کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیسوایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە

16:44 - 15 رێبەندان 2718

ماڵپەڕی ڕایەڵەی هەواڵدەریی TRT ی تورکیە ڕۆژی ١١ی ڕێبەندان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەڕ و لێکدان لە نێوان هێزەکانی ڕووسیە و سپای پاسدارانی ئێران، کۆتایی هاوکارییەکانی ڕووسیە و ئێرانی پشتڕاستکردەوە. بەپێی سەرچاوەکان لەو شەڕەدا چەند کەس لە هەردوو لایەن کوژراون. لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی "نوایا" ڕووسی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە کە ڕووسیە و ئێران بەکردەوە کێبڕکێیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکردووە. بەڵگەکان پێشاندەری ئەوەن کە ڕووسیە بە کردەوە دەیهەوێ ئێران لە سووریە دوورخاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش خەریکی سازانە لەگەڵ حکوومەتی تورکیە و لەوبارەوە بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی ئەمن لە سنووری سووریە و داهاتووی سووریە ڕێککەوتتنێکی گرینگیان ئیمزا کردوە. لە ئێستادا کێشە و ناکۆکی نێوان ڕووسیە و ئێران گەیشتۆتە لوتکە، بەڵام هیچکام لەو دوو لایەنە نایانهەوێ پەردە لە سەر ئەو ناکۆکییە هەڵدەنەوە بەڵام مێدیا و هەواڵدەرییەکان ڕۆژانە ئەو ناکۆکیانە ئاشکرا دەکەن. لە ئێران وەک هەمیشە هەواڵەکانی پێوەندیدار لە پێوەندیی لەگەڵ سووریەدا لە ژێر تیغی سانسۆردایە، بەڵام ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان هەواڵدەریی "دویچەولە " هەواڵی شەڕ و لێکدانی هێزەکانی ئێران و ڕووسیەی لە گوندی "ئەلغاب" بڵاو کردەوە کە دوو لایەن بە خومپارە و تانک و چەکی قوڕس لێکیان داوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە "حشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە" ڕایگەیاند کە لە کاتی بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سپای پاسداران، ڕووسیە پەدافەندەکانی ئیس ٣٠٠ی لە کار خستووە و پشتیوانی لە هێزەکانی ئێران نەکردوە. هەر لەو کاتەدا " سرگئی ریابکۆف" جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە وتووێژێکدا لەگەڵ CNN بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ڕووسیە و ئێران هاوپەیمان نین. لە کارکەوتنی پەدافەندەکانی ڕووسیە بوو بە هۆی ئەوەی کە کاربەدەستێکی ڕێژیمی ئێران باس لە خەیانەتی ڕووسەکان بکات و ئاشکرایکرد کە ناکۆکی ئێران و ڕووسیە زۆر لەوە گەورەترە کە باس دەکرێ. ڕێبەرانی ئیسڕائیل دەمێکە دەیانهەوێ و داوایان لە ڕووسیە کردووە کە هێزەکانی ئێرانی و ئەو گرووپانەی کە سەر بەئێرانن لە سنوورەکانی ئیسڕائیل دووریان بخاتەوە کە ڕووسیە ئەو داوایەی ئیسڕائیلی جێبەجێکردوە. لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە سووریەش تاک و تەریک ماوەتەوە و لە کاتێکدا کە سپای پاسداران ئەو هەموو زیانە گیانی و داراییەی لە سووریە بەرکەوتوە ئێستا خۆی بە دۆڕای ئەو یارییە دەزانێ و بێجگە لە ڕیسوایی شتێکی بۆ نەماوەتەوە. بەرگەگرتنی ئەو شکستە ئابڕووبەرانەیە زۆر سەختە، ئەویش لە کاتێکدا کە سەرانی ڕێژیم بە خەیاڵی دروشمی ستراتیژی " ڕوو بە ڕۆژهەڵات"( نگاە بە شرق) ویستیان دڵی خۆیان بە ڕووسەکان خۆش بکەن و لە نێو ئەو هەموو ڕیسوایی و تەریکەوتنەوەدا بە قسەی خۆیان هاوپەیمان بۆ خۆیان بدۆزنەوە. لە شوێنێکدا کە بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل لە گۆڕێدایە، بێگومان ڕووسیە پشت لە ئێران و پشتیوانی لە ئیسڕائیل دەکا و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئیسڕائیل ڕیککەوتوون و لەو نێوەدا ئێران سەری بێ کڵاو ماوەتەوە. لە کاتێکدا کە " یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری خامنەیی دیواری ستراتیژی دەوڵەتەکەی بۆ دژایەتی لە گەڵ سەهیۆنیستەکان هاوپەیمانی لە گەڵ چین و ڕووسیە هەڵدەچنێ، لەو کاتەدا رووسەکان پەدافەندەکانیان لە کار دەخەن و ئیسڕائیل بێ ترس هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە بۆمباران و مووشەکباران دەکا. ڕووسەکان لە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلییەکان قەولیان داوە کە بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل و ئەمنییەتی ئیسڕائیل بپارێزن. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئیسڕائیل و ئورووپا هەموویان بە یەکەوە هێژموونی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا بە مەترسیدار دەزانن، بە تایبەتی سێ وڵاتی زلهێزی ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا پێداگریی لە سەر پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی ئیسڕائیل دەکەنەوە. لەو نێوەدا ئێران بێجگە لە گرووپە تێرۆریستیەکان هیچ هێز و پشتیوانێک شک نابا و هیچ لایەنێکی بەهێز و خاوەن دەسەڵات پشتیوانی لێ ناکا و بێگومان درێژەکێشانی ئەو بارودۆخە بێجگە لە ڕیسوایی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ شتێکی دیکەی بەدواوە نابێ.