کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە هەموو بەندییە ئەمریکاییەکان ئازاد بکا

18:52 - 6 رێبەندان 2718

ڕۆژی یەکشەممە مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ئازاد کردنی ئەو ئەمریکاییانەی کە لە سەرتای ئینقلابی ئێرانەوە بە گرۆگان گیرابوون، لە تویتێک دا وێرای دانانی وێنەیەکی گرۆگانە ئەمریکاییەکان، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە هەموو ئەو ئەمریکاییانەی کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا زیندانی کراون، ئازادیان بکا. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە دوای چل ساڵ ئێستاش کۆماری ئیسلامی ئەمریکاییە بێ تاوانەکان بە گرۆگان دەگرێ. چل ساڵ بەر لە ئێستا لە لایەن توندڕۆکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٥٢ دیپلۆماتی ئەمریکایی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ بە گرۆگان گیرابوون. پۆمپئۆ لە تویتێکی دیکەدا ڕوو بە " عەلی خامنەیی، حەسەن ڕووحانی و محەممەد جەواد زەریف نووسی: دەبێ فەوری " باب لوینسوون، ژنو وانگ، باقر و سیامەک نەمازی" و هەموو گرۆگانەکان ئازاد بکا و کۆتایی بە گرۆگانگیری و تێرۆر بێنی. جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا خەڵکی وڵاتانی جۆراوجۆری دنیای بە تایبەتی ئەمریکایی، بە بیانووی جاسووسی بە گرۆگان گرتووە و ماوەی چەند ساڵ لە زیندان دا ڕایگرتوون. ئێستا ١٠ هاونیشتمانی ئەمریکایی و وڵاتانی تر لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دان و سەرەرای هەوڵە دیپڵۆماسییەکان، ڕیژیم لە زینداندا ڕایگرتوون و هەولەکان بۆ ئازاد کردنی ئەو کەسانە بێ ئاکام بوون.