کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی "بێڵندانە" لە " گوندی بێوران"ی سەردەشت بەڕێوە چوو

19:48 - 13 رێبەندان 2718

ڕێوڕەسمی بێڵندانە لە دوو وشەی بێڵ و دانان دێ کە چل ڕۆژ دوای تێپەڕینی زستان بەڕێوە دەچێ. جێژنی بێڵندانە یەکێک لە ڕێوڕەسمە کۆنەکانی کوردەوارییە کە ماوەیەکی زۆر تۆزی لەسەر نیشتبوو و خەڵک پشت گوێیان خستبوو. چەند ساڵێکە جێژن و ڕێوڕەسمە دێرینە و نەتەوەییەکان بە شکۆیەکی گەورەترەوە بەڕێوە دەچن و پیرۆز دەکرێن. بەهۆی شاخاویی بوون و کوێستانی بوونی کوردستان، لە زستاناندا بەفر و باکوت هەموو وڵات دادگرێ، بەفر لەگەڵ ئەوەی کە بۆ سروشتی جوان و دار و سەوزایی کوردستان بەسوودە، بەڵام لە زستاندا لە زۆر شوێن ڕنوو و کڕێوە زیانێکی زۆر بە خەڵک دەگەیەنێ و بەداخەوە ئەمساڵیش گیانی کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی ستاند کە بە هۆی نەبوونی و نەهامەتییەوە گیانی خۆیان فیدای نان و ژیانی مناڵەکانیان کرد. بێڵندانە چەند ساڵێکە لە گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت، مەکۆی کوردایەتی و قارەمانەتی و مەڵبەندی شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان بە شکۆیەکی تەواوە بەڕێوە دەچێ. بێڵندانە فڕێدانی بەرگی خەم و سەرما و موژدەی بەهاری سروشتە. لەو ڕۆژەدا کە تەمەنی سەرما بەرەو کۆتایی دەچێ و سەوزایی پەیامی بەهار و نەورۆز بۆ خەڵک دێنێ، ژنان و پیاوان، مناڵان و گەنج و پیری دڵ پڕ لە جۆشی بەهار و ژیانەوە بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردی پەیامی هەستانەوە دەدەنە نیشتمان و خۆیان بۆ ساڵی نوێ ئامادە دەکەن. لەو ڕێوڕەسمەدا بە سروود و هۆنراوە و پەخشان و گۆرانی و ڕەشبەڵەک مەرگی شەختە و سەهۆڵبەندان بە یەکتر ڕادەگەیەنن و موژدەی بەهار دەدەنە گوڵ و باڵندە. دەست لەناو دەستی یەک بۆ جارێکیتر زەماوەندی سەرکەوتن دەگێڕن و پەیمانی وەفاداری لەبەرانبەر زۆرداردا نوێ دەکەنەوە. کوردستان هەروەک چۆن بەهۆی شاخاوی بوونیەوە شەختە و کڕێوە دایدەپۆشی، خەڵکەکەشی بەهۆی کوردبوونیەوە سەدان ساڵە لەژێر باری زوڵم و زۆری زۆرداران دا دەناڵێنێ. خەڵکی کورد هەر وەک چۆن کۆتایی تەمەن و مەرگی سەرما جێژن دەگرن، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک مەرگ حکوومەتی زۆردارانیش جێژن دەگرن و هەموومان دەست لە ناو دەست جێژنی ئازادی و ڕزگاری دەگرین. سایەی شوومی داگیرکەر لە سەر دوند و چیا و پێدەشتی نیشتمان ڕاودەنێین و چەپک چەپک گوڵی نێرگز دەکەینە موژدانەی بەهاریی ئازادیی. بە ئازایەتی کچان و کوڕانی دڵ پڕ لە گڕ و هیوای کورد بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێین وڕۆژێک لە دوای چلەی ستەم و زۆرداریی ئاڵای ڕەنگینی کوردستان لە سەر تروپکی ئازادی هەڵدەدەین.