کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی مەدەنی، خەڵک و دەسەڵات

21:56 - 16 رێبەندان 2718

وەک گوتمان دەهزری فەلسەفەی سیاسیدا چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە چەند مانای جۆراوجۆر پێناسەی کراوە، وەک دەوڵەت لە هزری ئەرەستوویی بە مانای کۆمەڵگەی پێشکەوتوو لە بەرامبەر کۆمەڵگەی سەرەتایی، لە هزری کەسانی وەک فێرگۆسن و "دۆخ و مافی سروشتی"، لە باوەڕی لاک و هابز هەتا گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ژان ژاک ڕۆسۆ و؛ کۆمەڵگەی مەدەنی بە پێوەری دەسەڵاتی چینی بۆرژوای مارکس لە بەرامبەر پێناسەی هێگڵ و... . لە هەڵکڕاندن و هەڵێنجانی هەموو ئەو بیر و باوەڕ و هزرانە و ئەو باسەی بە کورتی کرا دەتوانین ئاوا بڵێین: "کۆمەڵگەی مەدەنی لە بۆشایی نێوان بنەماڵە و دەوڵەت دەگوورێ"، کەوابوو کۆمەڵگەی مەدەنی چوارچێوەیەکە لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیی بەدوور لە دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆی حکوومەت، پێکهاتوو لە کۆمەڵانی خەڵک بە شێوەی گشتی و دەستە و گرووپ، کۆمەڵگەی مەدەنی شوێنی هێزی کۆمەڵانی خەڵکە لە حاڵێکدا دەوڵەت مەیدانی ڕمبازێنی سیاسەتە. کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە سەرجەم ئەو دامەزراوانە (تەشەکول، ئەنجوومەن، سەندیکا، ڕێکخراو، ئیتحادیە، کانوون و...)کە هەرکام لەمانە بە مەبەستی تایبەت و پێوەندیدار دەگەڵ چالاکی و باوەڕی خۆیان کار بۆ ڕۆشنگەری ئاوەزی ئەندامانیان؛ زێدە کۆمەڵگە دەکەن. بەگشتی دەتوانین بڵێین لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، بۆشاییەک لە زۆر بواردا هەیە کە دامودەزگاکانی دەوڵەت، ناتوانن پڕی بکەنەوە یان نایانەوێ پڕی بکەنەوە، بۆیە دەزگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دێن و ئەو فەزایە پڕ دەکەنەوە. بە مانایەکی دی، کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لەو ڕایەڵە ڕێکخراوەییە خۆبەخش و ئازادانەی کە لە مەودای نێوان خێزان و دەوڵەت لەدایک دەبێ، ئەم تۆڕە لە ڕێکخراوانی خۆبەش و سەربەخۆ، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئایین و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هاووڵاتیان، ئازادانە کار بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی مادی و مەعنەویی هاوڵاتیان دەکا، جگە لەوە کار بۆ هێنانەئارای بەهاکانی ڕێزگرتن و لێبوردنی فیکری و سیاسی و قبووڵکردنی پلۆرالیزمی سیاسی و ئایینی و جیاوازییەکان و مودیرییەتێکی سالم بۆ ململانێ و ناکۆکییەکان دەکا. کۆمەڵگە لە دەوڵەتان بە گشتی و بەتایبەت حکومەتە تۆتالیتێرەکان (تۆختر) بەسەر دوو لقدا دابەش دەبێ. ئا، کۆمەڵگەی فەرمی. بێ، کۆمەڵگەی نافەرمی؛ کۆمەڵگەی فەرمی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تاکەکانی سەر بە ئۆرگانە جیاوازەکانی حکوومەتین و بە شێوەی کەلە قەندی! لە خوارێ بۆ سەرەوە هەڵدەچنرێ بۆ میناک لە سیستمی پەروەردە و ڕاهێنان (لە وڵاتی ئێران) لەو کەسەی قوتابخانەکان خاوێن دەکاتەوە هەتا مامۆستا، جێگری مودیر (معاون)، مودیر، جێگری بەرپرسی پەروەردە و ڕاهێنان، بەرپرسی پەروەردە و ڕاهێنان (لە شارێک)، جێگری مودیری گشتی، مودیری گشتی (پارێزگا)، جێگری وەزیر، وەزیری پەروەردە و ڕاهێنان (وڵات)، سەرۆککۆمار و جێگرەکەی، ڕێبەری نیزام. دەوڵەت بە تایبەتمەندی و ئەو پێناسەیەی خۆی، جارێکی