کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی رێبەندان

01:22 - 20 رێبەندان 2718

خەڵکی خۆڕاگر و خاوەن هەڵوێستی کوردستان، گەلانی ژێر ستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران چل ساڵ لەوەپێش و لە رۆژی ٢٢ی رێبەندانی١٣٥٧ی هەتاوی دا شۆڕشی پڕشکۆی گەلانی ئێران بە سەر دەسەڵاتی ستەمکارانەی رژیمی پاشایەتی پەهلەویدا سەرکەوت. ئەو شۆڕشە گەورەیە کە بە خوێن و قوربانیی هەزاران کەس لە رۆڵەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتبوو هەر زوو لە لایەن خومەینی و لایەنگرەکانیەوە دەستی بە سەردا گیرا و لەم چل ساڵەدا بە سەپاندنی رژیمێکی دواکەوتوانەی مەزهەبی وڵاتی ئێرانیان بە ئاقارێکدا برد کە هاوشێوەی مەگەر لە دەسەڵاتی سەدەکانی ناوەڕاست و جینایەتەکانی ئەم چەند ساڵەی داعشدادیترا بێ. رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای کارەوە بە مەبەستی قایمکردنی دەسەڵاتی خۆی بە سەپاندنی دۆخێکی ئەمنیەتی بە سەر ئێراندادەستی دایە گرتن و کوشتن و تیرۆر و ئیعدامی ئەندامانی ئەو هێز و لایەنانەی کە وەکوو ئەوان بیریان نەدەکردەوەو لەهەمان کاتدابۆ سەپاندنی زیاتری دەسەڵاتی خۆی تەنانەت دەستی لە کوشتن و ئیعدامی خەڵکی ئاسایی نەپاراست. بەچاو خشاندنێکی سەرپێی بە سەر کارنامەی چل ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەروونی دەردەکەوێ کە ئەم رژیمە هەر لە سەرەتاوە بە کۆ کوژی، داگیرکاری ماڵ و سامانی کاربەدستانی پێشوو و تەنانەت خەڵکی ناڕازی دواتر هێرش بۆ سەر کوردستان و باڵیوێزخانەی ئەمریکا لە تاران ودرێژە دانی شەڕی ویرانکارانەی ئێران و عێراق کە هەشت سالی خایاند وهەناردە کردنی شۆڕش بۆ دەرەوی سنوورەکان وسەرکوتی جیابیران و موخالیفان بە توندترین شێوە، زۆرترین خەساری بە گەلانی ئێران گەیاند. گەلی کورد کە هاوشانی گەلانی دیکە و ئازادیخوازانی ئێران لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو چاوەڕێی ئەوە بوون کە پاش نەمانی دەسەڵاتی پەهلەوی بە مافەکانی خۆی بگا، بەڵام رژیمی تازە بە دەسەڵات گەییشتووی تاران داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانی بە پەلاماری هەمەچەشن و کۆمەڵکوژی و بۆمبارانی شار و وێران کردنی گوندەکانی کوردستان وڵام دایەوە. رژیمی ئیسلامیی تاران لە سەرەتاوە بە فەرمانی خومەینی سەرەڕای هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی رێبەرانی کورد ئاوری شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە کوردستان داگریساند کە هەموو بوارەکانی سیاسی، نیزامی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی گرتەوە و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. لە بواری سیاسیدا لە لایەن دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامییەوە داخوازییەکانی گەلی کورد هیچکات وڵامێکی ئەرێنیی پێ نەدرایەوە و بەسەپاندنی دۆخێکی پادگانی بە سەر کوردستاندا بە درێژایی ئەم چل ساڵە لە هەوڵی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازی لە کوردستاندا بەردەوام بووە. بەڵام ئەم رژیمە سەرەڕای هەموو ئەو گرتن و ئیعدام و تیرۆرە و کۆمەڵکوژییەی کە لە کوردستاندا کردوویەتی هیچکات نەیتوانیوە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی کوردستان لە ناوببات. هەر بۆیە جێی خۆیەتی لەم