کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوەکانی دیکەی ئێران و کۆماری کوردستان

00:17 - 2 رێبەندان 2718

ئاماژە: دووی ڕێبەندانی ساڵی١٣٢٤ی هەتاوی، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، تەنیا خاڵێکی بەهێز و وەرچەرخانێکی مێژوویی مەزن لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ئێران نەبوو؛ بەڵکوو ئەم پێواژۆیە توانیی کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ڕەوتی خەبات لە بەشەکانی تری کوردستان، هەمژی گەلانی چەوساوەی ئێران دابنێ. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵ دراوە لەمەڕ ئەو ڕووداوە مێژووییە لە ڕەوتی خەباتی دێموکراسی و مافی گەلان لە نێوان نەتەوەکانی تری نیشتەجێ لە جوغڕافیای ئێراندا زیاتر باس بکرێ.   حافز فازڵی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی «تضامن»ی ئەهواز لە گوتوبێژێک دەگەڵ ڕۆژنامەی «کوردستان» لەسەر کۆماری کوردستان و کاریگەرییەکانی بۆسەر چۆنیەتیی هەوڵ و تێکۆشانی نەتەوەکانی تری ئێران، دەڵێ: ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕۆژێکی دیرۆکییە بۆ سەرجەم نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران کە لەژێر زوڵم و ستەم لە ئێراندا دەژین؛ هەروەها ڕۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی پڕمەزنە لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد. ئەم ڕۆژە نەک هەر تەنیا بۆ کورد بەڵکوو بۆ گشت گەلانی هاودەرد دەگەڵ گەلی کورد گرینگ و مێژووییە، چونکە لەم ڕۆژەدا نەتەوەی کورد بۆ وەدەستهێنانی ئامانجی خۆی واتە دامەزراندنی دەوڵەت و دروستکردنی دەستەڵاتێک کە هیوا و ئارمانجی هەموو گەلێکە، هەوڵی دا و ئەمەی کردە بەڵگە و سەنەد و میناکێکی زیندوو کە لە مێژووی ئەم گەلە مەزنە تۆمار کرا. هەرچەندە کۆماری کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆری نێونەتەوەیی نەیتوانی زیاتر لە یەک ساڵ خۆ ڕابگرێ، بەڵام ئارمان و هیوای نەتەوەی کورد و بەڵگەمەندبوونی ئەو کۆمارە لەسەر سینگ و دڵی تاک تاکی کوردەکان و ناوچەکە هەرماوە. کۆماری کوردستان بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە تۆوەکەی شەهیدی نەمر پێشەوا قازی محه‌ممەد بەسەر هەموو ئاخ و نیشتمانی نەتەوەی کوردی وەرکرد و داری ئەم بەرهەمەش لە بەهاری چاوەڕوانیی ئەو گەلە مەزنە کە بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دادێ دەڕوێتەوە و بەر دەگرێ. بەڵێ قازی محەممەد لە سێدارە درا بەڵام هیوا و ئاواتی ئەو گەلە هیچ کات لەنێو ناچێ. کۆماری کوردستان، کۆماری ئازەربایجان، حکوومه‌تی ناوچەیی ئیمارەتی عەڕەبستان هەر هەموویان بەڵگەی سیاسیی هاوچەرخن کە بۆ وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن. کاتێ ئێمە باسی کۆماری کوردستان دەکەین ئامانجمان تەنیا باسی ڕووداوێکی دیرۆکی نییە، بەڵکوو کۆماری کوردستان لە ڕاستیدا هێمای بوونی ویست و داواکارییەکی ڕەوا و بەحەقی نەتەوەیەک لەوێ سەردەمدا بووە. ئەو داخوازییانەی پاش چەندین دەیە بەداخەوە ئێستاش بە ئاکام نەگەیوە، ئەگە کۆماری کوردستان مابا ڕەنگە چارەنووسی کوردەکانی هەموو ناوچەکە ئەمڕۆ بەشێوەیەکی