کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢ی ڕەشەمە لە شاری قوروە

14:52 - 6 رەشەمه 2718

سەرەڕای بەربەستەکانی سەر ڕێی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە شاری قوروە، توانیان ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە لەو شارە هەستیارەدا بەڕێوەببەن. لەو ڕێوڕەسمە‌دا بۆ پتەوکردنی هەستی نەتەوەیی و هەروەها پێکەوە ژیانی گەلانی دیکە لە شاری قوروەو دوروبەری ئەو شارە، تڕاکت بە سێ زمانی کوردی و تورکی و فارسی ئامادە کرابوو، کە بە مەبەستی وەبیرهێنانەوەی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی لە نێو ئامادەبووان بڵاوکرایەوە. بە پێی ڕاپۆڕتی هاونیشتمانییەکی قوروەیی پاش‌نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە لە یەکێک لە هۆڵەکانی ئەو شارە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە هاونیشتمانیان و چالاکانی مەدەنیی شاری قوروە، ڕێوڕەسمی تایبەت بە زمانی دایک و گرینگایەتیی پرسی زمانی دایک بەڕێوەچوو. تابلۆی جوانی ئەو ڕێوڕەسمە خوێندنی سروودی خوایە وەتن ئاواکەی لە لایەن پۆلێک لە کیژۆڵەکان بوو، کە لە لایەن ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. کچ و کوڕانی کوردی پۆش و کوردی نووس بە جل‌وبەرگی کوردی و، وشەی کوردی مەراسمەکەیان زیاتر ڕازاندوە. خوێندنی گۆرانی کوردی و شێعر و بابەتی پێوەندی‌دار بە پرسی زمانی دایک، لە بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوو. شیاوی باسە بە هۆی هەستیاربوونی شاری قوروە لە باری هەڵکەوتووی جوغرافیای و سیاسییەوە، ناوەندە ئەمنییەکان زیاتر کۆسپ لە سەر رێی چالاکان و کەسانی نیشتمانپەروەر ساز دەکەن و تێچووی چالاکییە مەدەنییەکان لە شاری قوروە بە نیسبەت شارەکانی دیکەی کوردستان زیاترە، بەڵام چەند ساڵێکە دڵسۆزانی گەل و نیشتمان بوێرانە و ژیرانە لەو شارەدا درێژەی بە چالاکییە مەدەنییەکان دەدەن و، بەکردنەوەی خولی فێرکردنی زمانی کوردی و، بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە نەتەوەییەکان ، پەرە بە هەستی کوردایەتی دەدەن.