کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە تاران

16:20 - 7 رێبەندان 2718

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، بەشێک لە خوێندکارانی بەشی حقووق بەهۆی بێکارییەوە لە پێش باڵەخانەی ناوەندی پارێزەرانی تاران دەستیان دایە خۆپێشاندان و ناڕازایەتی. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا"، خۆپێشاندەران ناڕەزایەتیی خۆیان لە بێکاریی و دانەمەزراندن دەربڕی و داوایان کرد کە کاربەدەستانی دەوڵەت ڕێگە چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخەی دەرچووانی بەشی حقووق بدۆزنەوە. هەر لە هەمان کاتدا بەشێک لە ئەندامان و کارمەندانی وەزارەتی " جەهادی کەشاوەرزی" بۆ چەندەمین جار بۆ بەدواداچوونی ویست و داخوازییە یاساییەکانیان چوونە ئیدارەی گشتیی هەرەوەزیی پارێزگای تاران و داوای پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان کرد. هەرچەند پێشتر کاربەدەستانی دەوڵەت داوایان کردبوو کە یەک حەوتوو مۆڵەتیان پێبدەن هەتا داواکاریەکانیان جێبەجی بکەن، بەڵام مانگێک بە سەر ئەو بەڵێنیەی کاربەدەستانی حکوومەت‌دا تێپەڕیوە و هیچ وڵامێکیش بە ویست و داوکاریەکانیان نەدراوەتەوە. شیاوی باسە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نالەباری دۆخی ئابووریی ئێران، خەڵکی وەزاڵە هاتوو ڕژانە سەرشەقام و ئەو ناڕەزایەتییانە هەر جارەو بە جۆرێک لە جۆرەکان بەردەوامە. ناڕەزایەتییەکان زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی گرتووتەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا خاوەن بارهەڵگران و شوفێرەکان بە هۆی داتەپیوی ئابووری و وڵامنەدانەوەی بەرپرسان لە هەمبەر کێشە و گرفتەکانیان سێ دەورە مانگرتنی سەرانسەرییان بەڕێوە بردو، هەروها مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستانیش پەیوەست بوون بەو مانگرتنانەوە.