کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەوارناسێکی کورد لە کرماشان دەسبەسەر کرا

19:53 - 4 رێبەندان 2718

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان چالاکێکی فەرهەنگی و شوێنەوارناسێکی ئەم شارەیان دەسبەسەر کرد. ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە، ۱ی رێبەندان ناسر ئەمینیخا، دانیشتوی دەوڵەتاوای شاری کرماشان لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا. هەروەها پاش پشکنینی ماڵەکەی دەست بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی ناوبراو وەک کۆمپیوتێرەکەی داگیرا و بۆ خۆیشی تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. ناسر ئەمینیخا، چالاکی فەرهەنگی و توێژەر لە بواری شوێنەوارناسییە و دوایین لێکۆلینەوەی بە هاوکاریی دانیشگای کۆپێنهاگن لە تەپەی خەیبەر لە ڕوانسەر بووە، هەروەها بەرهەمی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی مەیدانیی لەبواری فەرهەنگی و کەونینەناسی لەسەر ناوچەی هەورامان و بەشەکانی تری کوردستان و ئێران هەبووە. ناوبراو جگە لە چەندان وتاری زانستی لە بابەت کەونینەناسی و شوێنەوارەوە بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی، خاوەنی دوو کتێبی لەسەر هەورامان ناسی و لە بومەلەرزەکەی سەرپێل زەهاویشدا لە پێراگەیشتن و یارمەتیدانی لێقەوماوان هەڵسووڕ و چالاک بوو. شایانی باسە کە تا ئێستا هۆکاری گرتنی ناوبراو نەزاندراوە و ڕوون نییە لە کوێ بەندکراوە.