کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاریجانی: ئێمە لە ئێران زیندانی سیاسیمان نییە

00:08 - 17 رێبەندان 2718

سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران وێرای ڕەخنە لەو کەسانەی کە داوای ئازاد کردنی زیندانیان سیاسی دەکەن، گوتی: هیچ زیندانییەکی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا بوونی نییە. لاریجانی بەوپەڕی ڕووهەڵمالاویەوە گوتی کە هیچ کەس بە تاوانی ڕەخنەگرتن زیندانی نەکراوە یا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ نەکراوە. ئەو قسانەی لاریجانی لە کاتێکدایە کە بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕن لە زیندانیی سیاسی و رەخنەگران و ناڕازیان و تەنیا لە کاتی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا ٧٠٠٠ کەس زیندانی کراون کە بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی زۆریی زیندانی لە ئێران، بە ساڵی "شەرم" بۆ کۆماری ئیسلامی نێودێر کرا. لە ئێران سەدان کەس بە تۆمەتی دژایەتی و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دروان و هەر لە ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ٣٠ کەس لە زیندانییەکان لەژێر ئەشکەنجە و لێدان دا گیانیان لەدەست داوە. قسەکانی لاریجانی لە کاتێکدایە کە ساڵانە بەهۆی سانسۆر و زیندانی کردنی ڕەخنەگران و نووسەران و کەسانی سیاسی و بێتاوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە مەحکووم دەکرێ و ڕاگەیەندراوی لەسەر دەردەکرێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی " ئیرنا" ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، سادق لاریجانی لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی پلەبەرزیی دادوەرییدا وێڕای ڕەخنەگرتن لەو کەسانەی کە لە بابەت لێبوردنی زیندانیان بە بۆنەی چل ساڵەی ئینقلابی ئێرانەوە دەکەنە سیاسی، ڕایگەیاند کە نزیک بە ٥٠ هەزار کەس بەر لێبوردنی گشتی دەکەون. لاریجانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ هێندێک کەس وێڕای ئەوەی کە ئەو هەنگاوەی کۆماری ئیسلامی بەلاڕیدا دەبەن، باس لە زیندانیان سیاسی دەکەن کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیج کەس بە تاوانی سیاسی بوون بەند نەکراوە.