کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوتوێی چەند پرسێکی ڕۆژەڤی کوردستان لە کۆبوونەوەی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"دا

18:15 - 14 رێبەندان 2718

  نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا چەند پرس و ئەگەرێکی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێرانیان خستە بەرباس. ڕۆژی یەکشەممە، 14ی ڕێبەندان یازدەهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هات و لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر چەند بابەت و بەرنامەی کاریی ناوەند ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا و بڕیاریان بۆ درا. لەو کۆبوونەوەیەدا دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان، هاوکێشە ناوچەییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئێران و ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد هاتنە بەرباس و وێرای لێکدانەوەی بارودۆخی هەستیاری ئێستا و سیناریۆ ناڕوونەکان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و یەک گوتاریی زیاتری هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا پره‌نسیپه‌كانی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کورستانی ئێران" بۆ هاوکاری (تعامل) له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ڕوانین له سیستمی سیاسیی داهاتووی ئێران" پەسند کرا. لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوکەدا باسی کۆڕبەندی وارشۆ (لەهێستان) بۆ باس لەسەر ئەمنیەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ناسەقامگیریی ئاشتی و هێمنیی جیهان کرا. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێداگری لەسەر گرینگیی ئەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە ڕای وابوو کە پێویستە سەرنجی بەشدارانی کۆبوونەوەکە بۆ لای پرسی کورد و نەتەوەکانی دی لە ئێران، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاسمیلاسیۆنی کورد، سەپاندنی شەڕ و میلیتاریزەکردنی کوردستان، حاشاکردن و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چوار دەیە پاشخستنی کوردستان لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران و هەروەها؛ ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ناسەقامگیرکردنی ناوچە، دەستێوردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، پشتیوانییان لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیم بۆ پەرەپێدانی نائەمنی و ناسەقامگیری لە دنیادا ڕابکێشین. بۆ ئەو مەبەستەش ناوەندی هاوکاری لەسەر کۆمەڵە بەرنامە و پێشنیارێک ساغ بۆوە. لەو کۆبوونەوەیەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا دوای هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەمەیە لایەنە بڕیار لەسەر چەند بەرنامەیەکی کاریی دیکەی ناوەند، لە پێوەندی لەگەڵ پرسە ڕۆژەڤەکانی دیکەی کوردستان و ئێران درا.