کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی وڵاتانی ئیسکاندیناوی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان جیاوازن!

22:23 - 3 رێبەندان 2718

لە باکووری ئوڕووپا مەڵبەندێک هەیە بەناوی ئیسکاندیناوی، وڵاتانی ئەو مەڵبەندە بریتین لە سوئێد، نۆروێژ، فینلاند، دانمارک، ئیسلەند و دوڕگەکانی فارۆ. ڕیشەی زمانیی خەڵکی ئەو وڵاتانە ئاڵمانییه‌. خەڵكی ئیسکاندیناوی بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر شەڕکەرانی وایکینگ، کە زەمانی زوو بە کەلکوەرگرتن لە بەلەم و کەشتی هێرشیان دەبردە سەر وڵاتانی دیکە و تاڵانیان دەکردن! سەرکردەکانی ئەودەمی باکووری ئوڕووپا گەلێک خوڕافاتی بوون بە خودای وایکینگەکان کە (سوروئودین) و (گورکی زەبەلامی فنیر)یان پێ دەکوتن و، وایکینگەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون، ئەگەر بکوژرێن ڕووحیان دەچێتە (والهاڵا) واته‌ بەهەشتی وایکینگەکان و هاوڕێ لەگەڵ شەڕکەرانی نێو چیرۆکەکان لە دەوری مێزێکی گەورە ڕۆدەنیشن و شەڕابی پاکی والهاڵایی دەخۆنەوە و سەرخۆش سەرخۆش پێدەکەنن! بەڵام نەسلی ئێستایان لە ڕادەبەدەر فەرقیان هەیە. خەڵکانی ئیسکاندیناوی کە بە نۆردیکەکان بەناوبانگن، وەکوو خەڵکانێکی ئارام و ئاشتیخواز، لە هەمان کاتدا ژیر و بیرمەند ناسراون، کە نەتەنیا ڕاووڕووتێ ناکەن بەڵکوو بە جۆرێک پشتیان بە ژێرخانی ئابووریی تۆکمەی خۆیان بەستووه‌ کە دانیشتوانیان بێوەیکە چاویان لە ماڵی خەڵکانی تر بێ، بە ئاسوودەیی تەواو دەژین! دامەزراوەی (لگاتۆم) کە دەزگایەکی چاودێری و هەڵسەنگاندنە، هەموو ساڵێ چاو بە کارکردی فاکتۆرەکانی ئابووری، کارگێڕی، سیستمی دەستەڵات، خوێندن، سڵامەتی و پاک و خاوێنی، ئەمنییەتی تاکەکان و کۆمەڵگه‌، ئازادی تاک و ڕادەربڕین، ئازادی میدیا و ڕۆژنامە، سامانەگشتییەکاندا دەخشێنێتەوە لە پۆلێنبەندێکی ڕێکوپێکدا بە شێوەیەکی یاسایی ڕیزبەندێک دەخاتە ڕوو کە لەودا خۆشحاڵترین و بەئاسایش ترین وڵاتی ناوچەکە دەست نیشان دەکا. باشە ئێستا بزانین بۆ خەڵکێک کە تەنیا دەیانزانی بە زەبروزەنگ و گورز و شمشێر زگی ماڵ و منداڵیان تێر کەن هەنووکە وا پێگەیشتون کە دەتوانن وڵاتانی بەفر و سەهۆڵ ئا بەم شێوەیە بەڕێوە بەرن؟ ئێمە ئەگەر دەمانهەوێ وڵاتێکمان هەبێ کە هەژاری، هەڵاواردن و، نەزانی نەبنە هۆ بۆ ئه‌وەی کە خەڵک دە گیانی یەکتر بەربن، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە هەموو بەستێنەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسیدا ڕەچاوی عەقڵ و مەنتق بکەین، ئەگەر دەمانهەوێ خەیاڵ و بیری سواو لە کەڵکەڵەی خەڵکەکەماندا نەمێنێ، دەبێ گرینگی زیاتر بە خوێندن و زانستگه‌ و زانستی سەردەم بدەین، ئەگەر نامانهەوێ گیرۆدەبوون بە نەخۆشی یا ئازاری سامناک خەڵکەکەمان لە مەترسییه‌کان دوور بخاتەوە دەبێ ژێرخانی ساغی و سڵامەتی و پاک و خاوێنیمان  کۆنکرێت و تۆکمە بێ! ئەگەر دەمانهەوێ خەڵکی وڵاتەکەمان کرداریان پێگەیشتووانە و تێگەیشتووانە بێ دەبێ گرینگی  بدرێ بە ئازادیی تاک، لە ئاکامدا بەڕێوەبردنی ئەو ڕاسپاردانە