کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵ و پێگەی کۆماری کوردستان لە پرۆسەی «نەتەوەسازی»دا

21:20 - 2 رێبەندان 2718

پرسی «نەتەوەسازی» وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی کە ئەم ڕۆژانە و هاوکات لەگەڵ یادی حەفتاوسێهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەنێو چالاکانی سیاسییدا باسی لەسەرە و بۆچوونی جۆراوجۆر و جیاوازی لەسەر ساز بووە، بۆ ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە هەر لەم پێوەندییەدا دەخرێینە نێو کۆمەڵێک قەزاوەت و پێناسەی جۆراوجۆری زانستییەوە، گەلێک گرینگە. ئەم پرسە بۆ ئێمەی کورد کە بەداخەوە جیا لەوەیکە دەوڵەتمان نییە، زۆریش لەنێو ماڵی خۆماندا یەکانگیر و یەکگرتوو نین، سەرنجپێدانی زەروورەتێکە. لەم سۆنگەیەوە هەوڵی ئەم وتارە ئەوەیە کە قسە لە ڕۆڵ و پێگەی کۆماری کوردستان لە پرۆسەی «نەتەوەسازی»ی لە کوردستاندا بکا. *** پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە سەرۆک کۆماریی پێشەوای مەزنی کوردستان، قازی محەممەد، لە مێژووی جووڵانەوەی خەڵکی کوردستاندا دەسکەوتێکی نەتەوەیی گەورە بوو کە تا ئێستاش هەموو ئینسانێکی کورد لە هەر کوێی ئەم جیهانە بێت، بۆی جێی شانازییە. کەوابوو خودی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەتەنیا، ڕووداوێکی تایبەت و نەتەوەییە لە ژیانی نەتەوەیەکی تا ئێستا بێدەوڵەتی وەک کورددا، کە جیا لە شانازی پێوەکردنی، بۆ ئەم میللەتە بووەتە مانایەک لە بوون و خۆپێناسەکردنێکی زاتی بۆ هەموو تاکێکی کورد بەو مانایە کە نەتەوەیە. لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا کۆماری کوردستان چ وەک دەسکەوتێکی عەینی کە بریتی بوو لە دەسەڵاتێکی سیاسی بە هەموو تایبەتمەندییەکی دامەزراوەیی و دەوڵەتی کە توانی بۆ ماوەی ١١ مانگ ئیرادەیەکی پڕ لە شانازی و دەسکەوتی نەتەوەیی پێشکەش بکا، چ وەک هێما و سەمبولێکی زەینی کە تا ئێستاش ئینسانی کورد لەوپەڕی ماناکانی «کوردبوون» و «نەتەوەبوون»دا بە «سەرچاوەی ئیلهام بۆ بنیاتنانی داهاتووی خۆی» وەک پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەزانێ، بە ڕووداوێکی گرینگ و یەکلاکەرەوە دادەنرێ. ئەم ڕووداوە بەبێ ئەوەی بپەڕژێنە سەر دەسکەوت و لێکەوتەکانی، لە درووستکردنی هەستێکی هاوبەشی نەتەوەیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا ڕۆڵێکی قووڵ و کاریگەری گێڕا. ئەم هەستە هاوبەشە کە لە پرۆسەی «نەتەوەسازی»دا بنیات و بنەمایەکی بتەوی زانستییە، وایکرد کە هەموو تاکێکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، کۆماری کوردستان بە هی خۆی بزانێ و بە هەر شێوەیەک کە بۆی دەگونجێ لە چەسپاندن و پاراستنیدا بەشدار بێت. کەوابوو کۆماری کوردستان ئەو سەرەتا هاوبەشە مانادارە نەتەوەییە بوو کە کورد بە گشتی خاوەندارێتیی لێ بکا و ببێتە جەغزێک بۆ کۆکردنەوەی هەستێکی هاوبەش لەنێو پێکهاتەیەکی تایبەتدا بە ناوی نەتەوەی کورد. ئەسڵی «خاوەندارێتی» لە پرۆسەی «نەتەوەسازی»دا لەسەر بنەمای درووستبوونی هەست و ئێحساسی هاوبەش، زۆرترین سەرنجی خراوەتە سەر. لە ڕەوتی درووستبوونی دەوڵەت_ نەتەوەکان لە ڕۆژئاوا بە تایبەت لە دوو وڵاتی ئاڵمان و فەڕانسە کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە ڕووداو و تەنانەت کارەساتن لەم پێوەندییەدا، ئەسڵی خاوەندارێتی لەسەر بنەمای ئێحساسی هاوبەش _کە شەرت نییە هەمیشە تێکەڵ بە چەمک و مانای ئۆمانیستی و ئەمڕۆیی هاوتەریب لەگەڵ مەنشوورە جیهانییەکان بێت_ بە بنەما و سەرەتای هەنگاوەکان لەم  پرۆسەیەدا وەرگیراوە. دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە پرۆسەی «نەتەوەسازی»دا هەم ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی کوردستانی بە خاوەن کرد، هەم توانی ئەو ئێحساسە هاوبەشە لەنێو خەڵکی کوردستاندا درووست بکات کە خۆیان بە خاوەنی ئەم دەسکەوتە بزانن. کۆماری کوردستان لە ڕەوتی دەسەڵاتداریی خۆی لەم ١١ مانگەدا بە کۆمەڵێک داهێنان و دەسکەوتی مێژووی توانی هەنگاوە کاریگەرەکانی