کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی هەڕەشەئامێزی ئێران بە داواکاریی ئورووپا

22:13 - 15 رێبەندان 2718

دوابەدوای داواکاریی ئورووپا بۆ داماڵینی چەکی مووشەکیی ئێران، حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی کۆمار ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی کرد و گوتی: ئەگەر ئورووپاییەکان یا هەر لایەنێکی تر بیانهەوێ بە پیلانگێڕی بەدوای داماڵینی چەکی مووشەکی ئێرانەوە بن، ئێمە ناچارین ستراتیژی خۆمان بگۆڕین، بەڵام ناوبراو باسی لەوە نەکرد کە چ بژاردەیەکی دیکەی سەربازیی دەگرنە بەر. کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە مووشەکێکی کڕووزی بە ناوی " هوویزە" بە مەودای ١٢٠٠ کیلۆمیتر تاقیکردەوە و پێشتریش مووشەکێکی کڕووزی بە ناوی " سومار" تاقیکردبۆوە. هەر لەو پێوەندییەدا " شەمخانی" وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند کە ئێمە بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکەکانمان ئیزن لە هیچ لایەنێک وەرناگرین و بەرنامەی مووشەکیی خۆمان درێژە پێدەدەین. حوسێن سەلامی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندان لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی دووی "سیما" گوتی: هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە لە پیوەندیی لە گەڵ توانا مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی هیچ کەس لە گەڵ ئێمە گفتوگۆ نەکا و هیچ داوایەکمان لێنەکا، لێگەڕێن با درێژە بە هەوڵە مووسەکییەکانمان بدەین و کارێک نەکەن کە ئێمە سیاسەت و ڕێڕەوی خۆمان لەوبارەوە بگۆڕین.