کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگری و بەگژداچوونەوەیەکی ڕەوا

23:20 - 16 رێبەندان 2718

بەرگری و بەگژداچوونەوەیەکی ڕەوا (خوێندنەوەیەک بۆ ڕەفتاری خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی) لە دوایین ساڵەکانی دەسەڵاتی پاشایەتیدا، کوردستان هەلومەرجێکی تایبەتیی سیاسی - ئەمنیەتیی بەسەردا سەپێندرابوو؛ ساواک سێبەرێکی پڕ سام و تۆقاندنی بەسەر ژیانی خەڵکەوە هەبوو، هەر جۆرە جموجوڵێکی سیاسیی بە گرتن، ئەشکەنجە و داسەپاندنی حوکمی قورس وڵام دەدرایەو؛ کورد وەک نەتەوەیەک کە داوای مافە ئینسانی و ڕەواکانی خۆی دەکرد، حاشا لە بوونی دەکرا، کوردستان لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە لەوپەڕی پاشکەوتووییدا ڕاگیرابوو. بۆیە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی شارە گەورەکانی ئێران دژ بەم نیزامە بۆ خەڵکی کوردستان جێی هیوا و هومێد بوون. هاوکات لە گەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و دەستپێکردنی خۆپێشاندان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە شار و ناوچەکانی ئێران، ڕق و قینی پەنگخواردووی خەڵکی کورد تەقییەوە و خۆپێشاندانەکان لە ئاستێکی بەربڵاودا کوردستانیشی گرتەوە. درووشم و داوای خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتاکانی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە وردەوردە تایبەتمەندیی خۆی هەبوو. ئەگەر ئەم شۆڕشە لە تاران و شار و ناچەکانی دیکەی ئێران ڕوخسار و نێوەرۆکێکی مەزهەبیی هەبوو و خەڵک چاویان لە "رێبەری" ئەم شۆڕشە _خومەینی_ بوو، لە کوردستان نە داواکارییەکان مەزهەبی بوون و نە خومەینی ڕێبەر بوو. داواکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی گەڵاڵەی خودموختاری لەلایەن حیزبی دێموکرات و حیزب و کەسایەتییەکانی دیکەوە دیاری کرابوون و بەرەوڕووی کاربەدەستانی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی تاران کرانەوە. خەڵکی کوردستان کە هەر لە سەرەتای ئەم شۆڕشەوە لە دەوری بەرنامە و سیاسەتی حیزبەکان کۆببوونەوە، لە رێگای کۆبوونەوە و میتینگی جەماوەری و یەکەم هەڵبژاردنەکانەوە بەزۆری متمانەی خۆیان بە حیزبی دێموکرات بەخشیبوو. بۆیە لە قۆناغی ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشدا، هەیئەتێک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند جارێک لەگەڵ خودی خومەینی و کەسانی دیکە لە دەوڵەتی کاتی چاوپێکەوتنیان کرد. پیاوە مەزهەبییە تازە بەدەسەڵاتگەیشتووەکان کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی ئێرانیان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی ڕوانینی مەزهەبی بە ناوی "ئۆممەتی ئیسلامی"دا پێناسە دەکرد، حاشایان لە بوونی نەتەوەیەک بە ناوی کورد کرد و داخوازییەکانی ئەم میللەتەیان بە بێبایەخ سەیر دەکرد. ئەوە بوو کە خومەینی فەرمانی جیهادی دا و شەڕێکی ماڵوێرانکەری سێ مانگە بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپا. لە ئاکامی ئەم فەرمان و ئەقڵییەتە کۆنەپەرەستانەدا هێرش بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد و بە سەدان کەسی بێدیفاع بوونە قوربانی. دوای بەرەبەرەکانیی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و بەدەستەوەگرتنی بەشێک لە شار و ناوچەکانی کورستان، ویست و داخوازییەکانی خەڵک لە لایەن "دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان" کە لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسینی وەک سەرۆک، حیزبی دێموکرات وەک وتەبێژ، کۆمەڵە و چریکە فیداییەکانی گەلی ئێران وەک ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتیی پێک هاتبوو، نوێنەرایەتی دەکرا. خەڵکی کوردستان کە پێشتر لە ١٠ی خاکە لێوەی ساڵی ١٣٥٨دا بایکۆتی بەناو ڕێفراندۆمی بۆ دیاریکردنی نیزام کردبوو و لە ڕێگای نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیانەوە دەیانزانێ کە ماهییەت و نێوەڕۆکی ئەم نیزامە چییە، بەڵام دیسانیش بەپێی