دی دەبوو، ئاماژە بە کۆماری کوردستان و سەرنەکەوتنی ئاوات و ئامانجەکانی ئەو لە ڕاستیا ئاماژە بە هەرەج بەرەجی، زوڵم و چەوسانەوەی نەتەوەییە کە بۆ سەرجەم ئێمە گەلانی ئێران بەڕەوا زانراوە. هەڵبەت ئەو داواکارییانەی ئێمە داخوازییەک نییە کە دەگەڵ چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکان و بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگه‌ی جیهانی جیاوازیی هەبێ، بەڵکوو ویستی ئێمە ئەمڕۆ دەباسی مافی مرۆڤ، مافی شارۆمەندی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆماندا دەگونجێندرێ و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانیش ناچارن بەو دۆخەی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی کە هاتۆتە پێش، لە گۆشەنیگای جیاواز درەنگ یا زوو ئەو مافانە لە بەرچاو بگرن. ئەمڕۆ کۆمەڵگه‌ی جیهانی پاراستنی مافی مرۆڤ و نەبوونی فەرق و جیاوازی لە بەرامبەر بە هەڵسوکەوت دەگەڵ بنیامەکان، ئازادییە بنەڕەتییەکان و مافی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، ئۆلی و زمانی بە مەرجی سەرەکیی داننان بە دەوڵەتەکان دەزانن. کەوابوو بە تێپەڕینی زەمەن ئەوەی کە نەمران قازی محەممەد و جەعفەر پیشەوەری وەک بناغەیەکی پتەو کاریان بۆ کرد و نەیانتوانی بەپێی ڕەوشی ئەوکات وەک خۆی دایڕێژن، ئەمڕۆ وەدەستی جیلی نوێی ئەو قارەمانانە کەوتووە. دۆخی پێشکەوتوویی کۆمەڵگه‌ مرۆییەکان دەبەستێنی مافی مرۆڤ و دانپێدانانی لەلایەن دەستەڵاتدارەکان، بۆ نەوەی ئەمڕۆ  بە ویست و داوایەکی ڕەوا دادەنرێ. دیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێبزەیانە بەو پەڕی چەختیگەرییەوە ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ هەڵاواردن، چەوساندنەوە و زوڵم بە نیسبەت گەلانی کورد و بەلووچ و هەموو نەتەوەکانی تر کردوویەتی و دەستی لێ نەپاراستووە، ساڵانێکە بۆ قاڵکردنەوە و تواندنەوەی فەرهەنگی، زمانی، سووکایەتی و بێڕێزی بە گەلانی ئێران تێدەکۆشێ، ئێمە بە لە بەرچاوگرتنی ئەو ئەزموون و بەسەرهاتانە گەیشتووینه‌تە ئەو باوەڕە باشترین ڕێکار بۆ چارەسەری ئەم پرسە فێدڕالیزمە. چونکە لە نیزامی فێدڕاڵدا ناوەند وەک سەنتەر و ئاوەزی دیکتاتۆرییەت نامێنێ و لەنێو دەچێ، دابەشکردنی دەستەڵات و بەشداریکردنی گشت خەڵکی لە هەموو شار و ناوچەیەک لە حکوومەت نەک تەنیا ئەو ئێرانە لاواز ناکا بەڵکوو زۆریش بەهێزتر دەبێ. عەڕەبێک، کوردێک، ئازەرییەک، بەلووچێک، تورکەمەنێک هەتا ئەو کاتەی هەست بە مافەکانی خۆی نەکا ناتوانێ شانازی بە ئێرانیبوونی خۆی بکا.   فەرامەرز بەختیار، بەرپرسی حیزبی «یەکیه‌تیی بەختیاری، لورستان، کەهکیلوویە و بویرئەحمەد» بە ڕوانینێکی مافی مرۆڤانە باس لە کۆماری کوردستان و خەباتی گەلی کورد دەکا و بە چاوخشاندنێک لە دۆخی سیاسی ئێستای ئێران دەڵێ: دامەزراندنی کۆماری کوردستان جووڵەیەکی سیاسی بوو کە بە ڕەهەندی ئەستاندنی مافی نەتەوەیی کوردەکان لە ئێران دەستی پێکرد ئەمەش دەیتوانی سەرەتایەک بێ بۆ پێشکەوتن و پەرەئەستەندن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ گەلی کورد، کەچی لەگەڵ هێرشی نیزامیی ئەرتەشی حکوومه‌تی ناوەندی ڕووبەڕوو بۆوە و کوردستان