کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاکردنی مۆرە گرینگەکانی ڕیژیم

22:36 - 15 رێبەندان 2718

ڕاکردنی یەکێک لە ڕاوێژکارانی عەلی شەمخانی، سەرۆکی شوورای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و پەنابردن بۆ یەکێک لە باڵوێزخانەکانی ئورووپایی لە تورکیە، نیشانەی دەسپێکی جێهێشتنی پلەدارەکانی هێزەکانی ئاسایشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. توورەج ئیسماعیلی ڕاویژکاری عەلی شەمخانی، بەڵگە و دێکۆمێنتیکی زۆری لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی ئەرتەشی سایبێری کۆماری ئیسلامی و بەرنامەی مووشەکیی لەگەڵ خۆی بردۆتە دەرەوەی ئێران. لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا "توورەج ئیسماعیلی"، دوای ئەوەی کە ئاگاداری دەسبەسەرکرانی بوو، بەرەو تورکیە ڕایکرد. پێش ناوبراو چەند کەسێک لە کاربەدەستان و پلەدارانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر چەند مانگێکە لە بەندیخانە دان. بەشیکی تر لە کاربەدەستانی ئەمنییەتی بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کراون و زیاتر لە ٥٠ کەس لەوانە خۆیان و خێزانەکانیان سەفەریان بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە کراوە. زۆر کەس لەوانەی کە ئێستا لە بەندیخانەکانی ڕێژیم دان، تۆمەتی ئەمنییەتیان لەسەرە. "عەلیڕەزا زرافیان" یەکێک لە گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەریی ناوەندی زانیاریی و پێوەندیی بەڕێوەبەریی شوورای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێرانە کە بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسڕائیل کەوتۆتە زیندان و بەپێی زانیاریی بنەماڵەکەی لە ژێر سەختترین ئەشکەنجە دایە. "عیسا گلوردی" جێگری بەڕێوەبەریی پێشووی ئاسایشیی نەتەوەیی ئێران یەکێکی تر لە بەرپرسانی پلە بەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە دەسبەسەرداگرتنی سەفارەتی ئەمریکا لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بەشدار بووە و ئێستا ئەویش لە زیندانی سپای پاسدارن دایە و تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسڕائیلی وەپاڵ دراوە. دەسبەسەرکراوێکی دیکە بە ناوی "غەفوور دەرغازی" هەر بەو تۆمەتە دەسبەسەر کراوە. ڕاکردن و زیندانی کردنی گەورەبەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەستیارترین ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە نیشانەی بێهیوایی کاربەدەستان و داڕمانی ئەو نیزامەیە کە چل ساڵە کاری لە سەردەکرێ.