کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نەوتی ئێران: هیچ کەس خۆی فیدای ئێمە ناکا

20:13 - 17 رێبەندان 2718

"بیژەن زەنگەنە" وەزیری نەوتی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، ڕایگەیاند کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە شەڕی هەشت ساڵە لە گەڵ ئێران دژوارترن و هیچکەس خۆی فیدای ئێمە ناکات. ناوبراو لە پێوەندیی لەگەڵ دەسپێکردنی گەمارۆکان و هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئێران، زۆر بە توندی ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت. ناوبراوگوتی" ئێمە لەگەڵ عێراق مەیدانی نەوتی هابەشمان هەیە، لەگەڵ ئەوەی کە نەوت لە ئێمە ناکڕن، ئامادە نین لە بیرە هاوبەشەکانی وەک "خوڕەمشار و نەفت شار"یش هاوکاریمان بکەن. ئێمە پێش گەمارۆکان یازدەهەزار بەرمیل نەوتمان لە کەرکووکەوە هاوردە دەکرد بەڵام دوای گەمارۆکان عێراقیەکان ئەویشیان بڕی. لە گەڵ ئەوەی کە عێراق دوو میلیارد دۆلاری گاز و بەرقی ئێران قەرزدارە، بەڵام پێمان دەڵێن کە ئێران گەمارۆی لە سەرە و پارەکەمان نادەنێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئێران، زەنگەنە لە کۆنفڕانسێکی هەواڵدەریی لە تاران گوتی: من لە شەڕی داسەپاو تێدەگەم، بەڵام ئەم شەڕە دژوارترە. وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا ئیزنی بە هێندێک دەوڵەت داوە کە بۆ ماوەی کاتی نەوتی ئێران بکڕن، بەڵام ئورووپاییەکان بێجگە لە تورکیە هیچ وڵاتێک نەوتی لێ نەکڕیوین. یونان و ئیتالیا لەو وڵاتانەن کە لە لایەن ئەمریکاوە ئیزنیان پێدراوە نەوت لە ئێران بکڕن بەڵام ئەوانیش لێمان ناکڕن. نازانم بۆ، هیچ وەڵامێکیش نادەنەوە.