کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران مووشەکێکی دیکەی تاقیکردەوە

16:07 - 13 رێبەندان 2718

سەرەڕای گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ شەممە ١٣ ڕێبەندانی ٩٧ی هەتاویی ئێران مووشەکێکی دیکەی بەناوی" هووەیزە" تاقیکردەوە. لاسارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئورووپایی و دەوڵەتی دوناڵد تڕامپ کۆکن لە سەر ئەوەی کە دەبێ پێش لە بەرنامەی مووشەکیی ئێران بگیردرێت. ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی‌دا ئەمڕۆ ١٣ی ڕێبەندان ڕایگەیاند ؛ کە مووشەکی "هووەیەزە" لە بنەماڵەی مووشەکە کرۆزەکانی"سۆمارە" و، زیاتر لە ١٣٠٠ کیلۆمێتر مەودا دەبڕێ. هەر لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی مووشەکیی ئێران فەڕانسە بە توندی هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کرد کە لە ئەگەری درێژەدان بە ئەو چالاکییەکانە گەمارۆی دەخاتە سەر. "ژان ئیو لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە ئەگەر لە گفتوگۆکانمان لە پێوەندیی لە گەڵ تاقیکردنەوەی مووشەکیی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاکام نەگەین، گەمارۆ دەخەینە سەر ئێران. ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: ئێمە لەگەڵ ئێران گفتوگۆیەکی سەخت ودژوارمان دەست پێکردووە، ئەگەر لەو وتووێژانەدا بە ئاکامی یەکجارەکی نەگەین، گەمارۆی توند دەخەینە سەر ئێران و ئێرانیەکانیش لەوە ئاگادارن. هەر لەو پێوەندییەدا پێشتر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زمان سێ دیپڵۆماتی ئورووپایی نووسیبووی کە فەڕانسە و بریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا لە فکری ئەوەدان کە گەمارۆ بخەنە سەر ئێران. گەمارۆکان دەسبەسەرداگرتنی هەموو سامانی ئەندامانی سپای پاسدارن لەخۆی دەگرێ و هەروەها ڕێگری دەکا لە سەفەری ئەو ئێرانیانەی کە پێوەندییان بە چالاکیی مووشەکی ئێرانەوە هەیە.