کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی " ڕاستبێژیی نێونەتەوەیی" لە سەر گەندەڵیی دارایی لە ئێران

21:27 - 9 رێبەندان 2718

گەندەڵیی دارایی لە ئێران هەموو بەشەکانی ئابووریی و سیاسی گرتۆتەوە و دەرچوون لەو دۆخە لە ژێر دەسەڵاتدارێتی ئەو ڕێژیمە گەندەڵە چاوەڕواننەکراوە. لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی " ڕاستبێژیی نێونەتەوەیی" لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا لە ساڵی ٢٠١٨ ئاماژەی بە گەندەڵیی دارایی کردووە. لەو ڕاپۆرتەدا ئێران لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٣٨ەمین وڵاتانی گەندەڵی جیهاندا ناوی هاتوە. " ڕاستبێژیی نیونەتەوەیی" کە ڕێکخراوێکی ناحکوومییە و لە ڕاستای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە زیاتر لە ١٠٠ وڵات نوینەرایەتی هەیە و هەموو ساڵێ لە پێوەندیی لەگەڵ گەندەڵیی ولاتانی جیهاندا ڕاپۆرتێک بڵاو دەکاتەوە. لە راپۆرتی ئەمساڵدا پلەی ئێران لە بەراوردکردن لەگەڵ سێ ساڵی رابردوو خرابتر بووە. ئەو ڕاپۆرتە لەسەر بناغەی لێکۆڵینەوە لە کردەوەی بەڕێوەبەران و بەڕێوەبەریی دەوڵەتیی، ڕاپرسی لە چالاکانی ئابووریی و کەسانی خاوەن نەزەر ئامادە دەکرێ. گەندەڵیی دارایی لە ڕوانگەی ئەو ڕێکخراوە بە مانای کەلکوەرگرتنی خراپ لە جێگە و پیگەی سیاسی و دەوڵەتی بە ئامانجی وەدەست هێنانی سوود و قازانجی داریی تایبەتە. ئەو ڕێکخراوە کە بنکەی سەرەکی لە بێرلینی پیتەختی ئاڵمانە، لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا لە ١٨٠ وڵات بەدواداچوونی لە سەر گەندەڵیی کردووە. لەو راپۆرتەدا ڕاستبێژترین وڵاتان دانمارک، نیوزلەند، فینلاند، سەنگاپوور، سوئێد و سویس لە پلە یەکەمەکانی جیهانن.