کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەکەتی و هیوای "بووچانی" لە "مانووس"ەوە

23:38 - 16 رێبەندان 2718

ماریۆ بارگاس یۆسا نووسەری پێڕۆیی و خاوەنی چەند ڕۆمانی باش لە ئەدەبیاتی دنیادا و هەروەها خاوەنی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل، لە وتارێکدا لەژێر ناوی «بۆچی ئەدەبیات؟» بە چڕوپڕی باس لەوە دەکا کە ئێمە بۆ دەبێ ئەدەبیات بخوێنینەوە و ئەدەبیات دەتوانێ چ دەسکەوتێکی بۆ مرۆڤ هەبێ! «تەنیا شتێک لە دنیای ئەمڕۆدا، کە بتوانێ ئێمە بۆ ناسینی تەواوەتی مرۆڤ بوونمان ڕێنمایی بکا، لە ئەدەبیاتدا شاردراوەتەوە. ئەم ڕوانگە یەکیەتیدەرە، ئەم پەیڤە گشتگیرە، نە لە فەلسەفەدا دەبیندرێتەوە، نە لە مێژوودا، نە لە هونەر و بێگومان نە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیشدا. بەمەبەستی پاراستنی مرۆ لە گەوجی، دەمارگرژی، ڕەگەزپەرستی، ناکۆکی و ناتەبایی مەزەبی، سیاسی و ناسیۆنالیزمی پاوانخوازانە، هیچ تشتێک لەو ڕاستییەی کە لە خوڵقێندراوە گەورەکانی ئەدەبیاتدا خۆ دەردەخا، کاریگەرتر نییە. ژنان و پیاوانی هەموو گەلانی دنیا، لە هەر کوێ بن، لە بنەڕەتدا هاوسانن، تەنیا نابەرامبەرییە لە نێوانیاندا، تۆوی هەڵاواردن و ترس و چەوساندنەوە بڵاو دەکاتەوە. هیچ شتێک چاتر لە ئەدەبیات فێری ئەوەمان ناکا کەوا جیاوازییە ئیتنیکی و کولتوورییەکان، سەرچاوەگرتوو لە دەوڵەمەندیی میراتی مرۆڤ بزانین و، ئەم جیاوازییانە کە ڕەنگدانەوەی هێزی داهێنانی فرەلایەنی مرۆڤە؛ بەرز بنرخێنین». بەپێی ئەم ڕوانگەیە ئەدەبیات بەستێنێکە بۆ لە یەکتر نیزیکبوونەوە، بۆ ناسینی کولتوورە جیاوازەکان، بۆ بەهرەمەند بوون لە دنیای تاریک و تەنیای مرۆڤەکان، بۆ تێگەیشتن لە بیرۆکە بێسنوورەکانی هەموو ئەو کەسانەی کە خاوەنی دڵەڕاوکێ و چیرۆک و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆیانن. بەگشتی ئەدەبیات واتە تێپەڕین لە دیوار و میچ و قفڵەکان و شکاندنی قفڵی مێشکی مرۆڤەکان. «بێهرووز بووچانی»، کوڕە کوردی نووسەر و پەنابەر لەگەڵ ئەوەی کە ئەو کتێبەم نەخوێندۆتەوە و بەدەر لە کارتێکەریی بەخشینی خەڵاتی بەرزترین ئاستی ئەدەبی وڵاتێکی وەک ئوسترالیا بە ئەو خۆشەویستە! ئەوی کە سەرنجڕاکێشە کوردبوون، نووسەربوون و پەنابەربوونەکەیەتی. کەسێک کە هاوکات خاوەنی سێ تایبەتمەندیی گەورەیە کە بەداخەوە خەمهێنەرن و خەمۆککەر. ئەم تایبەتمەندییانە جیا لە پرسە فەلسەفییەکەی کە ئایا بەڕاستی مرۆڤ لە هەڵبژاردنیاندا چەندە دەستی ئاوەڵایە و چەندە لێکەوتەی زەبری جوغڕافیاکەیەتی و هەتا چ ڕادەیەک دەراویشتەی ڕوانگەی خودی ئەو کەسایەتییەیە؟! ناتوانی و ناکرێ کە کاریگەریی هەر کام لەوانە لەسەر ڕەوت و درێژەی ژیانی ئەو مرۆڤە بەهێند نەگری. ڕاستە بۆخۆمان مافی هەڵبژاردنی ڕەگەزی خۆمان نییە، کە کورد بووی کوردی، بە سویدی لەدایک بی سویدیت، بەڵام ئەمە ڕواڵەتی شتەکەیە چونکوو زۆر کەسمان هەیە لەمەڕ بۆنموونە کوردبوونی خۆیەوە هیچ جۆرە هەستێکی ئەرێنی نییە، جا دەتوانێ ئەوە کەسێکی خۆڕادەستکەر بێ بە دژبەرانی گەلەکەی، یانە خۆی لە بن دەمامکی گەردوونی و جیهانی و ئومانیستییەکی ڕووتدا شاردبێتەوە و بڵێ ئەمن بەهەزاران فەرسەخ پێشکەوتووترم لەو ناسیۆنالیستەی دراوسێمان و یا نەخێر هێنانەوەی پاساوی سەیروسەمەرەتر لەوە. کەواتە لانیکەم بۆ کوردێک، کوردبوونەکە دەبێتە خاڵی وەرسووڕانێک لە ژیانیدا، چ شانازیی پێوە بکا چ وەک مایەی شەرمەزاری لێکی داتەوە، لە دوای ئەوە ژیانێکی ئاسایی نابێ، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بەدەوڵەت