کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

01:52 - 8 رێبەندان 2718

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ژانوییەی ٢٠١٩ی زائینی، کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان، ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆی بۆ ڕیزگرتن لە ٧٣هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری کۆڵن بەڕێوەبرد. بەرنامەکە بە وتەی سەرەتا و بەخێرهێنانی میوانا لە لایەن هەردووک بەڕێوەبەری ڕیورەسمەکە، هاوڕێیان خاتوو فەرزانە ڕەشیدزادە و هاوڕێ عیسا سۆرانی دەستی پێکرد.دواتر سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لە لایان کۆڕی سروودی یەکیەتی لاوانی دێمۆکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا و بە دوای ئەودا ساتێک بێدەنگی و ڕێز لە شەهیدانی کۆمار و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان بەشداران خولەکێک بە بێدەنگی ڕاوەستان. دواتر هاوڕێ قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد. ئەندامی دەفتەری سیاسی، باسی گرنگیی یادکردنەوەی ڕووداوی مێژوویی٢ی ڕێبەندان، و دامەزرانی کۆماری کوردستانی کرد و گوتی: دامەزرانی کۆماری کوردستان، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چونکە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، بە ڕەسمی و بە ڕاشکاوی “نا”ی بە بندەستی و بێبەشیی گەلی کورد گوت و، ویستی خۆی لە بارەی پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی کوردی، جێبەجێ کرد.سیاسەت و کردەوە و کار و تێکۆشانی کۆماری کوردستان، دەریخست کە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کورد نێوەرۆکێکی ئینسانی و پێشکەوتوانە و ئازادیخوازانەیان هەیە. دژی نەتەوەکانی دیکە نین، ڕێز لە جۆراوجۆریی نەتەوەیی و ئایینی دەگرن، داواکار و پاریزەری ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانانن. هاوڕێ قادر وریا پێی لە سەر ئەو راستییەش داگرت کە ڕاستە کۆمار وەک دەسەلاتێکی کوردی، کەمتر لە ساڵێک درێژەی کێشا، بەڵام ئەو کۆمارە لە ئامانجەکانی دا، نە تەنیا لە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆتایی پێ نەهاتوە بەڵکوو ساڵ بە ساڵ زیاتر دەچێتە نێو باوەڕ وبیرکردنەوەی هیزە سیاسییەکانی و خەڵکەکەمان. بەڕێز قادر وریا لە درێژەی قسەکانی دا بە ئاماژە کردن بە سیاسەت و هەڵوێست و کردەوەکانی کۆمار لە بواری جۆراوجۆردا، وانەکانی ئەزموونی کۆمار بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆی شی کردەوە. لەم پێوەندییە دا نائامادەیی و کەم و کوڕییەکانی ئەمڕۆی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ کەلکوەرگرتن لە دەرفەتی گونجاوی هاوشێوەی سەردەمی کۆماری، هێنایە بەرباس. رەخنەی لە پڕژ و بڵاویی ڕیزەکانی ئەم بزووتنەوەیە، ململانێی بەرچاوتەنگانە و خۆبواردنی هێزە سیاسییەکان لە کاری هاوبەشی جیددیی بە یەکەوە، گرت. قادر وریا، ئەزموونی کۆماری کوردستان و شەخسی پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان، لە ڕووی گرنگیدان بە یەکگرتوویی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵ و، خۆتەرخان کردنی ڕاستگۆیانە و دلسۆزانەیان بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان، وەک ڕوخساری پڕشنگداری کۆماری کوردستان ناوبرد و تەئکیدی کردەوە کە هەر دەسەڵاتێکی کوردی کە لە داهاتوو دا پێکی بێنین، دەبێ ئەم ڕێچکەیە بگرێتە بەر. بەڕێزئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، سیاسەتەکانی کۆماری کوردستان هەم بەرامبەر تێکۆشەرانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، هەم لە هەمبەر نەتەوەکانی دراوسێ بە تایبەتی حکومەتی میللی ئازەربایجان وگەلی ئازەربایجانی وەبیر هێنایەوە. گوتیشی ئەزموونی ٤ دەیەی ڕابردوو، ئەو راستییەی لێی دووپات کردینەوە کە کۆماری کوردستان لە هەر دووی ئەم بوارانە دا، ڕێگا و سیاسەتێکی دروستی گرتبووە بەر. بزووتنەوەی کورد و هیزە سیاسییەکانی کوردستان لە هەر پارچەیەکی کوردستان، پێویستە و ئەرکی نەتەوەییانە کە پشتیوان و هاوکاری خەباتی نەتەوەکەیان لە بەشەکانی دیکە بن، بەڵام هێزی سیاسیی هیچ پارچەیەکی کوردستان بۆی نیە ببێتە قەییم(قیم) و بڕیاردەر بۆ پارچەیەکی دیکە و، ئەوە خەڵک و هیزە سیاسییەکانی هەر پاڕچەیەک بۆ خۆیانن کە دەبێ لە سەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن. لە بارەی پێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و ئازەربایجانییش، هاوڕێ قادر وریا، وێڕای ئاماژە بە سیاسەتەکانی ٤ دەیەی رابردووی کۆماری ئیسلامی بۆ زیان