کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەنجە و غرووری بەندیی سیاسی

23:42 - 16 رێبەندان 2718

کەمتر لە یەک مانگ بەسەر ئازادبوونەکەمدا تێپەڕیبوو کە لە ڕادیۆ حیزبەوە پەیامم بۆ هات کە «قەندیل ١» وەرە بۆ لامان. بەڕادەیەک بەو هەواڵە خۆشحاڵ بووم کە ئەشکەنجە و جەزرەبەکانی ئەو ماوەیەم بەتەواوی لەبیر چۆوە. دوای چەند ڕۆژان خۆم گەیاندە بنکەکانی حیزب لە باشووری کوردستان و پاش دیدار تازە کردنەوەیەک و ڕاسپاردنی هێندێک ئەرک؛ سەر لە نوێ سازمان درام و گەڕامەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیسانەوە دەستم کردەوە بە چالاکی و سازکردنەوەی هەستە تەشکیلاتییەکانمان. هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکیی حیزبی خەریکی کاروکاسبیش بووم، ڕۆژێک لە نێوشاری دێولان تووشی مەئموورێک بووم و پێی گوتم: «ئەوە نەگیراوی؟» گوتم تازە ئازاد بووم و ئەویش گوتی کە نا ئەتۆ هێشتا ساڵێک لە حوکمەکەت ماوە و چ قازییەکی وا وا لێهاتوو، ئەو یەک ساڵەی تۆی کردووەتە تەعلیقی؟ لەدوای ئەوە زۆری نەخایاند قۆڵبەست کرام و پاش 40 ڕۆژان ئەشکەنجە و لێپێچینەوە، هیچم لەسەر نەسەلمێندرا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرام، بەڵام بازجووەکە پێی گوتم کە ئەو یەک ساڵە هەر دەبێ بکێشی و دادگا ناتوانێ بۆت بکاتە تەعلیقی؛ بە هەر شێوەیەک بوو بڕیاری خۆیان بردە سەرێ و دەستبەسەریان کردم و بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترامەوە. لە زیندان بێجگە لە حەسەن گۆران هەموو هاوڕێیانی پێشووم لەوێ مابوون. لێرەدا بەجێیە چەند بیرەوەرییەکی خۆم لە ڕۆژانی زیندانم بگێڕمەوە؛ شەهید محەممەد نەدیمی کە ئەو کات پێکەوە لە زیندان بووین، ڕۆژێک لە سەر ئەوەی کەسێک سووکایەتیی کردووە بە شەهیدان، لەگەڵی بەشەڕ هات و هێندی لێدا کابرا یەکڕاست بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە و شەهید محەممەدیش بۆ زیندانی تاکەکەسی. لە دوای چەند ڕۆژێک لەو ڕووداوە گەڕانەوەی بۆ بەند، هات بۆ لام و لێی پرسیم: «دەزانی ئەمڕۆ چ ڕۆژێکە؟» لە وڵامدا گوتم بەڵێ، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە. پێی گوتم دەی باشە بۆ وا بێهەست و بێهەڵوێستی؟ دوایە وەرە بۆ مزگەوتی زیندان. کە چووم دیتم زۆربەی هەرەزۆری حیزبییەکانی لەوێ کۆ کردووەتەوە و، هەر لەوێدا و بە ساکاری بۆنەیەکمان ڕێک خست و ئەو کارە بووە هۆی ورەبەخشینێکی زۆر بە من و هەموو هاوڕێیانی دیکەش. سێ ڕۆژ دواتر، واتە ڕۆژی سێزدەبەدەر کەش و هەوایەکی زۆر خۆشی هەبوو و ئێمەش سفرەی نەهارمان لە حەوشەی زیندان ڕاخستبوو کە بانگیان کردم بۆ ژووری چاوپێکەوتن. بەپەلە ڕۆشتم دیتم دایکم هاتووە بۆ سەردانم (چاوپێکەوتنەکانمان لە پشت شووشە و بە تەلەفوون بوو)، دایکم خەمێکی گەورە بە ڕوخسارییەوە دیار بوو، لە پاش چاک و چۆنی، لە کەش و هەوای دەرێم پرسی و ئەویش لە وڵامدا گوتی: «باران و بەفرێکە ڕۆڵەگیان هیچ کەسێک ناتوانێ ماڵەوماڵ بکا و هەموو لە ماڵ خزیون! لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە چێشت و