پێویستی بە دەوڵەتێکی پایەدارە کە به‌بێ دروشم دان خزمەت بە خەڵک و وڵات بکا! ئەو سیستمەی کە وڵاتانی ئیسکاندیناوی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان دە کاریان کردووه‌، سیستمێکە پێی دەڵێن (مۆدێلی نۆردیک) کە خۆیان بە سیستمی ڕەفاقەتی ناو دەبەن، بەرچاوترین تایبەتمەندی کە لەو سیستمەدا هەیە، ئەوەیە کە بەرژەوەندیی گشتی بەسەر بەرژەوەندیی تاکدا زاڵە و نەهادینە کراوە! لێرەدا پێویستە بەراوردێک بکەین لە نێوان سیستمی نۆردیک و سیستمی سەرمایەداریی ئەمریکایی، لە ئەمریکادا تۆ چ وەک "بیل گێیتس" مانگانە دە میلیۆن دۆلارت دەست کەوێ، چ وەک یەکێک لە مووچە خۆرانی بیل گێیتس دە هەزار دۆلار وەربگری، ئیدارەی ماڵیات ١٣ لەسەدی مووچەی تۆ وەک ماڵیات دەگێڕێتەوە، هەتا بۆ قازانجی گشتی کەلکی لێ وەرگرێ، بە دڵنیاییەوە لە وه‌ها نیزامێکدا چینی دەوڵەمەند ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەندتر دەبێ و خەڵکی مامناوەندیش دەبێ بەردەوام بە دووی پارەدا هەڵێن! پاش ماوەیەک کۆمەڵگه‌ دابەش دەبێ بە سەر دوو چینی کەم داهات و دەوڵەمەند، لەو نێوەدا کەم داهاتەکان کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگه‌ پێک دێنن بەرەوڕووی کێشەی ماڵی دەبنەوە، بۆیە بۆ وەدەستهێنانی بارودۆخ و گوزەرانێکی باشتر ڕوو لە کاروکردەوەی نایاسایی دەکەن، پاش ماوەیەک دەبینین یەکڕیزی کۆمەڵایەتی، چەتی تێدەکەوێ و بەرەو لێک هەڵوەشان دەڕوا، لە ئاکامدا جووڵانەوە ناڕەزایەتییه‌کان شکڵ دەگرن بەڵام لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی دەوڵەت ٤٠ هەتا ٦٠ لەسەدی داهاتی ئێوە وەک ماڵیات بڕ دەدا! کەچی خەڵکی ئەو وڵاتانە به‌بێ ئه‌وەی کە وەزعەکە بشێوێنن، ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئەو بڕە پارەیە بە دوودەستی  دەدەن بە دەوڵەت، چون ئەوان باش دەزانن ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕێیان کەوتە نەخۆشخانە، یا ویستیان بچنە زانستگه‌ پێویست ناکا پووڵ و پارە بدەن بە دەوڵەت، یاسا دەڵێ تۆ کە پارەیەکی زۆرتر وەدەست دێنی، پێویستە و دەبێ ماڵیاتی پتریش بدەی! هەر بۆیە لەو شێوە نیزامەدا مەودای چینایەتی بەدی ناکرێ! ئەگەر ئەمشەو بۆ  شام خواردن مریشکت  هەیە، ئاسوودە دەزانی هاووڵاتییه‌کانت وەک پشیلە هەتا نێوقەدیان ناچنە دە ستڵی زبڵێوە! کاتێ کە هەژاری نەبێ و هەر کەس دەستی لە گیرفانی خۆیدا بێ، ڕادەی سزا و جینایەت لە خۆوە دادەبەزێ و کۆمەڵگه‌ ئارامی بە خۆوە دەبینێ، ئەو کاتەیە کە خەڵک دەرفەت پەیدا دەکەن، کاتیان تەرخان دەکەن بۆ کاری گرینگ وەک سەنعەت و عیلم و زانست، نەک خوێندن بۆ وەدەستهێنانی مەدرەک و شادنامە، بۆ دانیشتن لە پشت مێز و بەڕێوەبردنی کاری هاسان و دەرهێنانی پووڵی زیاتر، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کەسانێک کە لەگەڵ کولتووری وڵاتانی ئیسکاندیناوی گەورە دەبن ئارەزوو و تەماحیان تا ئاستێکی نزم دادەبەزێ، هەر بۆیە پێویست ناکا لە ژێر پێی کەس بدەن! چون هەم خاوەنی دەستەڵاتێکی خەڵکی و هەم ئەمنییەتی شوغڵی تەواویان