کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوهەڵوێستیی وڵاتانی جیهان بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران

19:20 - 7 رەشەمه 2718

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەمە، مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا پێشوازیی لە بڕیاری دەوڵەتی بریتانیا کرد لە پێوەندیی لەگەڵ حیزبووڵای لوبناندا. دەوڵەتی بریتانیا بە بڕیاریک حیزبوڵڵای لوبنانی خستە نێو لێستی تێرۆرەوە. پۆمپئۆ لە تویتەکەیدا نووسیویەتی کە یەکیەتی جیهانیی بۆ دژایەتی ڕێژیمی ئێران لە زیادبووندایە. پۆمپئۆ لە درێژەی تویتەکەیدا سپاسی دەوڵەتی بریتانیا دەکا کە گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵای لوبنانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستۆتە لیستی تێرۆرەوە. گرووپێکی تێرۆریستی کە دەستی بەخوێنی ئەمریکاییەکان سوورە و خەریکی نەخشە و پیلانە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست، ئورووپا و وڵاتانی دیکەی جیهان. ساجد جاوید وەزیری نیوخۆی بریتانیا ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵای لوبنان دەخاتە نێو لیستی تێرۆرەوە بە هۆی ئەوەی کە ئەو گرووپە لە هەوڵە ئاژاوەگێڕیەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە و ئەوەش بۆ دەوڵەتی بریتانیا جێگەی قبووڵکردن نییە. حیزبووڵای لوبنان یەکێک لەو گرووپە تێرۆریستیانەیە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیی لێدەکرێ و پارە و سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران دەخاتە خزمەت ئەو گرووپەوە. حیزبووڵڵای لوبنان بە نوێنەرایەتی ئێران شەڕی ئیسڕائیل دەکا و لە هەوڵی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە و پیلانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجی دەکا. شایانی باسە کە تێرۆریستە جینایەتکارەکانی ئەو گرووپە بە بڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تێرۆر کردنی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بەشدار بوون کە لە لایەن دادگای ئاڵمانەوە حوکم دران و ڕیسواییەکی گەورەیان بە نەسیب گرووپە تێرۆریستییەکەیان کرد.