نانێکی زۆری ساز کردووە و زۆر لە بەرپرسانی زیندان پاڕاوەتەوە و تەنانەت سەرشانی یەکیشیانی ماچ کردبوو بەڵام بەو حاڵەش نەیانهێشتبوو خواردنەکانمان بۆ بێنێ. بەوەی کە دایکم لەبەریان پاڕابۆوە زۆر تێک چووم و لەسەر دڵم گران هات، چونکی دوو ڕۆژ پێشتریش، باوکم قەندی بۆ هێنابووم و مەئموورەکان لێیان وەرگرتبوو و هەموو قەندەکەیان لە بەر دەرکی زیندان پڕش و بڵاو کردبۆوە. قسەکانی دایکم و ڕوخساری شەکەت وماندووی و دڵشکاوییەکەی ئاگری لە جەستەم بەردابوو. خۆم پێ ڕانەگیرا، لە قوڵپەی گریانم دا و دایکمم بەبێ ماڵاوایی کردن بەجێهێشت! ساڵی 76 کە لە زیندان ئازاد بووم، بۆ ماوەیەک چالاکییەکانم ڕاگرت هەتا دیسان لەلایەن حیزبەوە پێوەندیم پێوە کرا و سەر لە نوێ لەگەڵ هاوڕێیان خۆمان سازمان دایەوە و دەستمان بە کار و چالاکییەکانمان لە ناوچەکانی دێولان و سنە کردەوە. لە ساڵەکانی 77 تا 82 بە دەیان جار ماوە ماوە گیراوم، ئەشکەنجە کراوم و دوایە بەردراوم. جاری واش هەبووە بە ماشێن لە بەیانییەوە ڕفێندراوم و هەتا ئێوارێ لە دوای لێدان و بێڕێزی کردن و هەڕەشە و گوڕەشە، لە دەرەوەی شار فڕێیان داومەتە خوارێ و؛ ئەگەر بمهەوێ باسیان  بکەم زۆر دەخایەنێ. کە ژیانی هاوبەشیشم پێک هێنا هەر بە هەمان شێوە و بگرە سوورتر لە جاران درێژەم بە کار و چالاکییەکانم دا. ڕۆژی زەماوەندەکەم 26ی سەرماوەز دانابوو. ئەوەش ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە دێولانی هار کردبوو و هاتن لێمانی تێکدەن و بمگرن؛ بەڵام بە حەول و تکای پیاوانی ڕیش سپی و خۆشناوی ناوچەکە پێش بەم کارە گیرا. دواتریش بەبۆنەی چالاکی و هەڵسووڕان لە بۆنەکان و بەڕێوەبردنی بەشکۆی جێژنی نەورۆز و... چەند جارێکی دیکە گیرام و ئازاد کرام و هەر جارەی نیزیک بە مانگ دەیانخستمە بەندیخانەی ئیتلاعاتەوە. لەتبوونی حیزب یەکێک لە ناخۆشترین ڕووداوەکانی ژیانم بوو. لە دوای لەتبوونی حیزب گوشاری زیاتریان خستە سەرمان و تەنانەت چەند جار بەڕاشکاوی هەڕەشەی کوشتنم لێکرا. ئەوکات دووکانێکی وێنەگرییم هەبوو کە وەک بنکەیەکی حیزبی چاویان لێدەکرد و زۆریان حەول دا ئەو دووکانەم نەمێنێ. هەتا ڕۆژێکی چووم بۆ سەر کار و دووکانم هەڵگرت و هەر کە دەزگاکانم هەڵکرد لەپڕ دەزگاکان تەقینەوە و دووکانەکەم ئاگری گرت و سووتا. لە ئیدارەی بیمە پێیان گوتم کە ناتوانین خەسارەتی دووکانەکەت قەرەبوو بکەینەوە و ئەمە بڕیارێکە لە سەرووترەوە هاتووە. بانگ کرامە ئیتلاعات و بەرپرسی ئیتلاعاتیش دڵنیای کردم و پێی گوتم کە بۆخۆمان ئەو کارەمان کردووە و پێشمان خۆش بێ تەنانەت دەشتکوژین، بۆیە ئاگات لە خۆت و هەڵسوکەوتەکانت بن... لە دوای کۆنگرەی 14، کۆبوونەوەیەکمان بۆ ئەندامان گرتبوو. دە ڕۆژ ڕانەبردبوو کە هەڵیان کوتایە سەر ماڵمان و کتێب و هەموو کەلوپەلە شەخسییەکانمیان لە چەند تەلیس کرد و لەگەڵ خۆیان بە دەست بەستراوەیی بردیانم. لە پاش زیاتر لە سێ مانگ تەحەممولی زۆرترین و قورسترین ئەشکەنجەکان و ئازاردانی ڕووحی و جەستەیی لە زیندانی تاکەکەسیدا درامە زیندانی شاری سنە و دواتر بەڕێی بەندیخانەی قوروە کرام.