کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای فڕۆکەوانی "ماهان" بۆ ئاڵمان لە پێوندی لە گەڵ تێرۆریزم

22:06 - 2 رێبەندان 2718

بەپێی ڕاپۆرتی "ئشپیگڵ ئانلاین" دەوڵەتی ئاڵمان لە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە گەشتە ئاسمانییەکانی بەڕووی فڕۆکەکانی کۆمپانیای "ماهان"ی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگرت کە ئەم هەواڵەش رۆژی دووشەممە لە لایەن ئیدارەی گواستنەوەی فیدڕاڵی ئاڵمان ڕاگەیەندرا. هەر لەو پێوەندییەدا کەمێک دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان رایگەیاند، نیشانەکان وادەردەخەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەکانی خۆی بۆ تێرۆری دژبەرەکانی لە ئورووپا پەرە پێداوە. لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی دوو ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئاڵمانی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە ئورووپا پشتڕاستکردۆتەوە. کاربەدەستانی ئاڵمانی نیگەرانی ئەوەن کە کۆمپانیای "ماهان" دەستی هەبێ لە گوستنەوەی چەک و چۆڵ بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە ئورووپا. بە وتەی "ئشتفان زایبرت" وتەبیژی دەولەتی ئاڵمان، گەمارۆکان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئاڵمان و بەرەنگار بوونەوەی تێرۆریزمە لە ئاڵمان و ئورووپا. "ئشپیگڵ" لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی دا نووسی: زۆربەی وڵاتانی یەکیەتی ئورووپا کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە جاسووسی و کردەوەی تێرۆریستی لە وڵاتەکانی خۆیاندا. کۆمپانیای ماهان لە ساڵی ٢٠١١ وە کەوتۆتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا و تۆمەتبار کراوە بەوەی کە بە جێگەی گەشتیار و مسافیر چەک و چۆڵ دەگوازێتەوە بۆ وڵاتی سووریە. شایانی باسە کە لە ماوەی چل ساڵ تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەدان دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن تێرۆریستەکانی ئەو ڕێژیمەوە کوژرا و برایندار و بێ سەروشوێن کراون. بەشێک لەو تێرۆرانە لە ئورووپا ئەنجام دراون کە لەنێو قوربانیەکاندا دوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و چەند هاوڕێیەکیان نموونەی بەرچاوی ئەو قوربانیانەن و لە سەر تێرۆری دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی، دادگای فیدڕاڵی ئاڵمان سەرانی پلە بەرزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەو پێوەندییە دا مەحکووم کرد کە ریسواییەکی گەورەی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو.