کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی مەدەنیی کورد سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

22:41 - 3 رێبەندان 2718

دەزگای قەزایی ڕژێمی ئێران له سنە سزای سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەر چالاکێکی مەدەنیی کوردی دانیشتووی ئەو شارەدا سەپاند. بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لقی دووی دادگای شۆڕشی سنە سزای سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ "موختار زارعی" چالاکوانی مەدەنی کورد دەرکردووه بێ ئەوەی ناوبراو خۆی له کۆبوونەوەی دادگادا ئامادە بێت. نوابراو لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردوتەوە. موختار زارعی بە تۆمەتی " سووکایەتی بە ڕێبەری" بە دووساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "بانگەشە بە دژی ڕژیم" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دراوە. له حوکمی دادگادا هاتووە کە دوای لێکۆڵینەوە بانترین سزا کە دوو ساڵ زیندانی تەعزیزیە لەسەر ئەو چالاکوانە کورده جێبەجێ دەکرێ. ڕۆژی سێشەممە 16ی گەلاوێژی ئەماساڵ ، موختار زارعی بە دانانی بارمتەی 200 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا ئازاد کرا. جێی‌ئاماژەیە ناوبراو ڕۆژی شەممە 30 مانگی پووشپەڕ دوای چوون بۆ دادگای گشتی و ئینقلابی سنە دەسبەسەر و بۆ زیندان ڕاگوێزرا بوو. کە پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. شیاوی باسە موختار زارعی ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سنە لە زنجیرە بابەتێک ڕووبە ڕێبەری باڵای نیزام، سەید عەلی خامنەیی بە تاوانباری کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە لە قەڵەم داوە.