کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپڵۆماتێکی ئەمریکایی: حیزبوڵڵا بە فەرمانی ئێران لە هەوڵی عەمەلیاتی تێرۆریستی دایە

18:51 - 6 رەشەمه 2718

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە سەردانی ئیسڕائیلی کردووە، حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد کە بۆ خۆشخزمەتی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە فکری دیتنەوەی ڕێگای تازە دایە تا هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل. خانمی " ئاندریا تامپسۆن" جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵی چەک و چؤڵ و ئاسایشی نێونەتەوەیی، ڕایگەیاند کە سەردانی چەند تونێلێکی کردووە کە لە خاکی لوبنانەوە بۆ نێو خاکی ئیسڕائیل لیدراون و بە هەوڵنێرانی گوت : ئەو گرووپە تێرۆریستە کە لە ژێر فەرمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دایە، لە هەوڵی خۆ ئامادەکردن دایە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل. ناوبراو گوتی کە حیزبووڵڵا بەکرێگیراوی حکوومەتی ئێرانە و بەجێی ئێران شەری ئیسڕائیل دەکا. سپای ئیسڕائیل چەند توونێلێکی حیزبووڵڵای لوبنانی ئاشکرا کرد کە ماوەی چوار ساڵە کاریان تێدا دەکرێ و لە لوبنانەوە گەیشتوونە نێو خاکی ئیسڕائیل . حیزبووڵلا بە نیاز بوو لەو توونێلانەوە هێز بنیرێتە نێو خاکی ئیسڕائیل. ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە ئێمە لە سەرەتای دەسبەکربوونی حیزبووڵڵاوە ئاگاداری لێدانی ئەو تونێلانە بووین، بەڵام ویستمان تا کاتی خۆی بە نهێنی بمێنێتەوە. شایانی باسە کە حیزبووڵڵای لوبنان ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بە لەژێر پێنانی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش، زیاتر لە سەدهەزار مووشەک و ڕاکێت و خومپارەیان لە ئێران وەرگرتوە.