کاتەدا وێڕای رێز، سڵاو بنێرین بۆ خەباتی نەپساوە و کۆڵنەدەرانەی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی سیاسی ئەم گەلە کە سەرەڕای قوربانی زۆر و تێچووی قورس هێشتا هەر لە سەر خەباتی خۆیان تا گەییشتن بە مافەکانیان پێداگرن. خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان، بێ گومان وەک باس کرا رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی سەرەڕای زاڵ کردنی ئەو دۆخە ئەمنیەتی و پادگانییە بە سەر کوردستاندا هیچکات نەیتوانیوە و ناتوانێ لەو رێگایەوە بزووتنەوەی کوردستان بە چۆکدا بێنێ و تووشی شکستی بکات بەڵام لە هەندێ رێگای دیکەوە لە هەوڵە دزێوەکانی خۆی بەردەوامە کە دەبێ هەموو چین و توێژەکانی کوردستان زۆر بە وریاییەوە رووبەڕووی ببنەوە. یەکێک لەو رێگا دزێوانە ، کە لەم دوایانەدا پتر بەرجەستە بۆتەوە دەست بردنی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ئەو رژیمە بۆ تێکدان و گۆڕینی دێموگرافیای کوردستانە. بە جۆرێک کە کۆماری ئیسلامی جگە لە جێگیرکردنی دەستوپێوەندیەکانی خۆی لە ناوەندە نیزامی و ئینتزامییەکان بە هێنان و ئاسانکاری و دانی ئیمتیازی جۆربەجۆر هانی خەڵکی غەیرە کورد دەدا کە بە هاتنیان بۆ کوردستان موڵک و زەوی و زاری کوردەکان بکڕن و لەوێ نیشتەجێ ببن، هەر بۆیە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان هەر وەکی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا بە خۆراگری توانیوتانە بە گژ پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی دا بچنەوە وپوچەڵیان بکەنەوە چاوەروانی ئەومان هەیە بە یەکگرتووی وتەبایی پیلانەی ئەو جارەی رێژیم بکەنە بڵقی سەرئاو و ئیزن مەدەن لە ژێر ناو وعینوانی جۆراجۆردا دیموگرافی کوردستان بگۆرێ، داوا لە خەڵکی نیشتمان پەروەری کوردستان دەکەین بە هیچ شێوەیەک ماڵ و مڵک و زەوی و زاری خۆیان بە خەڵکی غەیرە کورد نەفرۆشن. هاونیشتمانیانی بەڕێز هەروەک ئاگادارن رژیمی کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری سیاسەتی تێکدەرانەی خۆی و بەتایبەت دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر رووی دزێوی بۆ وڵاتانی جیهان وبەتایبەتی دەوڵەتانی خاوەن بریار دەرکەوتووە، هەر بۆیە رژیمێکی وەها ناتوانێ بەو شێوەیە درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی بدا و پێویستە خەڵکی کوردستان هەر وا خۆڕاگرانە و بە یەکگرتوویی هەر چی زیاترەوە تا گەییشتن بە مافەکانیان درێژە بە خەباتی خۆیان بە دژی کۆماری ئیسلامی بدەن ولە هەموو هەل وفورستی بەردەست کەڵک وەربگرن بۆ دەربرینی نارەزایەتی لە سیاستی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد. ولە هەلومەرجی ئیستادا کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە ئاقاری چارەنوسێکی نادیاردا دەروا داوا لەو کەسانە دەکەین کە بە هەر جۆرێک ولە ژێر هەر ناوێک فریوی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی دوژمنیان خواردوە و دژ بە بزووتنەوەی کوردستان هەڵسوکەوتیان کردوە واز لەو کارە بێنن و بگەڕێنەوە ناو ریزەکانی خەڵکی کوردستان . سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی حەقخوازانەی کوردستان یەکگرتوو و بەرفراوان بێ، خەبات و بەرخۆدان ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٢ی رێبەندانی ١٣٩٧