کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتی تاج و مەندیل لە قانوونی ئەساسیی ئێراندا

22:04 - 16 رێبەندان 2718

٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ چل ساڵ بە سەر ڕووخانی نیزامی پاشایەتی و هاتنەسەر دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەبێ. چل و یەک ساڵ لەوە پێش گەلانی ئێران بە هیوا مەبەستی دەستەبەری ژیانێکی باشتر و سەردەمیانەتر لە بواری سیاسی و ئابووری و تەنانەت پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا و  بە دروشمی نان، مەسکەن، ئازادی و بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕژانە سەر شەقام. ئیرادەی گەلانی ئێران بۆ ئەم ڕاپەڕینە دوای نیزیک بە ساڵێک بەسەر سپای پۆشتەوپەرداخ و دەزگای دڕندەی ئەمنیەتیی ڕێژیمی پاشایەتیدا سەرکەوت. لە هەلومەرجی ئەوکاتدا گەلانی ئێران سەرمەستی سەرکەوتن بوون و کەم کەس هەبوو بیر لەوە بکاتەوە کە سیستمی سیاسیی داهاتووی ئێران چۆن دەبێ. لەو هەلومەرجەدا ڕۆحانییەتی شیعە وەک دەورانی شۆڕشی مەشرووتە هاتنەوە مەیدان و سواری هەست و سۆزی خەڵک بوون و سیستمێکیان هێنا کایەوە کە لە بواری ساختارییەوە، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ ڕێژیمی پێشوو، و تەنیا ناوەکان گۆڕدرابوون و تاج و تەخت جێی خۆی دابوو بە شاقەل و مەندیل و پشتی؛ بەڵام دەسەڵات هەمان دەسەڵات و سەرچاوەی مەشرووعییەتیش هەمان سەرچاوە. بۆ ڕوونترکردنەوەی ئەو بابەتە پشت بە ئەسڵ و بڕگەکانی موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشرووتە و قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی دەبەستین، چونکە کاتێک ئەو ئەسڵ و بڕگانە لە تەنیشت یەکتر دادەنێین، بەتەواوی بۆمان دەردەکەوێ کە گەلانی ئێران لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتیدا نەک قازانجیان نەکردووە بەڵکوو زیانمەند بوون. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕێژیمی پاشایەتی لە کۆماری ئیسلامی باشتر بووە، بەڵکوو بەو مانایە دەسکەوتی گەلانی ئێران نەک بارتەقای ئەو هەموو خوێن و قوربانییە نەبووە کە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی بەراوردێکی خێراش لەنێوان چەند ئەسڵی موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشرووتە و قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ کە کۆماری ئیسلامی و سیستمی پاشایەتیی ئێران جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێ شای ئێران وای خۆ نیشان دەدا کە سیستمی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵات لائیکە و دەیهەوێ ئێران بەرەوە دەروازەکانی تەمەدون و پێشکەوتن بەرێ، بەڵام سیستمی کۆماری ئیسلامی و خودی ڕێبەر ئەو تایبەتمەندییەیان تێدا نییە و لە پێناو بەهەشت و بەختەوریی ئەم دنیا! سەری شەڕیان لەگەڵ هەمووی جیهانی پێشکەوتوو هەیە. ئەسڵی یەکی موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشرووتە باس لە دین و مەزهەبی ڕەسمی وڵات دەکا کە ئیسلام و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامییە و، تەئکید دەکا کە دەبێ پاشا هەڵگری ئەو مەزهەبە بێ و لە هەمان کاتدا تێ بکۆشێ بۆ پەرەپێدانی ئەو مەزهەبە. ئەسڵی ١٢ی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: «دینی ڕەسمیی ئێران، ئیسلام و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامییە و بەپێی ئەسڵەکانی ٥ و ١٠٩ و ١١٥ی قانوونی ئەساسی؛ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و سەرکۆماری ئێران دەبێ هەڵگری ئەو دین و مەزهەبە بن». ئەسڵی دووی موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشرووتە باس لەوە دەکا کە، مەجلیسی شووڕای میللی نابێ قانوونێک پەسند بکا کە لەگەڵ قانوونەکانی دین و مەزهەبی ڕەسمیی وڵات دژایەتی هەبێ و، بۆ ئەوەی چاودێری بەسەر مەجلیسدا بکەن هەر لەو ئەسڵەدا باس لە پێویستیی هەیئەتێکی ٥ کەسی لە زانایانی مەزهەبی شیعە دەکا کە