کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندی یەکیەتیی دێموکرات کوردستان‌ لە حیزبی دێموکراتی کوردستان

18:44 - 6 رەشەمه 2718

ڕۆژی دووشەمە ٦ ڕەشەمە، شاندێکی یەکیەتیی دێموکرات کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری ئەو حیزبە، بەڕێز عوسمان جەعفەری سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن بەرێز مستەفا مەولوودی سکرتێری حیزب و شاندی حیزب پێشوازیان لێکرا. سەرەتای ئەو دانیشتنە سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک مستەفا مەولوودی وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان، بە کورتی باسێکی لە پێوەندی حیزبە کوردستانییەکان و پێویستی توندووتۆڵ کردنی ئەو پێوەندییانە، بەتایبەت لە باروودۆخی هەستیاری ئیستای ئێران و کوردستان کرد و تەکیدی لەوە کردەوە کە دەبێ هەموو لایەک بە پێی سەنگ و قورسایی خوی هەوڵ بدات کە شوێندانەر بێ لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان و لە پێناوەدا بەرژەوەندییە تەسک و حیزبییەکان وەلا بنێ. پاشان شاندی میوان وێرای سپاس لە پێشوازی گەرمی کاک مستەفا و هاورێیانی، باسیان لە پێداگری خۆیان لە پتەوکردنی یەکریزی نەتەوەیی و هاوخەباتی حیزب و لایەنەسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تەکیدیان کرد کە تەنیا هاوخەباتی و هاوکاری حیزبەکانە کە دەتوانی گەرەنتی سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی گەلەکەمان بێ. لە درێژەی دانیشتنەکەدا هەر هەر یەک لە بەڕێزان کاک مستەفا مەولوودی و کاک عوسمانی جەعفەری بارودۆخی جیهان و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکانی بەردەمیان هێنایە بەرباس. لەو باسانەدا وێڕای گرینگی دان بە ڕۆڵ و کاریگەری نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، باسی خاڵەلاوازەکانی جووڵانەوەی کورد کرا کە خۆی لە ناتەبایی حیزب و ڕێکخراوەکان و کەڵکوەرنەگرتن لە هەلەکاندا دەبینیتەوە. هەرلەو دانیشتنە دا بەشداربوان راو بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر بابەتەکانی ڕۆژ، بەتایبەت پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ئەو تەنگژیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو خۆ و لەدەرەوەی وڵات لەگەڵی بەرەوڕوویە، هێنایە بە باس. پاش ئەو دانیشتنە کە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند، شاندی دوولایەن تەئکیدیان لەسەر بەردەوامی دانیشتنەکان و هەوڵدان بۆ پتەوکردنی پێوەندییەکانی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکاری زیاتر کردەوە.