کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی توندی یەکیەتیی ئورووپا لە سەر تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران

14:24 - 16 رێبەندان 2718

یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی نیگەرانیی خۆی لە سەر بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران دەربڕی و داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە سنوورێک بۆ چالاکییە مووشەکییەکانی دابنێ. یەکیەتیی ئورووپا لەو ڕاگەیەندراوەدا کە بە زمانێکی توند نووسراوە، چالاکییە مووشەکییەکانی ئێرانی بە هۆکاری نیگەرانی و تێکدانی دۆخی ناوچەکە ناوبرد. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کراوە بە هەناردەکردنی تێکنۆلۆژی مووشەکی بالستیک بۆ گرووپە توندڕۆکانی ناوچەکە، چەکدار کردن و پێکهێنانی گرووپی چەکدار لە دوو ولاتی سووریە و لوبنان و پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان. لەو ڕاگەیەندراوە کەم وێنەیەی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە ئێران، داوا لە کۆماری ئیسلامیی کراوە کە واز لە هەوڵە شەڕفرۆشییەکانی لە قاڕەی ئورووپا بێنێ. بابەتی مافی مرۆڤ لە ئێراندا یەکێکی تر لەو خاڵانەیە کە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە و یەکیەتی ئورووپا بۆ جارێکیتر نیگەرانی خۆی لەو بارەوە دەربڕیوە. ئەو ڕاگەیەندراوە چەند ڕۆژ دوای سازان لە سەر میکانیزمی دارایی نێوان ئێران و ئورووپا بڵاو کرایەوە کە نیگەرانی زۆری پێکهێناوە. بۆ ئەو مەبەستە عەبباس عێراقچی ڕۆژی دووشەممە سەردانی پاریسی کرد. پێشتر " ژان ئیو لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕانسە هۆشداریی دابوو کە ئەگەر لە گفتوگۆکانمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامئ لە سەر بەرنامە مووشەکییەکانی بە ئاکام نەگەین، گەمارۆ تازەکانمان بۆ سەر ئێران دەستپێدەکەین. لە هەمان کاتدا ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران ڕایگەیاند کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران ناچێتە نێو بەرنامەی وتووێژەکانەوە و بۆ باس لەسەر کردن نابێ. بەرنامەی مووشەکیی ئێران و تاقیکردنەوەی مووشەک لەمدواییانەدا بۆتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی جۆراوجۆر و لەوبارەوە هۆشداریی دراوەتە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە واز لەو کردەوەیە بێنێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان، واز لە ئاژاوەگێڕی و شەڕانگێزی خۆی ناهێنی و بە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی خۆی بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵکی ئێران و ڕۆژە لە دوای ڕۆژ برسیەتی و نەبوونی و بێکاری لە ئێراندا پەرە دەسێنن.