مەجلیس هەڵیان دەبژێرێ و، ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی ڕەسمیی مەجلیس. هەروەها تەئکید دەکاتەوە لەسەر ئەوە کە هەر قانوونێک لە مەجلیسدا پەسند کرا پێش ئەوەی بکەوێتە خانەی جێبەجێکردنەوە لەسەر سەرۆکی مەجلیس واجبە بدرێ بەو ٥ کەسە بۆ ئەوەی ئەگەر پێچەوانەی دین و مەزهەبی ڕەسمیی وڵات بێ، هەڵوەشێتەوە. تەنانەت بە پێداگرییەوە دەڵێ ئەو ئەسڵە هەتا دەرکەوتنی ئیمامی زەمان وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ ئاڵوگۆڕێکی بە سەردا نایە. ئەسڵی ٤ی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیش باس لەو هەیئەتە دەکا بەڵام ئەو جار بە شێوە و ڕوخسارێکی دیکە و دەڵێ: «هەموو قانوونەکانی مەدەنی، سزادان، ماڵی، ئابووری، ئیداری، فەرهەنگی، نیزامی و سیاسی دەبێ بەپێی ڕێوشوێنی ئیسلامی بێ و... و دیاریکردنی ئەوە لە ئەستۆی شووڕای نیگەهبانە و هەروەها لە ئەسڵی ٩٣دا دەڵێ مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بەبێ شۆڕای نیگەهبان ئیعتباری قانوونیی نییە. ئەسڵی ٣٥ی موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشرووتە باس لە پێگەی پاشا دەکا و دەڵێ: «سەڵتەنەت دیارییەکی خودایە کە لە لایەن میللەتەوە دەدرێ بە پاشا. لە ئەسڵی ٥٦ی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا دەڵێ: «حاکمییەتی ڕەها بەسەر جیهان و ئینسان ئی خودایە و هەر ئەوە ئینسانی بەسەر چارەنووسی خۆیدا حاکم کردووە ... میللەت ئەو مافەی خوا پێی داوە لەو ڕێگایانە کە لە ئەسڵەکانی دوایەدا دین بەڕێوەی دەبا». ئەسڵی ٤٧ لە موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشروتە باس لە دەسەڵاتی پاشا دەکا بۆ بردنە سەرێی پلەوپایەی فەرماندەهانی نیزامیی سپا و دەڵێ: «بەخشینی پلەی نیزامی و نیشان و ئیمتیازاتی ئیفتخاری بە لەبەرچاوگرتنی قانوونی تایبەت بە پاشایە». لە ئەسڵی ١١٠ی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا، لە خاڵی ٦دا هاتووە کە دانان و لابردن و قبووڵی دەستلەکارکێشانەوە سەرۆکی ناوەندیی هاوبەشی هێزەچەکدارەکان، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، فەرماندەکانی بەرزی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکان، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێبەر دایە. هەروەها ئەسڵی ٥٠ی موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشرووتەدا باس لەوە دەکا، کە پاشا فەرماندەی هەموو هێزە چەکدارەکانی ویشکایی و دەریاییە و لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی، ئەسڵی ١١٠ خاڵی ٤ و ٥دا هاتووە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، فەرماندەی هەموو هێزە چەکدارەکانە و ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی و ئامادەباشی هێزە چەکدارەکان لە ئەستۆی ڕێبەرە. لە موتەممەمی قانوونی ئەساسیی مەشرووتە لە ئەسڵی ٢٧دا سیستمی بەڕێوەبەریی وڵات بە سێ بەشدا پۆلین دەکا: 1ــ دەزگای قانووندانان کە تایبەتە بە داڕشتنی قانوون و چاودێری بەسەر بەڕێوەبردنی قانوون کە پێکدێ لە خاوەن شکۆ، شای شاهان و مەجلیسی شۆڕای میللی و مەجلیسی سەنا کە هەر کام لەو سەرچاوانە مافی نووسین و داڕشتنی قانوونیان هەیە؛ بەڵام دەوامی ئەو قانوونە بەستراوەتەوە بەوە کە دژایەتیی نەبێ لەگەڵ پێوانەکانی شەرع و پەسندکراوەکانی مەجلیسەکان و ئیمزای شاهانە. 2ــ دەزگای دادوەری 3ــ دەزگای بەڕێوەبەریی وڵات (قوەی مجریە) تایبەت بە پاشایە، بەو مانایە کە قانوونەکان و فەرمانەکان بەهۆی وەزیرەکان و مەئموورینی دەوڵەت بەناوی پاشاوە بەڕێوە دەچن؛ بەو شێوەیە کە قانوون دیاری دەکا. ئەسڵی ٥٧ی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر ئەو بابەتە دەڵێ: «دەزگای بەڕێوەبەریی وڵات پێکهاتوون لە سێ دەزگای قانووندانان (مقننە)، بەڕێوەبەری (مجریە)، دادوەری (قضاییە) کە لە ژێر نەزەری ویلاتی ڕەها و ئیمامی ئۆمەت بەپێی ئوسوولەکانی دوایە ئەو قانوونە بەڕێوە دەچێ. ئەو سێ دەزگایە