کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆڕوێژ یادی ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەرز ڕاگیرا

21:48 - 2 رێبەندان 2718

ئێوارەی رۆژی شەممە ١٩ی یانواری ٢٠١٩ی زایینی، بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان، لە وڵاتی نۆڕوێژ ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە رێوڕەسمێکی بەشکۆدا ڕێزی لێ گیرا. سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان بە تایبەت شەهیدانی کارەساتی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات دەستی‌پێکرد. پاشان لە لایان بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە هاوڕێیان "یاسین حاجی زادە" و خاتوو "شەیدا ئەحمەدپوور"ەوە بەخێرهاتنی بەشداران و ئامادەبووان کرا. بەدوای ئەودا پەیامی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایان هاوڕێ حەسەن غەمبار بەرپرسی کۆمیتەی نۆڕوێژەوە خوێندەرایەوە کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: "ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و بۆ کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەتی ساڵێکی دیار و تایبەت بوو، چونکە لە هاوینی ئەوساڵەدا بوو کە کۆمەڵەی ژێکاف (کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد) دوای سێ ساڵ تێکۆشانی بەردەوام و نیشتیمانپەروەرانە، جێی خۆی دا بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و، بەو شێوەیە بەردی بناغەی رێکخراوێکی سیاسی مۆدێرن و دێموکرات و رزگاریخواز داندرا کە پێشەوا قازی محەممەد ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە بونیادنانیدا هەبوو." هاوڕێ حەسەن غەمبار لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە هەلومەرج و بارودۆخی ئەوکاتی ئێران و ناوچەکە گوتی: "چەند مانگ دواتر، لە رۆژی ٢ی رێبەندانی هەمان ساڵدا، بە کەڵکوەرگرتن لە هەلومەرجی جیهانی و دەرفەتێک کە لە ناوچەکەدا هاتبووە پێشێ، خەڵکی کوردستان بە رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد، توانیان تابۆی سیستمی پاشایەتی لە ئێراندا بشکێنن و بۆ یەکەم‌جار لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا حکومەتێکی نەتەوەیی لە شکڵی کۆمارییدا بنیات بنێن و شاری مەهابادیش وەک پێتەختی ئەو کۆمارە دیاری بکەن. بەم شێوەیە بە رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا بلیمەتەکەی بوو کە گەلی کورد لەو پارچەیە لە نیشتمانی دابەشکراوماندا توانی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت بە مافە نەتەوایەتییەکانی شاد بێت و خۆی لە ریزی گەلانی رزگاربووی جیهاندا ئەژمار بکات." بەرپرسی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان گوتیشی: "هەر چەند تەمەنی کۆماری کوردستان کورت بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا سیاسەت و بەرنامە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمار بوون بەجێی هیوای کورد لە هەموو بەشەکاندا و لە ڕاستیدا هەموو لایەک ئامادەی بەشداری و خزمەتکردن لە کۆماردا بوون، بەشداریی بارزانییەکان بە سەرۆکایەتیی نەمر مەلا مستەفا بارزانی و سەردانی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی کوردستانی تورکیە بۆ کۆمار، ئەو راستییە دەسەلمێنن، هەر بۆیەش دەبینین دوای رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و باقی رێبەرانی کۆمار، لە ٧٢ساڵی رابردوودا لەهەر جێگا و کاتێکدا دەرفەتێک خوڵقا بێ‌، گەلی