نەبوو، بۆ نەتەوەیەکی «بەگەل» نەبوو. دوو ڕێگە لە پێشدایە یان بۆ سەلماندن و وەدەستهێنانی ئەو شتەی کە بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێ ژیانی خۆی دابنێ (بۆیە دەڵێم ژیانی خۆی، ژیان لە گیان بە گرینگتر دەزانم، چ کەسانێکمان هەیە کە چل ساڵ و بگرە زیاتریش ئەم کۆڵە قورسەیان بەشان داداوە، لە کاتێکدا هاوڕێیان هەبووە لە دەستپێکی خەباتدا گیانیان پێشکەش کردووە و بۆ هەمیشە لە دژوارییەکانی داهاتوو ماڵاواییان کردووە!) یا لە بەرامبەردا کەسانێکیش هەن بۆ خۆدزینەوە لەو ڕاستییەی کە بە کەیفێیان نییە و بە لەمپەرێکی دەزانن لە سەر ڕێگای پێشکەوتنی تاکەکەسیی خۆیاندا، دەبێ بەردەوام هەڵبێن و هەڵبێن و خۆ حەشار دەن و بەڵام ئەم مۆتەکەیە هەمیشە سێبەری بەسەر ژیانیاندا زاڵە. کەواتە تەنانەت دیاردەی ڕەگەزییش دەتوانێ ڕەها نەبێ و لانیکەم بە ڕواڵەت دیاردەیەکی بگۆڕ بێ! هەموو مرۆڤدۆستانی دنیا پێویستە بۆ ڕۆژێکیش بووە کورد بن هەتا بە گۆشت و ئێسک و خوێن هەست بەو تاڵاییە لەبن نەهاتووە بکەن. بۆ کوردێکی گەورەبووی شاخ و کوێستان ژیان لە دوڕگەیەکی بێڕووحدا تاقەت پڕووکێنترە بە نیسبەتی هاوسەفەرەکەی، بۆ کوردێک کە کوێستان و بناری ڕژدی و ڕەوەزی ڕەقی هەردەم داڵدەی بووە. نووسەربوون تایبەتمەندیی دووهەمی بێهرووز بووچانی، کاتێ کە دەڵێن داهێنان و نووسین دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووحی مرۆڤی نووسەر ئارەقە بکا و هەست بە ماندوویی بکا، لە خۆڕا نەگوتراوە. کاری داهێنان پێویستی بە خەیاڵێکی دوورەفڕە، خەیاڵێکی پەنگخواردوو لە دەوروبەرێکی نیزیک توانایی داهێنانی نییە. مرۆڤی نووسەر بەردەوام لە حاڵی دۆزینەوەدایە، وردترین ڕووداوەکانی دەوروبەر دەبنە کەرەستەی نووسینەوەکانی و بەگشتی هەموو شتێک وەک سووژە دەبینێ، ئەوەیە کەسێکی کە نووسەرە وەک بڵێی بە میکڕۆسکۆپ دەبینێ، ئەوی لە چاوی دەوروبەرەکەی ونە لە چوارچێوەی کامێرای ڕوانینی ئەودا کلەوزئاپێکە؛ بۆیە دەردی نووسەر دووقات و سێ‌ قات و دەقاتە. بێگومان تەحەممولی چوارچێوەی بەرتەسکی کەمپێک و ژیان لە بەرزەخێکدا و ژین لە نێوان کوێرەهیوایەک و هیوابڕاوییەکی ڕەها و دۆخێکی هەڵپەسێراودا بۆ نووسەر ئەستەمترە لە هاوژوورەکەی. پەنابەربوون بە درێژایی مێژووی پڕ لە شەڕەنگێزیی مرۆڤ هەر بووە و هەر دەشمێنێ، دیاردەی تاراوگەنشینی بە دوو شێوەی خوازراو و نەخوازراو پۆلێن دەکرێ، کە ئەگەر واقعبین بین خوازراو بەڕاستی یان هەر نییە یان بە هەزارهێندەی نەخوازراو کەمترە، هەر مرۆڤێکی کە خۆی دوور دەخاتەوە و هەرچی خۆشی ویستووە جێی دەهێڵێ، بێگومان هەلومەرجێکی نەگونجاوی تێپەڕاندووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان جێگەی پێ لێژ بووە، دەنا هیچ کەسێک دژواریی غەریبی بە ژیان ناکڕێ! ئەو تایبەتمەندییانە بە هەوێنی سەرەکیی لەدایکبوونی ڕۆمانی «هاوڕێیەک لە بۆ کورد نییە، شاخ نەبێ» دەزانم. لێرەدا دەبێ بڵێم گەیشتن بەو ئاستە و دەنگدانەوەی ناوی بێهرووز بووچانی، بەرهەمی ئاوێتەبووی سێ هەستی ماندووبوون، لە هەمان کاتدا هیواداربوون و تێکۆشانێکی نەپساوەیە.  هیوام وایە هاوڕێ بێهرووز بووچانی بتوانێ لەسەر ڕێچکەی هەڵبژێراوی خۆی بەردەوام بێ و بگاتە لووتکەی کوێستانی ئەدەبیات و هونەر و لەوێ بۆ چەند ساتێکیش بووە ماندوویی ساڵگارێکی ڕەش و بێهیوا لە لەش و مێشکی بڕەوێنێتەوە و بەو شێوەیە دڵۆپێک لە دەریای ڕەنجی کوردبوون و مرۆڤ بوون بە گوێی کپی دنیا بگەیەنێ و ببێتە هەوێنی بیرکردنەوەی دەسەڵاتبەدەستانی گێل لە بنەما سەرەتاییەکانی مرۆ.