کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"گوڵی وڵاتی بەفر" ، دوا بەرهەمی شەهید سوهەیلا قادری پەردەی لە سەر لادرا

03:33 - 7 رەشەمه 2718

لە کۆڕیادێکدا کە بە بۆنەی شاعیری پێشمەرگە، شەهید سوهەیلا قادری لە شاری کۆیە بەڕێوەچوو، دوا بەرهەمی ئەو شاعیرە تێکۆشەرە، کەوتە بەردیدی خوێنەران. پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاویی لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە ژێر ناوی" لە گەرە دێیەوە تا کەناری مەزارگەی دڵدار" کە بە هاوکاری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و سەنتەری گەنجانی شاری کۆیە سازدرا بوو، یەکێکی دیکە لە بەرهەمە شێعرییەکانی شەهید سوهەیلا قادری سکرتێری پێشووی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بڵاوکرایەوە. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە پاش ماڕشی ئەی ڕەقیب و ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی قەڵای دێموکرات، بەڕێز دیدەوان یەعقووب شاعێر و دۆستی لە مێژینەی حیزبی دێموکرات، کورتەییەکی لە سەر ئەو کۆڕیادە پێشکەش کرد و، بەڕێزەوە یادی شەهید سوهەیلا قادری وەکوو ژنە تێکۆشەرێکی چالاک لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە. دوای ئەو مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە تێکۆشەری دێرینی دێموکرات و کەسایەتیی ناوداری کورد، لە سەر سەربردەی خاتوو سوهەیلا قادری چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێزیان بە ئاوردانەوەیەک لە بنەماڵەی شۆڕشگێڕی شەهید سوهەیلاقادری باسی لە قوناخەکانی ژیانی ئەو ژنە خەباتکارە کرد. ناوبراو گوتی ؛ "ڕاستە سوهەیلا بەهۆی تێکەڵبوونی بنەماڵەکەی بە خەبات و تێکۆشان نەیتوانی وەکوو منداڵێکی ئاسایی ڕەوتی ژیان و، درێژەدان بە خوێندن بپێوێت، بەڵام بە لێهاتوویی خۆی بۆ بە ژنێکە بەتوانا و کارامە لە چەند بواری جیاجیادا. سوهەیلا قادری لە مەکتەبی خەبات و قوتابخانەی شۆڕش‌دا پەروەردە کرا و، هەربۆیەش لە پەروەردە و بارهێنانی منداڵانی دیکەی دێموکرات جێی‌پەنجەی دیارە". مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لە درێژەی قسەکانی‌دا بە ئاماژەدان بە سەرجەم شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، باسی لە چالاک‌بوون و لێهاتوویی مامۆستا نەسرین حەدداد و خاتوو سوهەیلا قادری کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو شلێر مەحموودی سکرتێری نوێی یەکیەتیی ژنان خوێندرایەوە. لە پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە ڕێزگرتن لە شەهیدانی قەڵای دێموکرات، بە تایبەتی دوو ژنە لێهاتووی نێو ڕیزەکانی خەبات، شەهیدان مامۆستا نەسرین و سوهەیلا قادری وەکوو دوو سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان باس لە پێگەی شەهید سوهەیلا لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها ڕەهەندە جۆراجۆرەکانی تێکۆشانی کرا بوو. لە بڕگەیەکی دیکە‌دا ژیاننامەی شەهید سوهەیلا قادری بۆ بەشداران خوێندرایەوە. پاشان کاک ئەحمەد قادری شاعیر و نووسەری نێو رێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ یادی شەهید سوهەیلا شیعرێکی پێشکەش بەو کۆڕیادە کرد. خوێندنی دوو سروودی شٶڕشگێڕانە بە هاوکاریی کۆڕی میووزیکی سەنتەری گەنجانی کۆیە و، گرووپی سروودی یەکیەتیی ژیانی دێموکراتی کوردستان لە بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون. لە درێژەی کۆڕیادی شەهید سوهەیلا قادری فیلمێکی دێکیۆمێنتی کە لە پێوەندی لە گەڵ لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەری شەهید سوهەیلا ئامادە کرا بوو، نواندرا. دوا بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمە تەرخان کرابوو بە دابەشکردنی کۆمەڵە شێعری "گوڵی وڵاتی بەفر" لە نووسینی شەهید سوهەیلا قادری لە نێوان ئامادەبووانی ئەو کۆڕیادەدا. شیاوی باسە جیا لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەشێکی بەرچاو لە چالاکان و هەڵسوڕاوانی شاری کۆیە بە نیشانەی وەفا، لەو ڕێوڕەسمە‌دا بەشدارییان کرد.