کورد بۆنە و رێوڕەسمی بۆ پیرۆزکردنی ئەو یادە پێک هێناوە و سەرکوت و زەبر و زەنگی دیکتاتۆرەکان ئەو یاد و بیرەوەرییەی بەهێزتر کردووە. بە چەشنێک کە ئێستا تاکی نیشتمانپەروەری کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان یادی کۆمار و پێشەوا و ٢ی رێبەندان بە هی خۆی دەزانی و هەموویان بە ئاواتی ئەو رۆژەن کە جارێکی دیکە کۆمارێک دابمەزرێنن کە نەک هەر یادەکەی، بەڵکوو بۆ خۆشی هەر بەسەر پێوە بمێنێ." ئەوجار پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە لە لایان خاتوو شنە حەکیمزادەوە پێشکەش کرا. ناوبرا وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنە، ئاماژەیەكی كورتی بە كۆماری كوردستان كرد و گوتی: " دەستكەوتەكانی كۆمار لە ھەموو بوارەكاندا بێ وێنە بوون و ھەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردی لەخۆ گرتبوو كە ژنانیش لەو دەستكەوتە مێژووییە بێبەش نەبوون و لە ژیر سێبەری ئەو كۆمارە دا بە دەستپێشخەری و پشتیوانی پێشەوا قازی محەممەد ،یەكەم ڕێكخراوی تایبەت بە ژنان دامەزرا و ژنانیش توانیان بێنە مەیدان و لە پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان دا ڕۆڵ بگێڕن." خاتوو شنە حەکیمزادە لە بەشێكی دیکەی پەیامەکەیدا ئەوەشی خستە ڕوو کە: "دوای تێپەڕبوونی ٧٣ساڵ بەسەر دامەزرانی كۆماری كوردستاندا، ژنان ھەروا لە مەیدان دان و بەشداریی خەباتی نەتەوەیی و یەكسانیخوازی دەكەن كە لە ١٧ی خەرمانانی ئەوساڵدا و لە ئەنجامی ھێرشی مووشەكیی كۆماری ئیسلامی ئیران بۆ سەر قەڵای دێموكرات، دوو سكرتێری ئەو ڕێكخراوە ھاو كات دەگەڵ چەند كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی رێبەریی دیکەی حیزب، گیانی خۆیان بە ڕێگای ڕزگاری و یەكسانی بەخشی." هەرەوەها گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەدا كە ژنان بێ وچان بەشداری خەباتی ڕەوای گەلی كوردیان كردووە مخابن ژنان تا ئێستاش لە ژێر ستەم و دەسەڵاتی كۆنەپەرەستانەی كۆماری ئیسلامی دا دەچەوسێنەوە و زۆر جاریش دەبنە قوربانی دواكەوتوویی و نەریتی باوی كۆمەڵگا." دوابەدوای پەیامەکان، هونەرمەندی نیشتمانپەروەر و ناسراوی گەلەکەمان کاک مستەفا دادار، بە دەنگە خۆشەکەی خۆی و گوتنی چەند گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕی، جۆش و خرۆشێکی تایبەتی بە رێوڕەسمەکە بەخشی و لە لایان هاوڕێ کەریم ئەڵڵاوەیسی بەرپرسی پەیوەندییە نۆڕوێژییەکانی کومیتەی نۆڕوێژەوە، بە ناوی سەرجەم ئەندامانی کومیتە و بەشدارانەوە چەپکە گوڵی رێزلێنان پێشکەش بەو هونەرمەندە خۆشەویستە کرا. ئەوجار مایکی ئەو رێوڕەسمە درایە هونەرمەندی دەنگخۆش و تێکۆشەر کاک بێهروز لوتفی و لە بڕگەیەشدا، ناوبراو بە دەنگە خۆشەکەی خۆی رێوڕەسمەکەهەرچی زیاتر رازاندەوە و هاوکات دەگەڵ گۆرانی، شایی و هەڵپەڕکێ و شادی بەشداران تا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو و لە کۆتاییدا، لاوی دەنگخۆش کاک رێباز خنکاڵی چەند گۆرانییەکی پێشکەش کرد. شایانی باسە هەریەک لە: - یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی رۆژھەڵاتی كوردستان - كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان - كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران - بزووتنەوەی گۆڕان برووسکەی پیرۆزباییان ناردبوو و پەیامی یەكیەتی نیشتمانیی كوردستان لە لایەن كاك "سەلیم بەرزەنجی" و پەیامی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە لایەن خاتوو "شنۆ"وە هاتنە پێشكەش كردن.