کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ناوچەکانی بانە و ماکۆ

15:53 - 9 رێبەندان 2718

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی ومافی مرۆڤی کوردستان، لە ناوچە سنووریەکانی ماکۆ لە نزیک گوندی 'یارم قیە" چەند کۆڵبەرێک کەوتنە کەمینی هێزە جەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامی تەقەی چەکدارانی ڕێژیم دا کۆڵبەرێک بە ناوی "حوسێن بلخکانلوو" گیانی لە دەست دا. بەپێی هەواڵێکی دیکە شەوی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی " هەنگەژاڵ" کەوتنە نێو مەیدانی مینڕێژکراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامی تەقینەوەی مین دا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی " ئەسعەد زەمانی خەڵکی گوندی حەوتاش و، خالق خەڵکی گوندی مێرگە نەقشینە بە سەختی بریندار بوون. گرانی و نەبوونی و بێکاری لە ئێراندا و بە تایبەتی لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان، خەڵک بۆ دەستخستنی بژیوی ژیانی خۆیان و خێزانەکەیان ڕوویان کردۆتە کاری سەختی کۆڵبەری. کۆڵبەری کارێکی سەخت و دژوار و مەترسیدارە کە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە نێو مەیدانی مینڕێژکراو و کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا تێدەپەڕن و لەو ڕێگەیەدا وێڕای سەرما و بەفر و باران و زەحمەت و ماندوو بوون، بەداخەوە دەکوژرێن و گیان لە دەست دەدەن یا بریندار و کەم ئەندام دەبن.