کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری هەولێر ڕێز لە هونەرمەند مامۆستا عەزیز شارۆخ گیرا

01:39 - 11 رێبەندان 2718

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٩٧ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمێک‌دا ڕێز لە ٥٠ساڵ ئەزموونی هونەریی عەزیز شارۆخ گیرا. هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی خالێد وەنەوشە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری هەولێر لەو ڕێوڕەسمە‌دا بەشدارییان کرد. ئەو ڕێوڕەسمە کە لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری هەولێر و لە سەردەستی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و نوێنەری لایەن و ڕێکخراوە سیاسی و فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان تێیدا بەشدارییان کرد. سەرەتا بە ماڕشی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، مەراسمەکە دەستی‌پێکرد و پاشان بە دەرکەوتنی هونەرمەند عەزیز شارۆخ بەشداربووان هەستانە سەر پێ و بە چەپڵەڕێزانەوە پێشوازییان لێ کرد. پاش خوێندنی پەیامی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، کورتە فیلمێک تایبەت بە سەربردەو ژیانی هونەریی عەزیز شارۆخ گۆرانیبێژی ناسراوی کورد پێشان درا. لە بڕگەیەکی دیکەدا هونەرمەند مامۆستا عەزیز شارۆخ وێڕای سپاس و دەستخۆشی کردن لە بەڕێوەبەران و بەشداربووانی ئەو کۆڕە فەرهەنگییە، لە ئەلبۆمی ڕەنگینی گۆرانییەکانی مەقامێک و گۆرانی "کیژۆڵەی چاو ڕەش و جوان"ی پێشکەش بەو ڕێوڕەسمە کرد. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە مامۆستا عەزیز شارۆخ ساڵی ١٣١٧ هەتاوی لە گەڕەکی قەبرانی شاری مەهاباد لە دایک‌بووە. لە ساڵی ١٣٤٠ بۆ بە مامۆستای قوتابخانەو لە ساڵی ١٣٤٢ لە لایەن ساواکەوە بۆ هۆی چالاکیی سیاسییەوە دەسبەسەر و پاش سێ ساڵ زیندان ئازاد کرا، بەڵام بۆ ماوەی دەساڵ لە هەموو مافێکی کۆمەڵایەتی بێبەش کرا. بنەماڵەکەی هۆگری ئاواز و گۆرانی بوون و هەر بۆیە لە هەڕەتی لاویەتیدا سەوداسەری گۆرانی کوردی و هۆگری چریکەی دەنگی "سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی" دەبێ. ئەگەرچی هیچکات بەفەرمی کەس مامۆستای نەبووەو بە ماندووبوونی خۆی و گوێگرتن لە دەنگی هونەرندانی دیکە وەکوو" محەممەد ساڵح دیلان، تاهێر تەوفێق، حەسەن جەزراوی" چالاکییە هونەرییەکانی دەسپێکرد و لە ساڵی ١٣٣٦ بۆ یەکەمین‌ جار دەنگی عەزیز شاڕۆخ لە ڕادیۆی مەهاباد بڵاوکرایەوە. مامۆستا عەزیز شاڕۆخ خاوەنی چریکەو دەنگێکی تایبەت و ڕەسەنە و لە چوارپارچەی کوردستان بە یەکێک لە دەنگە ناوازەکانی کورد ناسراوەو هەروەها بە هۆی کاسێتی "از دست عشق" بۆ خەڵکی فارسیش ناوێکی ئاشنایە. مامۆستا عەزیز شاڕۆخ تا ئێستا ٥ ئالبۆمی بە هاوکاری کەڵە هونەرمەندانی کورد، وەکوو بنەماڵەی عەندەلیبییەکان و کامکارەکان پیشکەش بە باخچەی ئاواز و گۆرانی کردوە.