کەوتە ژێر دەستی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران کە هەتا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستانی ئێران بەردەوام درێژەی هەیە لە ڕاستیدا درێژەی خواستە ڕەواکانی کۆماری کوردستانە، ڕێک بە پێی یاسا و پرەنسیپەکانی سیاسی جیهانی مۆدێڕن و پێشکەوتوو و پەسەندکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەو ویست و داخوازییانە هیچ دژایەتییەکی دەگەڵ یاسای مافی مرۆڤی نییە و ئەم کۆمارە کە لە ٧٠ ساڵ پێش لە ناوچەیەکی پاشکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕووی داوە زۆر مۆدێڕن ئەمڕۆیی و پێشکەوتووانە بووە، بەڵام دەوڵەتی ئەوکات چونکە هیچ ئاشنایەتییەکی دەگەڵ کۆنڤاسیۆنەکانی مافی مرۆڤ، دێموکراسی و ئازادیخوازی و یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە، ڕووی کردۆتە ڕم و نێزە و ئەو پێواژۆ مەدەنییەی بە زەبری زۆری و دڕندانە بە چەک و جبەخانە سەرکوتی کرد جا ئەمجار دەستی کرد بە تواندنەوەی فەرهەنگی، ئابووری، ئایینی و یاساغکردنی زمانی و بێبەشکردنیان لە خەدەماتی حکوومەتی کە ئاسەواری قیزەونی ئەو کردەوانە ئەمڕۆ لە کوردستان دەبینرێ. خەباتی گەلی کورد و باقی نەتەوەکانی زوڵملێکراو لە ئێران کە ئەمڕۆ لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا دەیانبینین و گرینگترین وێژەمانی سیاسی و باسی سەرەکی جموجووڵی ڕامیاری لە ئێران و ناوچەکەیە، دژکردەوەیەکە لەبەرامبەر دژایەتیی نەتەوەیی دەوڵەتی ناوەند کە لە مەملەکەتی «مەحسوور»ەی ئێران، بە نیسبەت گەلانی نیشتەجێ هەیە. ئەگە دەخوازین دێموکراسییەکی ڕاوەستاو و سەقامگیر لە ئێران هەبێ دەبێ بزانین کە بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە ئێران هیچکات ناگەینە دێموکراسی. لە وڵاتی فرەنەتەوەی ئێران، سەرجەم گەلان دەبێ مافی بەرامبەری ئینسانی و سیاسی_کۆمەڵایەتیان هەبێ و خاوەن چارەنووسی خۆیان بن. بە پێچەوانە و دەگەڵ گۆڕینی دیکتاتۆرەکان لە ناوەند، گەلانی ئێران بە ماف و ویستی خۆیان ناگەن، کوردستان دەتوانێ بەو پێیەی کە ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی سیاسی_نیزامیی ٧٠ ساڵی ڕابردووی هەیە، بیرۆکە باشەکانی بخاتە بەردەست نەوەی شوناسخواز و ئازادیخوازی نەتەوەکانی تری ئێران و بەستێن بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئێران درووست بکا، هزری نوێی شوناسخوازی هەروەها وەدەستهێنانی مافی پێشێلکراوی نەتەوەیی لە سەرانسەری ئێران زۆر بە خێرایی ڕێ دەپێوێ و ستەمی دینی دەستەڵاتدارانی خستۆتە ژێر پرسیار، لە جیهانی سیاسیی نێونەتەوەییش، هەڵکەوتە و ئێلیتی سیاسیی گەلان بە بەشداری لە کۆڕ و دانیشتنەکانی کۆمەڵگه‌ی جیهانی، پرسی گەلانی ئێران و فرەنەتەوە بوونی ئەو وڵاتەیان بۆ هەموو لایەک ڕوون کردۆتەوە. ئەمڕۆ سیاسەتمەدارەکانیش ئەو پرسە چاک دەزانن کە دەبێ لە کاتی گۆڕانکاری لە ئێران، جۆراوجۆری کولتووری ( Diversity Cultural) و نەتەوەیی و پلۆرالیزمی سیاسی کە بۆخۆیان دایانهێناوە و بەڵێنیان پێ داوە لە ئێرانژی پشتیوانی لێ بکەن هەتا بتوانین بە دێموکراسییەکی ڕاستی و واقعی بگەین، کۆمەڵگه‌یەکی بەبێ هەڵاواردن و هەڕەشە و سەرکوت دابمەزرێنین هەتا هەموو ئێرانییەکان دە ئاسایش و تەناهی بە هەوڵ و خۆماندوو کردن تێ بکۆشن ئەو پاشکەوتووییە تێپەڕێنن و بڕوانینە دواڕۆژێکی پرشنگدار.   