تر کەسایەتی و جۆری ڕوانینی ئەو تاکانەی سەر بە کۆمەڵگەی فەرمی دادەڕێژێتەوە و فۆڕمێکی تایبەتیی بۆ جیاکردنەوە لە کۆمەڵگەی ناڕەسمی پێ دەبەخشێ (لە ئێران ئەو کەسانەی سەر بەو دوکتۆرینەن بە فەرهەنگی دێنە ناسین)، بۆ وێنە لە هەموو بانکەکانی ئێران زەمانەتی بانکیی فەرهەنگییەکان زۆر لە کەسانی بازاڕی و ساماندار مەقبووڵترە ((ئەگە کارمەند زامن بێ یەک کەسی دەوێ کە بازاڕی بێ دووکەس!)) ئەم دیاردەیە لە دادگا و پاسگاش بەهەمان شێوە یا لە دەستە چەک و بیمەش ئەو جیاوازییە بەرچاوە، جلوبەرگ و شێوەی ئاخاوتنیشیان زۆر جیاوازترە لە کەسانی سەربە لکەکەی تر. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەشێک لەو بەڕێزانەی لە ئۆرگانە فەرمییەکانی دەستەڵاتدا لە ژێر هەرناوێک و بەهەر پلەیەک دەوام دەکەن شێوە ئاخاوتنێکی جیاوازیان دەگەڵ کۆمەڵگە هەیە، تەنانەت لە پۆشینیشدا نابێ وەک خەڵکی تر بن یا لە زۆر ڕەوشت و خدە و... دا. ئەو بەڕێزانە پێیان وایە یا وایان پێناسە بۆ کراوە کە ئەگە لە قسەکردندا هەتا کەمتر خۆ لە قەرەی زمانی دایک بدەن ئاوا فەرمیترن و بە ڕوانگەی خۆیان بەفەرهەنگنترن و ئەم دیاردەیە دەبێتە کەوشەنێک لە نێوان ئەوان و ئەوەیتر. هەر ئەم ڕوانگەیە لە بواری دەروونناسییەوە جۆرێک هەست بە لەخۆبایی بوون و خۆبەزلزانین دەخاتە ڕەوانیان و واهەست دەکەن گەلێک تەوفیریان دەگەڵ خەڵکی ئاسایی هەیە، تەنانەت هیندێ لە خەڵکی کۆمەڵگەش کە بیهەوێ خۆی بە فەرهەنگی یا کەسایەتییەک بزانێ ئابەم شێوازە دەدوێ و هەڵسوکەوت دەکا. بۆ میناک ئەو کەسانەی لە میدیا لۆکاڵییەکاندا چ وەک بێژەر چ وەک کارناس یا میوان و... دێنە گۆ زۆر بەڕوونی ئەو دیاردە زمانییە دەردەکەوێ. لە کەشێکی ئاساییدا تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بەو تایبەتمەندییانە کەمتر شان دەبەر کۆمەڵگەی مەدەنی دەنێن کە بە جۆرێک دژایەتیی ئەو دۆخە دەکا (بە ڕوانێکی ڕۆتین بەشی هەرە زۆری ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە کۆمەڵگەی نافەرمین، پشکی هەرە زاڤی ئەندامانی دامەزراوە سڤیلەکان لە کۆمەڵگەی فەرمی وەبەر مامۆستایانی قوتابخانە بە پلە یەکەم دەکەوێ). لە بەرامبەردا کۆمەڵگەی نافەرمی ئەو دیسکۆرسەیە کە سنووری نێوانیان جگە لەوەی کە لە خزمەت کار و ئەرکەکانی حکوومەتدا نین، هابز گوتەنی لە دۆخی سروشتی دان و پشکی سەرەکی لە کۆمەڵگەی مەدەنییان بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە، تەنانەت لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشان و شۆڕشیش (لە کوردستان) ئەوە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەیە باجی ئازادیخوازی دەدا و؛ بۆ سەندنەوەی مافی زەوتکراو لە هەموو بەشەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و... هەوڵ دەدا. هەموو ئەو پێناسە و تایبەتمەندییانەی کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین ئاوای بڕازێنینەوە و ڕەگ و ڕەچەڵەکی ئەو چەمکە بەم جۆرە ئاژێر دەداتەوە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بەرهەمی ڕاگرتنی باڵانسی نێوان دەستەڵات و خەڵکە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن؛ کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایەڵەی پێوەندییەکانە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجوومەن و دامەزراوەکانن؛ کۆمەڵگەی مەدەنی باشترین و کەم تێچووترین جۆری ڕێکخستنە