کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشوودانی کچان لە ئێران لە تەمەنی خوار ١٣ ساڵیدا

17:07 - 14 رێبەندان 2718

جێگری کاروباری ژنان و بنەماڵە لە دەوڵەتی حەسەن رووحانیدا ڕەخنەی لە ڕەوتی هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی ١٣ ساڵی گرت و پرسی، لە سەدەی بیست و یەک دا ئێمە دەبێ چۆن سەیری یاسا و ڕیساکانی ئیسلام بکەین؟ " مەعسوومە ئبتکار" لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی خوێندکاریی " ئیسنا" ڕایگەیاند کە دەوڵەت بە نیاز نییە گۆڕانکاریی لە تەمەنی هاسەرگیرییدا پێک بێنێ. ناوبراو دەڵێ: کچێکی خوار تەمەن ١٣ ساڵ کە هیچ مافێکی کۆمەڵایەتی نەبووە و بە مناڵ ئەژمێر دەکرێ چۆن دەبێ ئەرکی دژواری هاوسەرگیری پێبسپێردرێ؟ ئەوەی کە بنەماڵەکەی بڕیار لە سەر چارەنووسی دەدەا، ئەوە بە مانای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە؟ ئایا ئەو زانیاریی لە سەر ئەو بژاردەیە هەیە؟ ئەو وتانە لە کاتێکدایە کە لە کاتی هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەپێی یاساکانی ئەو ڕیژیمە کەسوکاری کچەکان دەتوانن لە تەمەنی خوار دە ساڵی بڕیاری هاوسەرگیری بۆ کچەکانیان بدەن و بەپێی مادەی ١٢١٠ی یاسای مەدەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەمەنی پێگەیشتوویی کچان ٩ ساڵی قەمەرییە. مەعسوومە ئبتکار لە بەشێکی دیکە وتووێژەکەیدا ڕایگەیاند کە بابەتی هاوسەرگیریی کچان ویست و داخوازیی کۆمەڵگەیە و جێگری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ژنان و بنەماڵە لەوبارەوە پرۆژە یاسایەکی بۆ پێشگرتن لە هاوسەرگیریی کچانی خوار تەمەنی ١٣ ساڵی ئامادە و ڕادەستی دەوڵەت کردووە. بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی و سەرژمێری شوورای فەرهەنگیی کۆمەڵایەتی لە ئێران، مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بەپێی سەرژمێریەکان ڕایگەیاند کە لە ئێراندا ٤٣ هەزار کچی خوار تەمەن ١٥ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە. بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لەو کچانەی کە بنەماڵەکانیان بڕیاری هاوسەرگیرییان بۆ دەدەن، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی و نەداری. لە ماوەی چل ساڵ تەمەن ی کۆماری ئیسلامیی ئێڕاندا، نەبوونی، بێکاریی، گەندەڵیی و ناعەدالەتی گەیشتۆتە ئەوپەڕیی خۆی و ئەوەش وایکردووە کە بەشیک لە دایک و بابەکان بە هۆی ئەوەی کە ناتوانن مناڵەکانیان بەخێو بکەن و پێداویستییەکانیان جێبەجی بکەن، لە تەمەنی مناڵیدا بێ ئیزن و ڕازی بوونی خۆیان بڕیاری هاوسەرگیریان بۆ دەدەن و بەداخەوە هێندێک کەسیش لەپێناو وەدەستهێنانی هێندێک پارەدا ئەو بڕیارە هەڵەیە دەدەن.