کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی کرێکارانی شارەداریی مەریوان

23:18 - 7 رێبەندان 2718

لە درێژەی ناڕەزایەتی کرێکارانی شارەداریی مەریوان، بۆ جارێکیتر لە ماوەی ٦ ڕۆژی رابردوودا لەپێش باڵەخانەی شارەداری دەستیان دایە خۆپێشاندان. کرێکارانی شارەوانی مەریوان ماوەی ٦ مانگە مووچەیان پێنەدراوە و لە لایەن شارەوانییەوە تا ئێستاش وڵامێکی دڵخۆشکەریان وەرنەگرتۆتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی "ئیلنا"، ئەو کرێکارانە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی شارەوانی مەریوان دا خەریکی کار کردنن. ئەوان دەڵێن ئێمە ٢٠٠ کەسین کە ماوەی ٦ مانگە مووچەمان پێنەدراوە و ئێستا کار کردن بۆ ئێمە زۆر سەخت و زەحمەتە. داوامانکردووە لانیکەم بەشێک لە مووچەکەمان پێبدرێ بەڵام هیچ وڵامێک بە ویست و داخوازیەکانمان نەدراوەتەوە. وێڕای ئەوەی کە مافی کرێکارەکان دابین ناکرێ، لە لایەن شارەوانییەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە دەست لە داخوازییەکانیان هەڵبگرن و بچنەوە سەر کارەکەیان. شارەداری مەریوان ڕایگەیاندووە کە قەرزێکی زۆری لە سەرە و ناتوانێ مووچەی کرێکارەکان بدات.