کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی ٢ی ڕێبەندان لە شاری مەریوان

22:36 - 3 رێبەندان 2718

لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری نیشتمانپەروەری مەریوان چالاکیی تەبلیغی کرا. رۆژی ٢ی ڕێبەندان کە هاوکاتە لە گەڵ رۆژی دامەزرانی کۆماری مەزنی کوردستان لایەنگران و دۆستانی حیزبی قازی وقاسملوو و شەڕەفکەندی لە شاری مەریوان لە چالاکییەکی تەبلیغی‌دا ئەو یادەیان بەرزڕاگرت. بەشێک لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەریوان رۆژی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی تڕاکت و نووسراوەی شٶڕشگێڕانە لە نێو شار و دەوروبەری ئەوشارە ، لەو ڕێگایەوە بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیمانی وەفادارییان نوێ‌کردەوە. لاوانی بەهەست و هەڵوێستی مەریوانی لەو چالاکییە‌دا سڵاویان ناردوە بۆ پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم درێژەدەرانی ڕێگای ئەو ڕێبەرە ناوازە، کە گیانی خۆی پێشکەش بە سەرکەوتن و ئازادی گەلەکەی کرد. شیاوی باسە خەڵکی شارەکانی کوردستان ، بەتایبەتی لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەمساڵ بە گەرم وگۆڕی زیاترەوە پێشوازییان لە ٢ی ڕێبەندان کرد و چالاکییەکان بە بۆنەی ئەو یادە نەتەوەییە هێشتا لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.