ماهییەتی ئاشتیخوازانەی خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی، هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە ئەم ڕێگایە بە ڕێڕەوی ئاشتیخوازانە و دیالۆگدا بەرێتە پێش. هەر لە سەر ئەم ئەساس و بنەمایە بوو کە لە چەند دەرفەتی دیکەدا چالاکانە لە هەڵبژاردنەکان مەجلیسی خیبرەگان لە ١٢ی گەلاوێژی ١٣٥٨ و یەکەم خولی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلمان لە ٢٤ی ڕەشەممەی ١٣٥٨ بەشدارییان کرد و دەنگیان بە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان دا. بەڵام هەموو ئەم "حوسنی نییەت"انەی خەڵکی کورستان بە هەڵوەشانەوەی سندووقەکانی دەنگدان لە بەشیک لە حەوزەکان و هەڕەشەکردن لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستان وڵام درایەوە. لە قۆناغەکانی دیکەدا و دوای بێئاکام هێشتنەوەی هەوڵی دەستەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لەگەڵ تاران لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، خەڵکی کوردستان بە پەیوەستبوونیان بە ڕیزی حیزبە سیاسییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە پشتیوانیی مادی و مەعنەوی لەم خەباتە و بەربەرەکانیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆی نیزام و سیاسەتە دژی گەلییەکانی لە کوردستان، لێبڕاوانە لەسەر ویست و داخوازە نەتەوەییەکانی خۆیان بەردەوام بوون. ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەم چوار دەیەدا بەرانبەر بە سیاسەت و ڕوانینەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شێوازی جۆراوجۆری بەپێی هەل و دەرفەتەکان بە خۆوە بینییەوە. لەگەڵ ئەوەیکە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت _سەرەڕای ئەو هەمووە ڕەخنە و گلەییانەیان لە حیزبەکان کە زۆری دروست و لەجێی خۆیان دان_ خەڵکی کورستان خۆیان بە پشتیوانی حیزبەکان دەزانن، بەڵام دیسانیش هەوڵ دراوە بە خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرج و بە کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵە فاکتەرێک کە لەوانەیە ئەوان زیاتر لە حیزبەکان دەرکیان بە واقعییەتەکان کردبێ، کۆمەڵە ڕەفتارێکی جیاواز و  لە هەمان کاتدا مانادار لە خۆ نیشان بدەن. ڕێژیم لە ماوەی ئەم چوار دەیەدا هەمیشە هەوڵی داوە جیا لە بەرخوردێکی ڕژد بەرانبەر بە چالاکانی سیاسیی کورد و دوورخستنەوەی حیزبەکان، زۆر بە هێواشی و نەرم، خەڵکی کوردستان لە هۆڤییەت و شوناسی کوردبوون دابماڵێ و بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پیلانە بە دڵنیاییەوە هەزینەیەکی زۆری مادی و ئینسانیی کردووە. بەڵام وەک دەبینین ئەم میللەتە بە هەوڵی چالاکان و هەڵسووڕاوانی بوارەکانی کولتووری، ئەدەبی، هونەری بەتایبەت لە بەستێنی زمان و موزیک و پۆششدا، نەتەنیا توانەوە و ئاسمیلەبوونی پێوە نابیندرێ، بەڵکوو بە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و بەرهەست دادەنری. ڕاست لەسەر ڕەوتی ڕێژیمی پێشوو، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەمیشە هەوڵی داوە کوردستان لەرووی گەشەی ئابووری و پیشەسازییەوە لە هەژاری و بێ‌دەرەتانیدا ڕابگرێ. ئامانجی لەم کارەش پەرەپێدان بە دیاردەی خۆبەدەستەوەدان و جاشایەتی و پەرەسەندنی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان بووە. بەڵام دیسانیش ئەم میللەتە بە عیزەتی نەفسەوە ژیانی پڕ لە نەداری و کوێرەوەریی تەحەموول کردووە و ئامادە نەبووە خۆی بەدەستەوە بدا. ئەگەر دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم توانیبێتیان لەم ڕێگایەوە کۆمەڵە خەڵکێکی نەفس نزم بەلای خۆیاندا ڕابکێشن کە خۆشخزمەتییان بۆ بکەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە نەیانتوانیوە ئیرادە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بشکێنن و دەستەمۆی بکەن. کاروانی دوور و درێژی هەزاران پیر و لاوی کورد لە سنوورەکانی کوردستان کە بە کۆڵبەری یەوە خەریکن و ڕۆژ نییە کەس یان چەند