جیرانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت شاری نەجەف، بە پشتیوانیی باجی ئایینی (خومس و.) و یارمەتیی دارایی دەوڵەتی ئێران بووە. کاتێک کە شتەکان ڕوون بوونەوە، دەرکەوت کە ناوبراو بەتەما بوو پێگەی  ئایەتوڵڵای مەزن عەلی سیستانی لاواز بکا یا جێگای بگرێتەوە، کە دەسەڵاتی یەکەمی ئایینی عێراق و شیعەی دوازدە ئیمامی بەدەستە. ئێران بیانوویەکی باشیشی بۆ ئەو کارە هەبوو: سیستانی کە لە ئێران لەدایک بووە، بە پێچەوانەی شاهرودی، بە بێدەنگی دژی سسیتەمی سیاسی ئێرانە کە لەسەر دەسەڵاتی ڕێبەری گەورە، ویلایەتی فەقێ،  دامەزراوە. ئەگەر شاهرودی بە هۆی بنەچەکەی عێراقی و فارسی ئاخاوتنەکەی بە زاراوەی عەڕەبیی وەک کەسێکی دەرەکیی سەیر دەکرا، کە نە بەتەواوی ئێرانی بوو و نە عێراقییەکی تۆخ، پێشینەی ناوبراو لانیکەم لەلایەن شیعەی دوازدە ئیمامیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، و بە تایبەتی لە عێراق، شوێنێک کە پێشوازییەکی لاواز لە ویلایەتی فەقێ کرا، سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا. دوای تێکڕووخانی دەسەڵاتی سەددام لە ٢٠٠٣، دەوڵەتی عێراق کە لەژێر کۆنتڕۆڵی زۆرینەی شیعە دایە لە ئێران نزیک بۆتەوە، بەڵام هێشتا سەربەخۆیی سیاسیی خۆی پاراستووە کە هەندێک جار دەبێتە هۆی تووڕەیی تاران. سەقامگیریی نێوخۆیی ئێران و بەردەوامیی ڕێژیم، کە بە شێوەیەکی پەرەئەستێن بە هۆی ناڕەزایەتییە لەناکاوەکان لە سەرانسەری وڵات لە ساڵی ڕابردوودا تووشی ئالنگاری بووە، بەستراوەتەوە بە ئەوەی کە چینی سیاسی بە شێوەی هاوبەش ڕێبەرێکی مەزن قبووڵ بکەن کە توانایی پێکهێنانی هاوڕایی و هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە پێشبڕکێکارەکاندا هەبێ. توانایی بێوێنەی شاهرودی لە قبووڵکرانی لە لایەن بەرە جیاوازەکانی خاوەن پێگەی سیاسی و ئایینی لە ئێران هۆیەک بوو کە پەیتا پەیتا وەک جێگرەوەی خامەنەی باسی لێوە دەکرا. ئەو هەروەها لە ڕوانگەی ئایینی و بەڕیوەبەرییدا لێهاتوویی هەبوو و لەناو تاقمێکی کەمی مەلای نە زۆر پیر وەک کەسێکی جیگای متمانەی سیاسی لە لایەن تاقمی خاوەن دەسەڵاتی ئێران سەیر دەکرا. بەڵام کۆنتڕۆڵی درێژمەودای کۆنەپارێزان بە سەر دەسەڵاتی سەربازیی، دادوەریی، ڕاگەیاندنەکان و مەلاکانەوە ئێستا هیچ دەرفەتێک بە ڕێفۆرمخوازەکان و میانڕەوەکانی ئێران، لەناویاندا سەرۆک کۆماری هەنووکەیی حەسەن ڕوحانی نادا کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی دیاریکردنی جێگرەوەی هەبێ. لەبەر ئەو هۆیە مردنی شاهرودی ڕێخۆشکەری کاندیدای تووندئاژۆکان دەبێ، بە تایبەتی لەنێو شوڕای نیگابان، کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندی نیزام، مەجلیسی خوبرەگان و بەرپرسە پایەبەرزەکانی بەشی دادوەریی. بە وەلانانی سەرۆکی ٩١ ساڵە و هەرە توندئاژۆی شورای نیگابان و مەجلیسی خوبرەگان، ئەحمەد جەننەتی، دوو کاندیدای دیکە دەمێننەوە: سەرۆکی پێشووی هێزی دادوەریی کە لەو دواییانەدا وەک سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگان دیاری کرا، سادق لاریجانی، و ئیبراهیم ڕەئیسی، چاودێری دامەزراوەی خاوەن دەسەڵاتی ئاستانی قودسی ڕەزەوی لە مەشهەد، کە لە ٢٠١٧ لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییدا بەشدار بوو، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ناوبراو ببێتە سەرۆکی نوێی دەزگای دادوەری. لە بەراورد لەگەڵ شاهرودی، هەردوو مەلا تەحەممولی زۆر کەمتریان بەرامبەر بە نەیارە میانڕەو و ڕێفۆرمخوازەکانیاندا هەیە، کە ئەوانیش وێناچێ ئەو دووانە وەک جێگرەوەی خامەنەیی قبووڵ بکەن. بە نەمانی خێرای یەکەم جیلی مەلای شۆڕشگێڕی ئێران، مردنی تا ڕادەیەک زووی شاهرودی کە تەنیا ٧٠ ساڵی تەمەن بوو، جیددیترین و لێهاتووترین کاندیدی جێگرەوە کە لە داڵانەکانی دەسەڵاتی تاراندا باسی لێوە دەکرا، لەنێو چوو. ئەگەرچی لەوانە بوو سیاسەتێکی دەرەوەی ئاشتخوازانەی بڕەو پێ نەدابا، بەڵام کۆچکردوو ئایەتوڵڵا هاشمی شاهرودی لەوانەیە نوێنەرایەتیی سیاسەتی کەمترین لێکدابڕان و باشترین بژاردە بۆ سەقامگیریی نێوخۆ وەک پایەبەرزترین دەسەڵاتداری ئێران با. کێشەی نێوان تاقمە دەسەڵاتدارەکانی ئێران لەوانەیە شتێکی ئاسایی بێ و پێویست ناکا نیشانەی لاوازیی ڕێژیم بێ، بەڵام ئەوە ڕێبەرێکی مەزن دەخوازێ کە بە شێوەی گشتیی لەلایەن هەمووانەوە قبووڵکراو بێ تا بتوانێ بڕیاری کۆتایی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بدا. لە وڵاتێکدا کە داهاتووەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێڵتر دەنوێنێ، ڕێژیمی دەسەڵاتدار، کە پێ دەنێتە تەمەنی ٤٠ ساڵەی، زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە کەسێکی ئەوتۆ هەیە.