ڕەحیم بەندوویی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی «خەڵکی بەلووچستان» لەسەر گرینگی کۆماری کوردستان دەڵێ: دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبه‌ریی مەرحوومی قازی محەممەد لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی ئاکامی زەمەنێک ئەزموون و هیوای تێکۆشەرانی کورد بووە، خەباتکاری کورد دوای ئەو هەمووە زوڵم و سەختی و ناخۆشییەی دوای دابەشبوونی خاکی کوردستان لە نێوان وڵاتانی هاوسێ لەلایەن دەوڵەتانی چەوسێنەری بریتانیا و فەڕانسە لە کێبه‌رکێ دەگەڵ ئیمپڕاتووریی عوسمانی کە بە ڕێکەوتننامەی «سایکس-پیکۆ» بەناوبانگە، قۆڵی له‌ خه‌بات هەڵماڵی. هۆکاری بیچمگرتنی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئێران، بۆ ڕابوونی شۆڕشگێڕانی ئێران و سەرکەوتنی ئینقلابی مەشرووتە بەسەر زوڵم و چەوساندنەوەی قاجارەکان، کە بەپێی یاسای بنەڕەتی ئەو کات پەسەندکردنی شێوازی کارکردی سیاسیی «لا مۆنە» (عدم تمرکزگرایی) لە ژێر ناوی «ئەنجوومەنەکانی ئه‌یالەتی و ویلایەتی» دەگەڕێتەوە، بێشک بوونی هێزە نیزامییەکانی بریتانیا و ڕووس لەلایەک و هەبوونی هێزێکی سیاسی بەناوی «حیزبی دێموکرات کوردستان» لە لایەکی تر کە ئامرازی سازماندان و بەرنامەڕێژی تێکۆشەرانی کورد بوو، ڕۆڵێکی گرینگی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا هەبووە. حکوومه‌تی پەهلەوی کە کاتی خۆی لە کۆتایی شەڕی جیهانیی یەکەم و بە کودتای نیزامی ئینگلیسەکان و بۆ تێکشکانی شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران قوت کراوە، بە بەرنامە و پشتیوانیی سەرەکی ئینگلیسەکان لەشکری بۆ کوردستان نارد، قازی محەممەد و بەشێک لە هاوڕێکانی لە سێدارە دران و پاش یازدە مانگ کۆماری کوردستان هەڵوەشایەوە، بەڵام هیچ کات نەیتوانی حیزبی دێموکرات و پێشەوا قازی محەممەد کە ڕەگ و ڕیشەی دەنێو دڵی هەموو کوردێکی ئێران دایە لەنێو بەرێ. ئەوە بوو کە ئەم حیزبە جارێکی تر و لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێران (١٣٥٧) بە سەرکردایەتیی نەمر دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو لە نێو خەڵکی کورد بە دروشمی «دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان» سەری هەڵدایەوە و ئێستاش ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ وەدەستهێنان و دابینکردنی مافی دەسەڵاتداریی نەتەوەیی گەلی کوردە، کوردستانێک کە هەموو کات دەگەڵ ئەو هەمووە سەرکوت و زوڵمە بێبەزەیانەی کۆماری ئیسلامی، بۆتە پەناگە و قەڵایەک بۆ تەواو خەڵکی دێموکرات و بۆتە هێمای هیوا و ناوەندی خەبات بۆ نەتەوەکانی تری ژێر چەپۆکی ئێران.   