هەیە، بە جۆرێک ئەگەر تۆ بە هەر هۆیەک کارەکەت لەدەست بدەی بۆ ماوەی ٢٠٠ ڕۆژان، ڕۆژانە ٨ لەسەدی ئەو مووچەی وەرت دەگرت وەک بیمەی بێکاری دەت درێتێ ئەگەر ١٠٠ ڕۆژی دیکەش درێژەی کێشا ئەو ڕادەیە دادەبەزێ بۆ٧٠ لەسەد، ئەگەر دیسان درێژەی کێشا دەبێتە ٦٠ لەسەد، هەرچەند لەو جۆرە کۆمەڵگه‌یەدا کولتووری زاڵ بە جۆرێکە خەڵکەکەی نایانهەوێ بە مشەخۆر بژین، لە ماڵێ دانیشن و پارە لە حکوومەت وەربگرن! دەکرێ بەراوردێکی دیکەش بکەین لە  نێوان ئەو چەند وڵاتە و ئەو وڵاتانەی کە قودرەت و سامان لە قۆرغ و پاوانی ژومارەیەک دەستەڵاتدار دایە و خەڵکانی تر لە بەشێکی زۆری قازانج و سامانە نەتەوەییەکان بێبەشن، بە جۆرێک هەرچەند تێبکۆشن و تەقەللا بدەن تا نەگەنە بازنەی قودرەت و سامان، دەستیان وە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی ڕاناگا! گرینگی لەوەدایە کە لەو پەڕی ئاوسانیی ئابووریی ئوڕووپادا بەشێکی زۆر لە کارناسانی ئابووری، پێیان وابوو کە وڵاتانی ئیسکاندیناوی کە پاڵ پشتی ئابوورییه‌کەیان ماڵیاتە، تێدا دەچن! بەڵام ڕاست بە پێچەوانەی ئەو داوایە  وڵاتانی وەک ئینگلستان، فەڕانسە و ئیسپانیا ناچار بوون بۆ بەرگری لە پتر تەشەنە کردنی ئاوسانی ئابووری لە وڵاتەکانیاندا، بە داسەپاندنی ماڵیاتی زیاتر لەسەر چینی مامناوەندی و کرێکاران و لادانی ژومارەیەک لە مووچەخۆران لە سەر کارەکانیان، بەتوندی بوو بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی خەڵکی لەو وڵاتانە، هەتا وای لێهات ناڕەزایەتییه‌کان لە ئابوورییەوە هەڵکشا بۆ کۆمەڵایەتی، تا ئەو جێگایەی لە ئینگلستاندا جموجۆڵەکان ڕەنگ و بۆنی ڕه‌گه‌زپەرستی (راسیستی) یان بە خۆوە گرت، بە جۆرێک کرێکارەکان هاواریان دەکرد بۆچی کار دەدەن بە غەوارەکان (بێگانەکان)، لە فەڕانسەش لە چەند شوێن کرێکارەکان خاوەن کارەکانیان بە بارمتە گرت بۆ ئه‌وەی کە مافی خۆیان دەستەبەر کەن، لەولاشەوە لە ئەمریکا بۆ چەسپاندنی بیمەی پاک و خاوێنی وسڵامەتیی باشتر بۆ خەڵک بە گشتی ئەوەندەی نەمابوو کە هاوڕایان و  دژبەران، لە مەجلیسی سەنا بەربنە گیانی یەکتری! بەڵام لە وڵاتێکی وەک نۆروێژ، سەرۆک وەزیرانی وڵات زۆر ئاسایی بەیانیان بە سواری باسکیل دەچێتە شوێنی کارەکەی و حیساب بۆ خەڵکی دەکا، بە کراسی بێقۆڵ لە بازاڕی دەسووڕێتەوە و لە دووکانان شتی دەکڕێ وەک خەڵکی ئاسایی به‌بێ ئه‌وەی کە سەد کەس وەک سواڵکەرەکانی مامڕایە، دەوریان گرتبێ نە لە کەس دەترسێ نە کەس لەو دەترسێ! لەوانەیە هەموومان وا بیر بکەینەوە کە وڵاتێکی وەک نۆروێژ کە وەک گوندان دەچێ و ئەوەندە وڵاتێکی بەفر و سەهۆڵە و هیچ بەروبوومێکی کشتوکاڵی لێ پێ ناگا لەو ڕادەیەشدا نییە کە بتوانێ شتێکی فێری وڵاتانی دیکە بکا؟! بەڵام زۆر گرینگە و  پێویستە بزانین کە هەر ئەو نۆروێژییانە هەتا ئێستا دوو جاران لە ڕاپرسیدا دەنگیان بەوە نەداوە کە ببنەئەندامی یەکیه‌تیی ئوڕووپا! هەر ئەو نۆروێژییانە ڕۆژی نەتەوەیی (میللی)یان بێڕێژە و مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبەن، هەرچەند ئەندامی ناتۆن، لە جیاتی ئه‌وەی