کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سامانی میکانیزمی دارایی ئێران و ئورووپا تەنیا ٣ هەزار ئێورۆیە

00:13 - 17 رێبەندان 2718

یکانیزمی دارایی لە نێوان ئورووپا و ئەمریکا کە بۆ پاراستنی بەرجام و مانەوەی دوو لایەنە لە ڕێککەوتنی "بەرجام"دا، دوای ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانیی، لە ئاکامدا بە ٣ هەزار ئێورۆ دەستی پێکرد. "ئینستکس" کە ناوی ئەو میکانیزمەیە، بە دانانی چەند شەرتێک لە لایەن ئورووپاییەکانەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاکامەکەی بوو بە سازانی نەوت بەخۆراک، واتە بۆ ئەوەی ئێران دەستی بە پارە ڕانەگا و نەیخاتە خزمەت بەرنامەی چەکی ئەتۆمی، مووشەکی، تێرۆریزم و گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان. ئەوە لە کاتێکدایە کە هاتنەدەری ئەمریکا لە بەرجام و دەسپێکردنەوەی دەوری دووهەمی گەمارۆکان، ئەمریکا گەمارۆی نەخستبوو سەر دەرمان و خۆراک کە پێوەندییان بە ژیانی خەڵکی ئێرانەوە هەیە. شایانی باسە کە ئەم ئیمتیازەش بەستراوەتەوە بە پەسەند کردنی چەند شەرتێکی گرینگ کە قبووڵکردنیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مانای شکستێکی گەورە دێ. سپی کردنەوەی پارە واتە پوولشوویی، وازهێنان لە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، وازهێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانیکردنی تێرۆریزم کە ئەو ڕیژیمە خۆی ماکەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە، چەند شەرتێکی گرینگن کە بەستراونەتەوە بەو میکانیزمەی کە ئاکامەکەی لە نەوت بەخۆراک زیاتر شتێکی دیکەی بۆ ئێران تێدانییە. ئەوە کە ئێران کیسەی بۆ هەڵدرووبوو و ئیدیعای دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێران دەکرد نەک هەر وادەرنەچوو، بەڵکوو ئورووپاییەکان کۆمەڵێک شەرتیان بۆ ئێران داناوە کە جێبەجێکردنیان بۆ ئێران زۆر زەحمەتە و پەسەندکردنی ئەو شەرت و داوکاریانەی ئورووپاییەکان واتە تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئاکامی ئەو میکانیزمە و بەستنەوەی بە شەرت و شرووتەکانی ئورووپا، کێشە و ناکۆکی گەورەی خستۆتە نێو لایەنەکان و کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بێگومان ئەو ناکۆکییانە زیاتر پەرەدەسێنن. گەڵالەی FATF کە تا ئێستا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە قبووڵنەکراوە و هەر دەستاودەستی پێدەکرێ، یەکێک لە ناکۆکییە گرینگەکانی نێو باڵەکانی ڕێژیمە و چارەنووسی ئینستکس بەستراوەتەوە بەقبووڵکردن و قبووڵ نەکردنی ئەو داواکاریانە کە لەو گەڵالەیەدا هاتوون و قبووڵکردنی واتە شکستی کۆماری ئیسلامی و پەسەند نەکردنیشی واتە هاودەست بوونی ئورووپا لە گەڵ ئەمریکا دژی ئێران کە ئەمەش قەیرانێکی گەورەی بۆ ئێران بەدواوە دەبێ.