دیکەی خۆی لە پێناو پرۆسەی «نەتەوەسازی»دا بهاوێ. هەر وەک شەهید دوکتور قاسملوو باسی دەکا، «ئەو کارانەی کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگدا جێبەجێی کردن، زۆربەیان ئاواتی لەمێژینەی خەڵکی کوردستان بوون». لەم ماوە کورتەدا کۆماری کوردستان کۆمەڵێک کاری کرد کە دەکرێ شوێنەوار و کاریگەریی هەرکامیان بەجیا و بەدرێژی لەسەر ڕەوتی ناسیونالیزمی کوردی و «نەتەوەسازی» شەن و کەو بکرێن، بەڵام لێرەدا تەنیا باسی دوو داهێنانی ئەم کۆمارە و ڕۆڵیان لەسەر «نەتەوەسازی»لە کوردستاندا دەکەین. پێکهێنانی «سپای میللی» و دانانی ناوی «پێشمەرگە» و، بەرزکردنەوەی «ئاڵای کوردستان» دوو لەو دەسکەوت و داهێنانانەی کۆماری کوردستان بوون کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە ڕۆح و ڕەوانی ئینسانی کورددا کارتێکەرییەکی قووڵی سایکۆلۆژیی داناوە و لەسەر ئاستی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستانیش بە هەموو بەشەکانیەوە، کۆمەڵێک ئێحساس و باوەڕی هاوبەشی دروست کردوون. هەست و نیازی «خۆپاراستن» بەرانبەر بە «ئەوی دیکە» کە نەتەنیا لە تۆ ناچێت و خەسڵەتە زەینییەکانی جیاوازن، بەڵکوو ڕەفتار و باوەڕەکانی هەڕەشەن لەسەر تۆ، هەستێکی هاوبەشی نەتەوەییە کە کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز بەرانبەر بە نەتەوەکانی دیکە هەیبووە. ئەم هەستە لە ڕەوتی مێژووی جووڵانەوەکانی کورددا لەوانەیە لە چوارچێوەی چەکدارکردنی بەشێک لە پێکهاتەی خێڵەکیدا کاری لەسەر کرابێ، بەڵام نەتوانراوە لەسەر ئاستی گشتی و «میللی» وڵامی شیاوی بدرێتەوە. کۆماری کوردستان بە پێکهێنانی سپای میللی لەژێر ناوی پێشمەرگەدا کە خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەتیی وەک «وەزارەتی پێشمەرگە» بووە، ڕاست وەڵامێکی گشتی و نەتەوەیی بەم نیازە دەداتەوە. پێکهێنانی سپای میللی (پێشمەرگە) ئەو دڵنیایی و متمانە هاوبەشە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان و تاکی کورددا درووست دەکا کە پاراستنەکەی مسۆگەرە. وڵامدانەوە بەم نیاز و هەستە هاوبەشە، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر درووستبوونی هەستێکی هاوبەشی دیکە بە ناوی «دڵنیابوون» لە پارێزگاریکردنی لە بەرانبەر ئەوی دیکەدا. هەر ئەم دڵنیابوونە هاوبەشە لە ڕێگای هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، بۆ جارێکی دیکە باوەڕێکی هاوبەشی جەماوەری لەنێو خەڵکی کوردستاندا بەرانبەر بە دیاردەیەک بەناوی کۆماری کوردستان درووست دەکا. لە کۆتاییدا ئەم هەستە هاوبەشە زەینییانە (زەروورەت، خاوەندارێتی، نیاز، بوون، متمانە، دڵنیایی، پاراستن، پارێزگاری و...) هەر هەموویان هەستێکی دیکەی هاوبەش لەنێو ئەم میللەتەدا درووست دەکەن کە پێی دەوترێ «باوەربەخۆبوون». ئەم ئێحساسە لە کۆماری کوردستاندا بە هەڵکردنی «ئاڵای کوردستان» بە ئەوجی خۆی دەگات. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کۆماری کوردستاندا گرینگییەکی تایبەتی پێدراوە. لە شار و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا، بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ڕێوڕەسمی پڕشکۆی ڕەسمی بە حزووری نوێنەری سەرکۆماری کوردستان بەڕێوە چووە. لەم ڕێوڕەسمانەدا بە دەیان هەزار کەس بۆ بینینی ئەو ساتانەی «ئاڵا» هەڵکراوە کۆبوونەتەوە و فرمێسک بەچاویاندا هاتۆتە خوارێ. کۆماری کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان مانای بوون و باوەڕبەخۆبوونی لە هەناوی تاک بە تاکی خەڵکی ئەم نیشمانەدا چاند. لە پرۆسەی «نەتەسازی»دا چەمکی «باوڕبەخۆبوون» و هەستکردن بە خودی خۆت وەک نەتەوە کە مافی خۆتە و دەتوانی وڵات و دەوڵەتی خۆت هەبێ، بە گرینگییەوە سەرنجی دراوەتێ. بۆیە دەتوانین بڵێین لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی و، تەنانەت ڕووخان و لە سێدارەدانی پێشەوای سەرکۆماریش، زۆرترین و لە هەمانکاتدا قووڵترین کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی «نەتەوەسازی» لە کوردستاندا داناوە. ***