کە وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان شانتاژ و مانۆڕی نیزامی وەڕێخەن و پۆز بە ئەژدادە شەڕکەرەکانیانەوە لێ بدەن، لە ١٧ی مەی هەموو ساڵێ شەقامەکانیان پڕ دەبن لە خەڵکانی شاد و منداڵی دەم بە پێکەنین کە جلوبەرگی ڕەسەنی نۆروێژی دەبەردەکەن، لەهەموو وڵاتانی ئیسکاندیناوی سەیر ئەوەیە پۆلیسەکانیان لە کاتی ئاساییدا چەکی گەرم هەڵناگرن، سزای ئێعدام بۆ هیچ تاوانێک ڕەوا نییە! هەرچەند ساڵ پێش بوو کەسێک کە لەباری دەروونیشەوە ساغ بوو بە ئەقڵێکی تەواو، نیزیک بە ٨٠ کەسی کوشت کە بەشی زۆریان گەنج بوون! کەچی دادگا تاوانباری بە ٢١ ساڵ زیندانی سزا دا! لەوەش گرینگتر تاوانبار ئەگەر بە خۆیدا بێتەوە و خۆی ئیسلاح کا، شەرت نییه‌ تەواوی ٢١ ساڵەکەی لە زینداندا بێ، ئەگەر لەو ماوەیەدا  کردەوەی باشی لە خۆی نیشان دا دوای دە ساڵان دەتوانێ بەشەرت لە زیندان ئازاد کرێ، ئەوەی ڕاستی بێ ئەو وڵاتانە توانیویانە ڕادەی جورم و جینایەت لە وڵاتەکانیان بە شێوەیەک بێننە خوارێ کە بە پێی ئەو ئامارانەی دەبیندرێن جیا لەو جینایەتەی نۆروێژ هەر سێ ساڵ جارێکیش هیچ قەتڵێک لەو وڵاتانە نەکراوە! هەمووی ئەوانە بوونەتە هۆی ئه‌وەی کە خەڵکی وڵاتانی ئیسکاندیناوی لەجۆری ئیدارەی وڵاتەکانیان ڕازی بن و بە بەختەوەرترین خەڵکی سەر گۆی زەوی بناسرێن. بەڵام ئێستا بە هاتنی پەنابەران لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بۆ وڵاتانی بەشی ئیسکاندیناوی تا ڕادەیەک هەلومەرج بۆ نۆردیکەکان ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە  زۆربەیان کە بۆ کار یا خوێندن ڕوویان کردووه‌تە ئەو وڵاتانە، نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ فەرهەنگ و کولتووری باکووری ئوڕووپا بگونجێنن، کە گەلێک کێشەیان بۆ ئەو وڵاتانە درووست کردووه‌ بۆیە وەرگرتنی پەنابەران لەو وڵاتانە لە ڕووی تێبینییەوەیە. (بەڵام بزانن  خوێندنەوەی کتێب لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی لە سەرووی هەموو جیهانە! بەگشتی خەڵکانی ئەو وڵاتانە فێر بوون کە چۆن جۆش و خرۆشیان تێکەڵاوی بیرکردنەوە بکەن و بە گوێرەی ئەقڵ و مەنتق ژیان بەرنە سەر، بە جۆرێک ئێستاش کتێب و ڕادیۆ لەو وڵاتانە بۆ گەشەکردنی ئاستی زانیاریی خەڵک دەوری فرەیان هەیە خەڵک گرینگیان پێ دەدەن) مەبەست لە نیشاندانی ئەو بابەتە ئەوە نییە کە هانی خەڵكمان دابێ بەرەو وڵاتانی ئیسکاندیناوی بێن یا مەبەستمان ئەوە بێ خەڵکی ئەو وڵاتانە لە هەموو گەلانی جیهان ئاقڵتر و ژیرترن نەخێر ئەوانیش خەڵکانێکن وەکوو  ئێمەومانان و خەڵکانی تر، تەنیا مەبەستمان ئاگادار کردنەوەی هەموو لایەکە له‌مه‌ڕ ئاستی وشیاریی دانیشتووانی ئیسکاندیناوی و شێوەی ئیدارەی دەستەڵات لەو وڵاتانە، مەبەست ئەوەیە بڵێم کە ئاڵوگۆڕی ئه‌رێنی کاتێک پانتای کۆمەڵگه‌ دەگرێتەوە کە تاک تاکی کۆمەڵگه‌ خاوەنی هزروبیری ئه‌رێنی بن، بە جۆرێک ئەو شێوە هزروبیرە پراکتیزە (بە کردەوە) بکرێ، بە هیوای ئەو ڕۆژە کە خەڵکانی جیهان بەگشتی دەست لە نێو دەست ڕیشەی نەزانی و کۆنبیری و هەژاری بنەبڕ بکەن.