ماناس چاملی، توێژەر و نووسەری تورک کە موتاڵە و خوێندنەوەیەکی زۆری لەسەر مێژووی هاوچەرخی ئێران بە تایبەت شۆڕشەکان و دامەزراندنی هەر دووک کۆماری کوردستان و ئازەربایجان هەبووە، لەسەر کۆماری کوردستان و پێوەندیی نیزیکی دوو گەلی تورک و کورد دەڵێ: بێشک یەکێ لە باسە هەرە گرینگەکان و خاڵه‌ بەهێزەکانی جووڵانەوەی گەلانی ئێران لە مێژووی هاوچەرخا ئەو ڕووداوانە بوون کە لە کوردستان و ئازەربایجان لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٤٦ ڕوویان دا. جیا لەوەی کە هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو سەردەم دەبێ لە ساڵەکانی پێش، هاوکات و، دوای کودتای ڕه‌زاخان ببینین، بەڵام ئەوەی کە بۆ من وەک چالاکێکی سیاسی_مەدەنیی تورکی ئازەربایجان لە خوێندنەوە و دامەزراندنی دوو حکوومه‌تی نەتەوەیی یەکیان لە ئازەربایجان بەناوی حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان و ئەوەی تریش کۆماری کوردستان گرینگی و بایەخەکی یەکجار زۆری هەیە بە تایبەت لە قۆناغی ئێستادا، وێککەوتن و پێوەندیی نێوان دوو ڕێبەر و دامەزرێنەر هەروەها دوو گەلی قارەمان و ئازادیخواز دایە. دوو نەتەوەی کورد و تورک بە پشتبەستن بە ڕووحی ئازادیخوازی و ویستی نەتەوەیی خۆیان برایانە دە ڕیزی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆری مێرانە وەستان. هەرچەند کە ئەم دووانە بە هۆکارگەلێک کە لەم قسانەدا جێگای نابێتەوە بە ڕواڵەت تێک شکان، بەڵام لاپەڕەیەکی زێڕین لە دراوسێیەتی، برایەتی و هاوکارییان بۆ ئەو دوو گەلە تۆمار کرد کە لە جۆری خۆی لانیکەم لە ئێران ناوازە و بێهاوتا بووە. جیا لە خزمەتی ئەو دوو حکوومه‌تە «نەتەوەیی_خەڵکی»یە کە لە سەر بناغەی بەرامبەری_فەرهەنگی و ڕێزگرتنی مەقامی ئینسان داڕێژرابوو، بەڵام نوێگەراییەک کە لە شێوازی دیپلۆماسی و دیسکۆرس و وێژمانی سیاسی داهێنرابوو نەک تەنیا وەک ڕووداوێکی مێژوویی ساکار بەڵکوو وەک چراتۆڕێک لە بۆ هەر دووک گەلی ستەملێکراو و هەڵبەت بۆ کەلکوەرگرتنی نەتەوەکانی تری ژێردەستە لە جوغڕافیای ئێران لە چاخی هەنووکەش دەتوانێ و دەبێ وەک سەرچاوە بۆی بگەڕێینەوە و زیاتر لێی بکۆڵینەوە و لە سەری بنووسین. هەروەها ئەو مۆدێل و نۆرمە پێشکەوتوو و دێموکراتیکانەی ڕێبەرانی ئەوده‌می ئه‌و دوو حکوومەتە کە لە سەر بناغەی مافی گەلان بە پێوانەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و کولتووری زۆر پێش‌ بەنووسراوەکردنی لە ئەرزی واقعدا خۆیا ببوو و ئەمەش ملوانکه‌یه‌کی زێڕینە کە بە سەر سینگی برایەتیی ئەو دوو نەتەوەیەوه‌ (کورد و تورک) دەدرەوشێتەوە. ئەو ئەزموونانە جیا لە باسی بایەخی مێژوویی خۆی بۆ پەروەردەی جیلی داهاتووی ئەم دوو گەلە بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە، ئێستاش ئەو دوو نەتەوەیە و گەلانی تری وەک عەڕەب، بەلووچ و ... لەژێر پۆستاڵی چەوسانەوەی ئایینی مەزهەبی و دێسپۆتیزمی ڕێژیمی ئیسلامی دەناڵێنن، زۆر جێی داخە گەلانی وەها کۆن و بە ڕابردوو بەو هەمووە شۆڕش و بەرخۆدان و خۆڕاگرییە ڕەوایە ئێستاش نەیانتوانیوە بە سەرەتاییترین مافی دێموکراتیکی و مرۆڤانەی خۆیان بگەن، ئەو ڕابردوو و بیرەوەرییانەی کە ئێستاش لە هەست و نەستی دیرۆکی ئەو دوو نەتەوە تێکۆشەرە، دەگەڵ ئەو هەمووە چەواشە و درۆ و بوختان هەڵبەستنەی لانیکەم هەشتا ساڵی ڕابردوو، هەروا زیندوویە و قەت نامرێ. ئێستاش خەباتکارانی ئەو دوو ڕێبازە دێموکرات و ئازادیخوازە لەم ئەزموونانە بە شێوەی کردەیی لە تێکۆشان و خەباتی خۆیان دەگەڵ جیهانی دەرەوە کەلک وەر دەگرن.