کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی بەشار ئەسەد و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

19:41 - 7 رەشەمه 2718

ڕۆژی دووشەممە ٦ی رەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاویی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریە سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران و چەند کەس لە کاربەدەستانی ئێرانی دیدار و گفتوگۆی کرد. گفتوگۆی دوولایەن بێجگە لەو کۆبوونەوانەی کە بە میدیایی نەکراون زۆرتر باسی پێوەندیی دوو لایەنە و شەڕی سووریە و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە بەشار ئەسەد و ئاوەدانکردنەوەی دووبارەی سووریە بوو. ئەوەی لەو کۆبوونەوەدا سەرنجی هەموو لایەکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بوو بە باسی مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداریی قاسم سلێمانی بوو لە دوو کۆبوونەوەی نێوان ئەسەد و خامەنەیی و ڕوحانی و بەشداریی نەکردنی محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و کاربەدەستانی وەزارەتەکەی . هەر دوابەدوای ئەو چاوپیکەوتنە و بڵاوبوونەوەی وێنەی کۆبۆنەوەکە، جەواد زەریف بە نووسراوەی ڕەسمی دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و ئەو هەڵوێستەش کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا. عەلی خامنەیی بەشار ئەسەدی بە قارەمانی عەڕەب ناوبرد و بەڵینی پێدا کە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ حکوومەتەکەی هەروا درێژەی دەبێ. لە سەرەتای ڕاپەڕینی خەڵکی سووریە تا ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی مانەوەی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بووە کە لە پێناو مانەوەی ناوبراودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی لە کوشتن و قەتڵی عامی سەدان هەزار کەس لە ژن و منال و گەنج و پیری بێتاوانی سووریە دا هەیە. خامنەیی جینایەتکارێک بە قارەمانی عەڕە ب نێودێر دەکا کە دەستی بە خوێنی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی سووربووە. لە پێناو مانەوەی خۆیدا وڵاتێکی کاول و وێران کردووە و چەند میلیۆن کەسی ئاوارە و پەڕیوەی هەندەران کردووە. دیارە خامنەیی و دەوڵەتەکەی هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەکرێ چونکە خۆی و حکوومەتەکەشی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا دەستی بە خوێنی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران سوور بووە. لەگەڵ ئەوەی کە گەلانی ئێران دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن لە سووریە و بەکوشتدانی ڕۆڵەکانی خەڵکی ئێران، لەکاتێکدا کە خەڵکی ئێران لەگەڵ برسیەتی و بێکاری و نەهامەتی بەرەوڕوون و خەڵکێکی زۆر بێ ماڵ و سەرپەنان، خامنەیی و کاربەدەستانی ڕێژیم خەریکی ئاوەدان کردنەوەی وڵاتی سووریەن. ئەوان بەجێی ئەوەی کە بیر لە ژیان و گوزەرانی خەلکی ئێران بکەنەوە، لەبیری ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکدان کە هەر خۆیان بوونە هۆی وێرانیی وڵاتەکەیان.