کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماتێکی ڕێژیمی تاران ددان بە کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمەکەیدا دەنێ

05:30 - 6 رێبەندان 2718

  عەلی ماجدی، باڵیۆزی پێشووی ڕێژیمی تاران لە ئەڵمانیا، کە نیزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر گەڕایەوە تاران و بەرپرسیارەتییەکەی بە کارداری ڕێژیم لە ئەڵمانیا سپارد، لە وتووێژێکی تیروتەسەلدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا بۆ یەکەم جار ددانی بەوەدا ناوە، کە ناتوانن ئەو بەڵگانە ڕەد بکەنەوە، کە وڵاتانی ئەوروپایی لەسەر کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیم لەو وڵاتانەدا وەدەستیان خستوون و، دەڵێت: ''وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی ئیدیعاکانیانەوە سەبارەت بە کردەوەی تیرۆر و سیخوڕیی ڕێژیم لەو وڵاتانەدا کۆمەڵێک بەڵگەیان خستووەتە ڕوو کە ئێمە ناتوانین بە ئاسانی لێیان دەرباز بین.'' باڵێۆزە خانەنشینەکەی ڕێژیم پێی وایە، نەدەبوو کەڵەوەکێشی لەگەڵ ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا بکەن و دەڵێت ''وامان نیشان داوە کە تاکو ناچار نەبین مل بە وتووێژ نادەین... ئێمە لەم ماوەیەدا تەنانەت نەمانتوانی متمانەی وڵاتانی ئەوروپاش بە لای خۆماندا ڕاکێشین. وڵاتانی ئەوروپا کارمان لەگەڵ دەکەن، کەچی متمانەیان پێمان نییە. ئەوە دەبینین لەم ماوەیەدا لە نێوان ئێمە و ئەوروپادا چی ڕووی داوە، من نامەوێ بابەتەکان وەرد بدەمەوە، بەڵام بەو دوو سێ هەڵەیە ئەو متمانەیەمان لەنێو برد کە خەریکبوو لە نێوان ئێمە و ئەوروپادا پێک دەهات.'' مەبەستی کۆنەباڵیۆزەکەی ڕێژیم لە دوو سێ هەڵە، ئەو ڕووداوانەیە کە مانگی پووشپەڕی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ سەفەری حەسەن ڕۆحانی بۆ وڵاتانی سویس و ئوتریش (سویسرا و نەمسا) بە مەبەستی ڕزگارکردنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیم، بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپاییش وەکو ئەمریکا پشتی تێ نەکەن، هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە، کە دیپلۆماتێکی ئێرانیی دانیشتووی ڤیەننا بە تاوانی هاوکاریی ژنومێردێک کە ویستوویانە بۆمب لە کۆبوونەوەیەکی شووڕای میللی مقاومەت لە پاریس دابنێن، لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونەکەی خۆی، واتە لە ئەڵمانیا دەستگیر کراوە. لەم دواییانەشدا کەسێک بە ناوی ''عەبدولحەمید''، وەرگێڕ و ڕاوێژکاری فەرهەنگیی سپای ئەڵمانیا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی تاران دەستگیر کراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵبانیاش دەڵێت، ئەو وڵاتە دوو دیپلۆماتی ڕێژیمی تارانی دەرکردووە کە خەریکبوون دژی ئەمنییەتی ئەو وڵاتە کاری ناقانوونی بکەن. پەنابەربوونی چالاکانی عەرەبی ئەهوازی لە وڵاتانی هۆڵەندا و دانمارکیش کێشەی لە نێوان ئەو وڵاتانە و ڕێژیمی تاراندا لێ کەوتووەتەوە. لە مانگی خەزەڵوەری ڕابردوودا دانمارک ڕێژیمی تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ویستوویەتی لە خاکی دانمارکدا چالاکانی عەرەبی ئەهواز تیرۆر بکات و پاش ئەوە، وەزیری دەرەوەی دانمارک ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار ڕایگەیاند: ''یەکێتیی ئەوروپا بە هۆی پلاندانان بۆ تیرۆر لە خاکی ئەوروپادا کۆمەڵێک گەمارۆ بەسەر دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ڕێژیمی تاراندا دەسەپێنێت.'' هۆڵەنداش ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی تاران دوو کەسی لە خاکی ئەو وڵاتەدا تیرۆر کردووە. دیپلۆماتەکەی ڕێژیم ئیشارە بەو ڕووداوانەی ئەوروپا دەکات و پێی وایە، ئاسان نییە حاشا لەو کردەوە تیرۆریستییانەی خۆیان بکەن و دەڵێت: ''کە ئێمە لە نێوخۆی وڵاتدا ڕووبەڕووی ''کردەوەی سەرەڕۆیانە'' دەبێنەوە، ئاخۆ دەتوانین حاشا لە کردەوەی هاوشێوە لە دەرەوەی وڵات بکەین؟'' ''کردەوەی سەرەڕۆیانە'' دەستەوشەیەکە کاربەدستانی ڕێژیم بۆ کاری ئەو کەسانەی بەکار دێنن، کە شەقاوە و لاتولووتن و کاربەدستانی ڕێژیم فەرمانیان پێ دەکەن هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان لە تاران، یان هەر کارێکی ڕێژیم بییەوێت دەیکەن و دواییش دەڵێن، ئەوانە کەسانێکی توندئاژۆی لایەنگری ڕێژیمن و بەبێ پرسی ڕێژیم ئەو کارەیان کردووە. بۆ نموونە، کە هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانە و کونسووڵخانەی عەرەبستانی سعوودی ئەم دەستەوشەیەیان بەکار هێنا. ئەوەی کە لەم وتووێژەی کۆنەدیپلۆماتەکەی ڕێژیمدا جێی سەرنجە، ئەوەیە کە سەرباری حاشای کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم لە ئاستی ڕێبەر و سەرکۆمار و وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم سەبارەت بەو چەشنە کردەوە تیرۆریستییانە، کەچی عەلی ماجدی ددان بەوەدا دەنێت، کە ڕێژیمەکەیان تیرۆریستە و وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەلمانی تیرۆریستبوونی ڕێژیم بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان بەدەستەوەیە. بۆیە لە توێکڵی قسەکانیدا پێشنیار بە ڕێژیمەکەیان دەکات، لەبری حاشاکردن، ئەو کردەوانە ڕەپاڵ لایەنگرە سەرەڕۆکانیان بدەن و خۆیان تا زووە متمانەی ئەوروپا وەدەست بێنن، چونکە دیسان کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە و چاریان ناچارە مل بە وتووێژ بدەن، چونکە ئەوان فێرن کە ناچار بوون، خۆیان بەدەست وتووێژەوە دەدەن.