گەیاندن بە پێوەندییەکانی ئەو دوو گەلە، سیاسەتی کۆماری کوردستان، کە هاوسێیەتی و دۆستایەتی لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لەیەکتر و هاوپەیمانەتیی نێوان ئەو دوو گەلە بووە، بۆ داهاتووش بە دروست زانی کە دەتوانێ ڕێ لە دووپاتبوونەوەی کارەساتەکان بگرێ. بەڕێز قادر وریا لە دوابەشی قسەکانی دا، ئەزموونی کۆماری کوردستان لە گەڵ ڕێژیمی شایەتی، لە گەڵ ئەزموونی بزووتنەوەی کورد لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوو لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی بەراورد کرد. لەم پێوەندییە دا ئاماژەی بەو راستییە کرد، هەر وا کە ڕێژیمی شایەتی، کۆماری کوردستانی ڕووخاند و، قازی محەممەد و قازییەکانی دیکە وکۆمەڵێک لە بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی کۆماری کوردستانی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بندەستی و، راگەیاندنی دەسەڵاتێکی کوردی شەهید کرد، کۆماری ئیسلامییش، داواکردنی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانی بە شەڕ و سەرکوت، وڵام داوەتەوە. لە گەڵ ئەوەی لەم ٤٠ ساڵە دا قۆناغی جۆراوجۆر هاتوە و رابردوە، سەرکۆمار و مەجلیسی جۆراوجۆر هاتوون و ڕۆیشتوون، بەڵام ئەوەی کەمترین گۆڕانی تێدا پێک نەهاتوە، سیاسەتی ئەو ڕێژیمە لە ئاست پرسی کورد و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بووە. بە سەرنجدان بەم رابردووە، چاوەڕوانیی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی وڵامێکی ئەرێنی بە خواستە نەتەوەییەکانی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە بداتەوە، چاوەڕوانییەکی بێمانا و بێهوودەیە. ئەو هەمووە قوربانیەی نەتەوەکەمان لە خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا پێشکەشی کردوە، نابێ بە فیڕۆ بچێ و دەبێ ئێمە هێزە سیاسییەکان ئەرکدار بکا کە بە خۆمان دا بچینەوە، دەست بدەینە دەستی یەکتر و بە پێکهێنانی هاوپەیمانەتی و وەسەر یەکخستنەوەی هێز و تواناکانمان، هەموو زەرفیەتەکانی خەباتگێڕانەی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوایەتیمان، لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی کوردستان، بەکار بێنین بۆئەوەی نەتەوەکەمان لەو بەشەی کوردستان لەو دۆخە پڕ لە ڕۆژڕەشی و بێبەشێیە، ڕزگاری بێت و جارێکی دیکە وەدیهاتنی سەروەریی خۆی لە شێوەی دووپاتکردنەوە و بنیاتنانەوەی کۆماری کوردستان دا، ببینێت. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێورەسمە دا بەڕێز دوکتۆر برایم مەحموود کەسایەتی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان باسێکی لە ژێر ناوی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی ئەو کۆمارە کرد و بە گرنگ و پڕ بایەخی نرخاند و فەرمووی کۆماری کوردستان بەحەق کۆماری هەمووی کوردستان بووە و بەشەکانی تری کوردستان ڕاستەوخۆ حزووریان هەبووە و کۆماریان بە هی خۆیان زانیوە. بەدوای وتاری بەڕێزیان، ناوی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە خوێندرایەوە کە پەیامیان بە بۆنەی یادی کۆمارەوە نارد بو کە بریتی بوون لە: . – پارتی دێموکڕاتی کوردستان – یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان – کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران – کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران – پارتی ئازادی کوردستان – پارتی دێموکڕاتی کوردستانی سووریە – پارتی سووسیالیستی کوردستانی سووریە – کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان. لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا،هاوڕێ خالەق شەریفی ئەندامی کۆمیتە، وەک یادێک و وەفایەک لە کیژۆڵەی چاو گەش و ژیر و وریا، بەهارە قوربانی ، کچی جەهانگیر قوربانی و نەوەی ڕەحمان قوربانی کە لە تەمەنی 9 ساڵی دا پار بە هۆی ڕووداوی هات و چۆ گیانی لەدەست دا هۆنراوەیەکی پێشکەش کرد. بەدوای ئەودا لە لایان بێهزاد کارساز پەیامی یەکیەتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو وڵاتە پێشکەش کرا. هەروەها لە بڕگەیەکی تری بەرنامەکە پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکڕات کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان لە لایان کاک عیسا زوورەی پێشکەش کرا. بەشی کۆتایی ڕێورەسمی  یادی کۆمار کوردستان بە دەنگ و گۆرانی و خۆشی هوونەرمەندانی گەورەی گەلەکەمان ،مامۆستایان ڕەشید فەیزنژاد، حەسەن دەرزی، گۆرانبێژانی دەنگخۆش خەبات موودەڕەسی و محەممەد بۆکانی تا درەنگانی شەو و بە گەڕی هەڵپەڕکێی ژنان و پیاوانی دیموکرات دڕێژەی کێشا.