لە یەکتر جیاوازن و بە شێوەی سەربەخۆ لە یەکتر کار دەکەن. دەبینین هەم لە موتەممەمی قانونی ئەساسیی مەشرووتەدا و هەم لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا، پاشا یا ڕێبەر بە تەنیا دەتوانن هەم قانووندانەر بن و هەم چاودێری قانوون، ئیمزای پاشا لە سەر هەر بەڵگەیەک حوکمی قانوونی هەبووە و قسە و ئیمزای ئێستای ڕێبەریش دەبێتە حوکمی حکوومەتی. لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتیدا، ئێران خاوەنی پاشایەک بوو کە وەکی باسمان کرد پاشایەتییەکەی دیاریی خودا بوو، کە لەلایەن خەڵکەوە پێی درابوو. لەو سەردەمدا شوعار ئەوە بوو کە شا سێبەری خوایە لە سەر زەوی و، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا هەتا پەیدابوونی ئیمامی زەمان ڕێبەری جیهانی ئیسلام بە تایبەتی دنیای شیعە لە ئەستۆی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە و؛ ئەو نوێنەری ئیمامی زەمانە و؛ بە مانایەکی دیکە نوێنەری خوایە لە سەر زەوی. لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتیدا ئێران دوو مەجلیسی هەبوو، مەجلیسی شووڕای میللی و سەنا کە شۆڕای میللی بەزاهیر وەک ئێستای کۆماری ئیسلامی لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردران و مەجلیسی سەنا کە لە ٦٠ کەس پێک هاتبوو. ئەو ٦٠ کەسە ٣٠ کەسیان لە لایەن خودی پاشاوە هەڵدەبژێردران و٣٠ کەسەکەی دیکە لە لایەن خەڵکەوە. لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا دوو مەجلیسی قانووندانان هەیە، مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و شووڕای نیگەهان، کە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی دوای تێپەڕبوون لە پاڵوێنی شۆڕای نیگەهبان لە لایەن خەڵکەوە دەنگی پێ دەدرێ، بەڵام مەجلیسی شۆڕای نیگەهبان کە لە ١٢ کەس پێک دێ ٦ کەسیان ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێبەرەوە هەڵدەبژێردرێن و ٦ کەسی دیکەش لە لایەن سەرۆکی دەزگای دادی ئێران (کە بۆخۆی هەڵبژاردەی ڕێبەرە. ئەو چەند خاڵەی سەرەوە پێکگرتنێک بوو لە نێوان دوو قانوونی بنەڕەتیی وڵات کە مەودای سەد ساڵیان جیاوازی هەیە، بەڵام ئەو خوێندنەوە پێمان دەڵێ کە لە دوای ئەوە کە مەزهەبی ڕەسمیی وڵات بوو بە مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی، هەموو کات ڕێبەرانی ئایینیی شیعە هەوڵیان داوە لە لووتکەی دەسەڵاتدا بن و یا دەسەڵات و دەسەڵاتدار لەژێر دەستیاندا بن. بۆیە چ لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە و چ لە شۆڕشی ساڵی ٥٧دا، ئاخوند و ئایەتوڵڵاکان ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە و، نەیانهێشتووە بەناوی شۆڕش و ئینقلاب و دێموکراسی و مافی خەڵک؛ وڵات و دەسەڵاتیان لە دەست بچێ. ئەگەر لە سەردەمی نیزامیی پاشایەتیدا، ئێران ببوو بە زیندانی ناڕازییەکان و فەسادی ئیداری و ماڵی تانوپۆی حکوومەت و بەتایبەتی بنەماڵەی پاشای گرتبوو و، دەزگای ئەمنییەتیی شا (ساواک) ڕۆژانە دەستێوەردانی لە ژیانی خەڵکدا دەکرد و قسەکردن و ڕەخنەگرتن لە سیستمی بەڕێوەبەریی وڵات بڤە و قەدەغە بوو؛ ئێستا لە کۆماری ئیسلامیدا گەندەڵی لە نێو دامودەزگای دەوڵەتیدا بەدامەزراوە کراوە و، هەژاری و کەم داهاتی بە ڕادەیەک پەرەی گرتووە کە وەک بۆمبی لێ هاتووە ق، هەر ئان و ساتێک بە ڕووی دەسەڵاتدارانی تاراندا ئەگەری تەقینەوەی هەیە. دەزگا ئەمنیەتییەکانیش بەردەوام ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکەن و خەڵک دەخنکێنن. نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕادەی سەرسوڕهێنەر زیادی کردووە و سەرەڕای هەموو ئەوانە و دەیان بابەتی دیکە، سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە هەناردەکردنی شۆڕشە؛ بۆتە بەڵای گیانی گەلانی ئێران. بەکورتی دەتوانین بڵێین بە ڕووخانی نیزامی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری نیزامی کۆماری ئیسلامی لە کۆلکە ڕەویونەوە بە سەر بەرازیدا کەوتوون.