کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و زیندانی کردنی هاونیشتمانانی کورد

18:46 - 6 رەشەمه 2718

بەپێی ڕاپۆرتی ناوندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان هاونیشتمانییەک بە ناوی "مەجید تیباش" کوڕی خالید خەلکی دزێی مەرگەوەڕی ورمێ ڕۆژی پێنجی بەفرانبار بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعات کرا. ناوبراو دوای لێپرسینەوە ڕۆژی ٢٧ی بەفرانبار تا کاتی دادگایی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. مەجید تیباش ساڵی ١٣٩١ بەهۆی چالاکیی سیاسی لە زانستگەی عیلمی ورمێ وەدەرنرا و لەم ساڵانەی دواییشدا چەند جارێک دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. بەپێی هەواڵێکی تر ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە "ئومید شامحەممەدی" مامۆستا و چالاکی سینفی لە دادگای سنە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی بە یەک ساڵ زیندانیی حوکم درا. ناوبراو ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەر دەسبەسەر و تا کاتی دادگایی کردنی بە بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەن ئازاد کرابوو. هەر لە پێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەرکران و زیندانیی کردنی هاونیشتمانانی کورددا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەمە سەلاحەددین شەریفزادە لە زیندانی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو ڕۆژی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاویی بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر و دوای دادگاییکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرابوو. هەر هەمان ڕۆژ بەندییەکی دیکەی کورد بە ناوی محەممەد سابیر مووسەوی کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆوە گیرابوو، دوای ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا. ناوبراو باری تەندروستی جێگیر نییە و بە دەست نەخۆشی شێرپەنجەوە گرفتارە. بەپێی هەواڵێکی تر عوسمان سێلەکە خەڵکی شنۆ و ئاکام قادری خەڵکی بۆکان دوای لێپرسینەوە بۆ ماوەی کاتی ئازاد کران. هەروەها چوار چالاکی کرێکاریی بە ناوەکانی شاهۆ سادقی، ئارام محەممەدی، مێهرداد سەبووری و ئومید ئەحمەدی کە ماوەیەک بوو لە کامیاران زیندانی بوون، ئازاد کران.