کەسیان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم گیانی لێ نەستێندرێ، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئینسانی کورد بۆ پاراستنی شەرافەتی خۆی و خاوخێزانی ئامادەیە گیان بدا بەڵام سەر بۆ دوژمن نەوی نەکا. ڕەفتاری سیاسیی خەڵکی کوردستان لە کۆمەڵە پرسێکی وەک هەڵبژکاردنەکان لە چوارچێوەی ئەم نیزامەدا، شێوازی جۆراوجۆری بەخۆوە بینییەوە کە باس و لێکدانەوەی فرە هەڵدەگرێت. ئەگەر بە نیسبەت قسەکردن لەسەر جۆری ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ پرسە سیاسییەکان لە ئێراندا، هەڵبژاردنەکانی نێو ئەم نیزامە بە نموونە بهێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە هەڵومەرجی جیاوازدا هەڵگری پەیامی سیاسیی جیاواز بووە. بۆ نموونە خەڵک لە گەڵ ئەوەیکە قەت باوەڕی بە دێموکراتبوونی ئەم هەڵبژاردنانە نەبووە و نییە، بەڵام لە هێندێکیاندا بەشداریی کردوە و ڕاشکاوانە لایەنگیری لە ڕەوتێک، کەسێک یان کەسانێک کردووە و هێندێک جاریش بە تێکڕایی بایکۆتی کردووە. ئەم شێوە ڕەفتارەی خەڵک بەتایبەت لەو هەڵبژاردنەنەدا کە پێوەندییان بە بەڕێوەبەریی دەوڵەت و ژووری پارلمانەوە هەیە، نیشان دەدا کە بە نیسبەت گۆڕانکارییەکان لە سەر ئاستی نێوخۆی ئێران و تەیفبەندیی نێوباڵەکانی ڕێژیم لەسەر هەستە و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێ کە هاوکات لەگەڵ زەقکردنەوەی کەلین و کەلەبەرەکان، دژ بە نماد و ڕەمزەکانی سەرەوەی ئەم ڕێژیمە هەڵوێست بگرێ. لەلایەکی دیکەوە هەوڵ دەدا لە چووکەترین هەل و دەرفەتەکان بۆ هێنانەئارا و مەترەحکردنی ویست و داخوازییەکانی خۆی کەڵک وەربگرێ. ڕاست بە پێچەوانەی بەشێک لەو بۆچوونانەی کە لەم ڕەفتارەی خەڵک نیگەرانن و پێیان وایە ئەم بەشداریکردنەوەی خەڵکی کوردستان و ئەم لەگەڵ کەوتنانە دەتوانێ مانای مەشرووعیەتدان بە ڕێژیمی لێ بکەوێتەوە، خەڵک لەم ڕێگایەوە هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی ویست و داخوازییەکانی خۆی، هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە دەتوانێ لەم بوارەشدا بەگژداچوونەوەی نماد و ڕەمزەکانی سەرەوەی ئەم رێژیمە بکا. ئێستا کە لە ساڵڕۆژی چل ساڵەی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک دەبینەوە، ئەم ڕێژیمە لاوازترین پێگەی لە کوردستاندا هەیە. سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە هەموو بوارەکاندا کە هەر هەموویان بۆ لانیکەم دەستەمۆکردنی خەڵکی کوردستان بووە، تووشی شکست و پووچەڵکردنەوە هاتووە. لە کوردستان بزووتنەوەیەکی بەربەرینی مەدەنی، جەماوەری و ڕێکخراو هەیە. ئەم خەباتە کە ماهییەتێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە، کار لەسەر درووستکردنی گوتاری یەکگرتووانە دەدا. بوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و متمانەی خەڵک بەم ڕێکخراوانە و پێشتوانی لێکردنیان و لەگەڵ کەوتنیان، کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراوی لێ دەستەبەر بووە. لە لایەکی دیکەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ماوەی ئەم چواردەیەدا هەموو پیلانێکی ڕەشی ڕێژیمیان لەسەر تاقی کراوەتەوە، زیاتر لە هەمیشە خاوەنی جێگە و پێگەی جەماوەریی خۆیانن. ئەوان کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم ڕێژیمەدا رێبەرانیان لێ تێرۆر کرا، بە هەزاران کادر و پێشمەرگەیان گیانیان لێ ئەستێندرا، بنکە و بارەگایان لێ بوردمان کرا و، هەر لە چلەمین ساڵڕۆژی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا، مووشەکبارانی کۆبوونەوەی ڕێبەرانیان لە قەڵای دێموکرات کرا، ئێستا زیاتر لە هەمیشە هەوڵی یەکگرتووی و یەکڕیزی دەدەن و خەڵکی کوردستان چاوی لێیانە. بە گشتی؛ ڕەفتاری خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە تا ئێستا لەسەر ئەساسی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆی بووە و بەرانبەر هەوڵەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ حاشالێکردن و سڕینەوەی، هەڵوێست و بەگژداچوونەوەی ڕەوای هەبووە.