لە چێکردنی دەستەڵاتی خەڵکی بۆ گۆڕان؛ کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگا لە یەک بوونە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی هێمای پێوەندییە مۆدێڕنەکان لە نێو کۆمەڵگەیە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی خوازیاری شەفافسازی لە کارەکانی حکوومەتە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخستنی سێنفییە بۆ بەرگری لە مافی کار؛ کۆمەڵگەی مەدەنی گۆپاڵی درووستکردنی "گوفتمان"ـە لە نێو کۆمەڵگە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی پردی نێوان دەستەڵات و کۆمەڵگەیە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی نەقدی سیاسەت و کارەکانی دەوڵەتە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی یارمەتیدەری حکوومەتی دێموکراتیکە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی دێموکراسییە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی هەستی متمانەیە لە نێوان کۆمەڵگە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵێکە بۆ برەودان بە پێشکەوتنی بەردەوام و ئینسانی؛ کۆمەڵگەی مەدەنی تەژی لە ڕێکخراوەکانە، کۆمەڵگەی مەدەنی مەتاڵ و لەمپەرە بەرامبەر دیکتاتۆران؛ کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاشتی و ئازادی و بۆ پاراستنی ژینگە و ڕۆشنگەری بەیداخە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی نەقیزەی خەڵکە بۆ دیکتاتۆران؛ کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوان و هاندەری خەڵکە بۆ بەشداری پێکردنی خەڵک لە چارەنووسی خۆیان؛ کۆمەڵگەی مەدەنی سەنگەری پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکانە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی بەگژداچوونەوەی ناعداڵەتییەکانە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی چەڵغووی ئەتنیکە ڕەنگییەکانە بۆ ڕاماڵینی دیکتاتۆرەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی... ئەو کۆمەڵگە سڤیلە وەک سیستەمێکی خەڵکی بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی سەر بەو هزرە شەقڵ دەگرێ (لە ئاکامی یەکگرتنی سەرجەم دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەدایک دەبێ، واتە کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی سەر بەو جمکەن)، بە باوەڕی ڕیچارد نۆرتۆن هەموو ئەو ڕێکخراوانەی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنی چالاکی دەکەن ئەو سێ تایبەتمەندییانەیان هەیە: ١. سڤیلمەند بوون ٢. خڕبوونەوە (تجمع گرایی) ٣. شارۆمەندی بە شێوەیەکی گشتی ئەم ڕێکخراوانە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکن، ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان، ژینگەپارێزان، شاخەوانان، کرێکاران، ئەسناف و بازاڕی، خێرخوازی، وەرزشی، مامۆستایان (معلمین)، ئەندازیاران (مهندسین)، مامۆستایانی ئایینی، ژنان، لاوان، مناڵان، خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان و... ئەم دامەزراوانە لە سەربەخۆ بوون، شێوەی ئەندامگیری، خەڵکی بوون وەک یەک دەچن. ئاکام باوەڕ بە خەباتی فرەڕەهەندی و ئیمان بە کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پشتیوانیکردنی بە کردەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە (NGO)یەکان و هەمیش لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کەشێکی نوێی لە خەباتی سڤیلیانە و نافەرمانیی مەدەنی دەخوڵقێنێ، هەربۆیە ئێمە دەبێ وەک حیزبێکی پێشڕەو و سەرتاسەری (لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ئاگاهانە ئەدرەسی نوێ بدەینە کۆمەڵانی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان. هەر تێئۆری و بیرۆکەیەکی سیاسی بۆ بەرەو ئامانج گەیاندنی نەتەوەیەک، وەدەست پێواژۆیەکی سیاسی یا نیزامی دەبێ خوێندنەوەی زانستی و فەلسەفیی تەواوی بۆ بکرێ و قۆناغەکانی یەک بە دوای یەکدا تێپەڕێنێ. بە باوەڕی "نیل ئێسمێلسێر" شەش مەرج هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن (کە هەموو ئەو شەرتانە لە ڕەوشی ئێستادا لەبارن)... ١. بەستێنی پێکهێنەر؛ هۆکارگەلی جۆراوجۆر بۆ پێکهاتنی کەشێکی تایبەت لە نێو کۆمەڵگە. ٢. زەختی پێکهێنەر؛ دۆخێکی تایبەت کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لەنێو کۆمەڵگە (مەترسی لە داهاتوو، گومان، ترس و دڵەڕاوکێ و زوڵم و...) بۆ دیاریکردنی ئامانجێکی دیاریکراو. ٣. بڵاوبوونەوەی باوەڕە پەنگخواردووەکان؛ زۆربەی پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکان لەژێر کاریگەریی ئیدۆلۆژییەکی (حیزب و جەریاناتی سیاسی) تایبەت و دیاریکراون کە ناڕەزایەتییەکان پەرە پێدەدا و ڕێکاریان بۆ دیاری دەکا. ٤. هۆکاری خێراکردن؛ ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی خێراتر کردن و پەیوەست بوونی هەرچی زۆرتری کۆمەڵانی خەڵک کە ڕاستەوخۆ بەشداریی ڕەوتەکە بن. ٥. بوونی (حیزب، ڕێکخراو) بۆ هاوئاهەنگی؛ سەرۆکایەتیکردن و پشتیوانیکردنی بزووتنەوەکە بە کەرەسە و ئامێری جۆراوجۆر. ٦. کارکردی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی؛ زاڵبوون و دەدەست گرتنی دۆخەکە (چۆنیەتیی سەرهەڵدان، بەرەوپێش چوون و بڵاوبوونەوەی لە نێو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتوندی لەژێر کاریگەریی کارکردی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵایەتییە، کاربەدەستان لە وەها دۆخێکدا هەڵوێست نیشان دەدەن. پۆپێر گوتەنی: "ڕەنگبێ من هەڵە و خۆشبین بم بەڵام زووتر دەگەینە ڕاستییەکان"، پێموایە بەو مەرجەی باوەڕمان بە تاک تاکی خەڵکی خۆمان، حیزبەکەمان و ئەم ڕێکارە مەدەنی و ئاوەزمەندە بێ سەرکەوتنمان، بەبێ هەموو ئەو تێچووە مەزنانە مسۆگەرە. ئەگە مارتین هایدگێر فیکری بۆ نازی بەرهەم دەهێنا و ببووە دەستاڕ و ئاشی ئامانجەکەی پێ دەگێڕا، جین شارپیش خەباتی مەدەنی دەکاتە بنەما، تێئۆریی گاندی و ماندێلاکان دەبنە تۆو و بە زەوی وەردەکرێن. هیچ سەیر نییە کە ئێمەش بتوانین لە تێکەڵاوێک لەو تێز و تێرمانە بە تێگێشتن و موتالەی دۆخی لەباری مەوجوودی هەنووکە (بە مەسئوولییەتەوە دەڵێم بەشی هەرە زۆری ڕێکخراوە مەدەنییەکان پێیان وایە بە پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکان دەتوانین ساغتر ڕێ بپێوین و لە ئامانج نیزیکتر بینەوە، دەگەڵ ئەوەی کە هەموو شێوازێکی خەبات بە ڕەوا دەزانم) و بە خوێندنەوەیەکی واقعی و کار و تێکۆشانی ئاگاهانە (کۆمەڵێک پێشنیار هەیە) دەتوانین ئەو ماتەوز (پتانسێل)ـەی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، بتوانین بە هیمەتی کۆمەڵگەی فەرمی و ناڕەسمی بەگشتی سەرجەم خەڵکی کوردستان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، حیزب بکەیەنە "ئاگۆرا" و مێژوو بخوڵقێنین و بە ئازادی بگەین.